یه‌كجار هاتوچۆكردن له موسڵه‌وه تا تا به‌غدا، به پێچه‌وانه‌شه‌وه، چه‌ندینجار روبه‌ڕوی مه‌رگت ده‌كاته‌وه، به‌هۆی چاڵ و شوێنه‌واری زۆری شه‌ڕه‌وه له‌و رێگا سه‌ره‌كییه‌دا.
درێژی رێگاكه 465 كیلۆمه‌تره، دوای چه‌ند ساڵێك له كۆتایی داعش، هێشتا چاڵ و شوێنی بۆردومانه‌كانیش به‌شێكیان پڕنه‌كراونه‌ته‌وه.
"هه‌ر كه‌سێك به‌و رێگایه‌دا هاتوچۆ بكات و سه‌لامه‌ت ده‌ربچێت، ئه‌وا پێویسته نوێژی شوكرانه بكات، چونكه له مه‌ترسی و مه‌رگ گه‌ڕاوه‌ته‌وه" دوره‌ید ركابی (53 ساڵ) وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه كه بۆ مامه‌ڵه‌ی خانه‌نشینی چۆته به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانی رێگاكه‌ی چه‌شتووه، بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد له ئۆتۆمبێلێكی جۆری جی ئێم سی-دا بووه، شۆفێره‌كه زیاد له جارێك لایداوه‌ته سه‌ر گڵ و له رێگاكه ده‌رچووه، جگه له‌وه‌ی جارێك به پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌وه رۆیشتووه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له چاڵه‌كانی ئه‌و رێگایه لابدات.
"به درێژایی رێگاكه دڵمان به توندی لێی ده‌دا له ترسی روداوی هاتوچۆ و وه‌رگه‌ڕان".
ركابی ده‌ڵێت رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ش له به‌غداوه بۆ موسڵ، ئه‌وه‌نده‌ی تر مه‌ترسیدار بووه، هه‌ر له‌و رێگایه‌دا دوو ئۆتۆمبێل پێكیاندادابوو، كاتێك ویستبویان خۆیان له چاڵێك لابده‌ن.
جگه له بۆردومان و شوێنه‌واری شه‌ڕی توندی دژ به داعش له‌و رێگایه‌دا، خودی ئه‌و رێكخراوه بۆ رێگری له پێشڕه‌وی هێزه عیراقییه‌كان، رێگای سه‌ره‌كی نێوان موسڵ و به‌غدا تێكدا، به دروستكردنی چاڵ و هه‌ڵكه‌ندی قیره‌كه.
"چاڵه‌كانی رێگای به‌غدا و موسڵ به‌راستی كوشنده و مه‌ترسیدارن، به‌هۆیه‌وه روداوی زۆر روده‌ده‌ن، دوایینیان 25ی كانونی دوه‌می 2020 بوو، كاتێك ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر ویستویه‌تی خۆی له چاڵێك لابدات، له‌وكاته‌دا تانكه‌رێكی نه‌وتهه‌ڵگر پێداكێشاوه، یه‌كێك له سه‌رنشینانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ش گیانی له‌ده‌ستدا" به‌وته‌ی قاسم عه‌لی.
ئه‌و شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی جۆری دۆج چارچه‌ر-ه و 15 ساڵ هاتوچۆی ئه‌و رێگایه ده‌كات، بۆ گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له نێوان موسڵ و به‌غدا، "سه‌دان روداوم له‌و رێگایه‌دا بینیوه، له‌م ماوه‌یه‌دا رێگاكه ئه‌وه‌نده‌ی تر خراپ بووه و به‌هۆی شه‌ڕه‌وه زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه، تائێستاش چاكنه‌كراونه‌ته‌وه" قاسم بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
له‌شه‌ڕی سێ ساڵه‌ی هێزه عیراقییه‌كان به‌رانبه‌ر داعش، رێگه‌وبانه‌كانی سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا به رێژه‌ی له سه‌دا 90 زیانیان به‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی شاره‌وانی موسڵ.
"روبه‌ری زیانلێكه‌وتوو له رێگه‌ی نێوان موسڵ و به‌غدا ده‌وروبه‌ری 45 هه‌زار مه‌ترچوارگۆشه‌یه، ئه‌وه‌ش له كۆتایی سنوری شاره‌وانی موسڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا سنوری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین" مه‌روان عه‌بدولره‌زاق، لێپرسراوی راگه‌یاندنی رێگه‌وبان و پرده‌كان له نه‌ینه‌وا واده‌ڵێت.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی به (كه‌ركوك ناو) وت؛ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌رپرسیاری دواكه‌وتنی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی رێگهوبانهكانه، كه له قه‌رزی ئه‌ڵمانی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه كۆنتڕۆڵكراوه‌كان بودجه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه ئه‌و قه‌رزه‌ش دواكه‌وتووه.
