ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری، دوای چه‌ند ساڵێك له كۆتایی داعش جارێكی‌تر دادگا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ شنگال، به ئامانجی كارئاسانی له راییكردنی مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵك به تایبه‌ت هاوسه‌رگیری و دۆسیه‌كانی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌دا.
بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه‌دا و به فه‌رمی، دادگای شنگال دوای داخرانی بۆ چه‌ند ساڵێك ده‌ستبه‌كاره‌كانی بكاته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی روخانی باڵهخانهكهیانهوه، له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵدا به كاتی جێگیرده‌كرێن.
سه‌میر عه‌دنان، ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایی له نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای هه‌وڵێكی زۆر له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ناوچه‌كه و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و دادگای نه‌ینه‌وا، بڕیاردرا دادگای گشتی شنگال به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌نێو فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵدا بكرێته‌وه".
به‌وته‌ی ئه‌و لێپرسراوه، له‌م هه‌فته‌یه‌دا دادگاكه ده‌كرێته‌وه و خه‌ڵك ده‌توانن بۆ مامه‌ڵه‌كانی وه‌ك هاوسه‌رگیری، خانوبه‌ره و قه‌ره‌بوكردنه‌وه سه‌ردانی بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچاربن بچنه موسڵ و ناوچه‌كانی تر.
چاوه‌ڕێین ته‌واوی فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌ش بۆ شنگال بگه‌ڕێنه‌وه
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، له ئابی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و له كۆتایی 2015دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه، به‌ڵام هێشتا زۆرینه‌ی فه‌رمانگه و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به وه‌كاله‌ت به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی دادگای شنگال ته‌واو بووه و سه‌دا 100 له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌كرێته‌وه".
سه‌ره‌تا دادگاكه له نێو فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵدا ده‌ستبه‌كارده‌بن، به‌وته‌ی قایمقام، ئه‌وه‌ش به كاتییه و چوار ژووریان بۆ ته‌رخانكراوه، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه پێنج فه‌رمانبه‌ری دادگاكه و دادوه‌رێكدا بۆ قه‌زاكه.
فه‌هد حامد ده‌ڵێت له هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌دا باڵه‌خانه‌ی دادگای شنگال خاپور بووه و هێشتا نۆژهننهكراوهتهوه.
به‌پێی ئاماره‌كانی قایمقامیه‌تی شنگال، له دوای كۆتاییی داعشه‌وه له قه‌زاكه‌دا، له كۆی 12 فه‌رمانگه و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت، ته‌نیا چوار فه‌رمانگه گه‌ڕاونه‌ته‌وه و كاره‌كانیان ده‌ستپێكردۆته‌وه.
"كردنه‌وه‌ی دادگاكه به‌رهه‌مێكی سه‌ردانی شاندی قه‌زاكه‌یه بۆ لای پارێزگاری نه‌ینه‌وا و داواكارییه‌كی سه‌ره‌كی بوو، بۆیه هیوادارین ورده‌ورده، داواكارییه‌كان دیكه‌ش بێنه به‌رهه‌م و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ته‌واوی فه‌رمانگه حكومییه‌كان جارێكی‌تر بكرێنه‌وه" قایمقامی شنگال وای وت.