به‌وته‌ی مه‌روان به پێدانی ئه‌و قه‌رزه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌رفه‌تی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی 90 كیلۆمه‌تر رێگای زیانلێكه‌وتوو هه‌یه.
به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی عیراق، ساڵی 2018 له ته‌واوی وڵات‌دا به‌بێ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، نۆ هه‌زار و 852 روداوی هاتوچۆ تۆماركراون، كه سه‌دا 25ی كوشنده بووه و زۆرینه‌ش له رێگای خێرادا بووه، به‌هۆشه‌وه دوو هه‌زار و 767 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه، زیاتر له 10 هه‌زار هاوڵاتیش برینداربون.
تائێستا ئاماره فه‌رمییه‌كانی 2019 بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، ته‌نیا ئاماژه به زیادبونی روداوه‌كان كراوه له 2018دا به‌راورد به 2017، كه له‌و ساڵه‌دا كه‌متر له نۆ هه‌زار روداو هه‌بووه، دوو هه‌زار و 621 كه‌سیش گیانیانله‌ده‌ستداوه.
"وه‌ك مه‌ندوبی چه‌ند به‌رهه‌مێك كارده‌كه‌م كه نوسینگه‌ی له به‌غدایه، به‌ڵام به‌رهه‌مه‌كان به رێگه‌ی ئینته‌رنێت له موسڵ ده‌فرۆشین، بۆیه هاتوچۆی ئه‌و رێگایه زۆر ده‌كه‌م و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنم به میحوه‌ری باشوری موسڵ، ده‌ترسم و خێراییشم كه‌مده‌كه‌مه‌وه، نه‌وه‌ك به‌هۆی روداوێكه‌وه خۆم یان كه‌سی تر تیابچن" یه‌زن عه‌بدوڵا وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه به (كه‌ركوك ناو)ی وت رێگه‌ی سه‌ره‌كی هاتوچۆ، به تایبه‌ت له گه‌یاره و باشوری موسڵه‌وه، زیاتر له 400 چاڵ و هه‌ڵكه‌ندنی تێدایه به درێژایی چه‌ندین كیلۆمه‌تر، كه قوڵایی هه‌ندێك له چاڵه‌كان زیاتر له دوو مه‌تره و ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێلی تێبكهوت، به دڵنیاییه‌وه خه‌ڵكی تێدا ده‌بێته قوربانی.
به‌شێك له خه‌ڵكی موسڵ، له‌گه‌ڵ خراپی رێگاكه‌دا، گله‌ییان له‌وه‌ش هه‌یه هێماكانی هاتوچۆ له زۆربه‌ی رێگه ده‌ره‌كییه‌كاندا نابینرێت.
نه‌قیب عه‌بدولحه‌مید ئه‌حمه‌د، ئه‌فسه‌ر له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت راسته هیچ روانككهرهوهیان له‌و رێگایانه‌دا نیه، به‌ڵام شۆفێرانی بارهه‌ڵگریش پابه‌ندی رێنماییه‌كان نابن، هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكارێكه بۆ روداوه‌كان.
نه‌قیب عه‌بدولحه‌مید به (كه‌ركوك ناو)ی وت كه به چه‌ند هۆكارێك ده‌توانن روداوه‌كانی هاتوچۆ كه‌مبكه‌نه‌وه، ئه‌وانیش چاككردنه‌وه‌ی رێگه‌وبان، دانانی هه‌موو پێداویستییه‌كانی ئاگاداركردنه‌وه و جێبه‌جێكردنی رێنمانییهكانی هاتوچۆیه.
چه‌كدارانی داعش به حه‌فاره چه‌ندین چاڵی گه‌وره‌یان له رێگای سه‌ره‌كی به‌غدا و موسڵ هه‌ڵكه‌ندووه تا رێگری له ده‌بابه و ئۆتۆمبێلی تری سه‌ربازی بكه‌ن.
نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی رێگای موسڵ و به‌غدا له چوارچێوه‌ی پرۆژه ستراتیژییه گرنگهكاندایه كه له رۆژانی ئاینده‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه".
به‌وته‌ی پارێزگار، به‌ڵێنده‌رانی پرۆژه‌كانیش راسپێردراون، له‌كاتی كاركردندا هێما و ئاگاداركردنه‌وه دابنێن، تا خه‌ڵك به‌هۆی چاڵ و شوێنی كاركردنی پرۆژه‌كانه‌وه زیانی پێنه‌گات و تووشی هیچ روداوێك نه‌بن.