12 گوند بە تەواوی لە خانەقین چۆڵدەكرێن

دیالە/ هاوینی 2019/ گوندی مەردان لە خانەقین بە تەواوی چۆڵكرا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

لەیلا ئەحمەد - خانەقین

لە قەزای خانەقین 12 گوند بە تەواوی چۆڵكراون و چەند گوندێكی تریش زۆرینەی دانیشتوانەكەی موڵك و باخەكانیان جێهێشتووە. ئەوەش بەهۆی هەڕەشەی چەكدارانی نەناسراو كە گوندنشینان و ئیدارەی خانەقین بە داعش وێنایان دەكەن.

ئەو هەڵمەتی چۆڵكردنی گوندە كە لە دوای گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك و پاشەكشێی پێشمەرگە دەستیپێكردووە، لە ئێستادا بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە نزیكەی 300 خێزان ئاوارەبون.

ئیدریس عەلی، دواین كەس بوو دوو ساڵ لەمەوبەر گوندەكەی لە خانەقین چۆڵكرد، دوای ئەوەی 20 خێزان كە سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی بون، گوندەكەیان چۆڵكرد.

ئەو وتی "نەماندەتوانی بمێنینەوە، بەردەوام هێرشدەكرایە سەرمان و روبەڕوی رفاندن و تۆقاندن بوینەوە... باخ و زەوییە كشتوكاڵییەكانمان سوتێنران، بۆیە ناچاربوین چۆڵی بكەین".

نەماندەتوانی بمێنینەوە، بەردەوام هێرشدەكرایە سەرمان و روبەڕوی رفاندن و تۆقاندن بوینەوە

ئێستا ئیدریس لە گەرمیان كرێچییە و ناتوانێت بگەڕێتەوە گوندەكەی (سیلوەنی). وەك خۆی دەڵێت "ناتوانم بە تەنیا بەرگری بكەم و گوندەكە بپارێزم".

بۆیە ئەو بۆ گەڕانەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەكات بۆ ناوچەكانی جێناكۆك.

ئیدریس دەڵێت چۆڵكردنی گوندەكەی زیانی 120 ملیۆن دیناری لێداوە و هیچ لایەنێك نییە قەرەبوی بكاتەوە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو كە چۆڵكردنی گوندەكان دەستیپێكردووە، دەیان كەس روبەڕوی كوشتن و رفاندن بونەتەوە و چەندین گوند هێرشی چەكداریی كراوەتە سەریان.

بەپێی ئامارێكی ئیدارەی قەزای خانەقین كە دراوە بە (كەركوك ناو)، 12 گوندی كوردنشین بە تەواوی چۆڵكراون، خەڵكەكەی باخ و زەوییەكانیان جێهێشتووە و ژماریەك گوندی تر بەرەو چۆڵبون دەچن.

سۆران عەلى حەسەن، سەرۆکى شارەوانى خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "باخ و پاوەنەكانی گوندنشینان  بەتەواوی سوتێنران و بەهۆیەوە نەیانتوانی كاری كشتوكاڵیی و ئاژەڵداریی بكەن".

xanaqin.mardan2
دیالە/ هاوینی 2019/ گوندی مەردان لە خانەقین دوای چۆڵكردنی فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

زۆرینەی ئەو گوندنشینانە ئاوارەی خانەقین بون، ئەوانی تر بەرەو ناوچەكانی تر بەتایبەت گەرمیان كۆچییان كردووە، وەك شارەوانی خانەقین ئاماژەی بۆ دەكات.

"چۆڵكردنی ئەو گوندانە جگە لەوەی زیانی بە گوندنشینان گەیاندووە، زیانێكی زۆری بۆ خەڵكی خانەقینیش هەبووە، چونكە ئەوان سەرچاوەی بەرهەمە كشتوكاڵیی و ئاژەڵدارییەكانی قەزاكە بون".

سەرۆكی شارەوانی، پێیوایە چارەسەر ئەوەیە پێشمەرگە بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە، "کشانەوەى پێشمەرگە بۆشاییەکى گەورەی دروستكردووە و بۆتەهۆی چالاكبونی چەكدارانی داعش... ئەو بۆشاییە بە هێزەكانی تر پڕناكرێتەوە".

کشانەوەى پێشمەرگە بۆشاییەکى گەورەی دروستكردووە و بۆتەهۆی چالاكبونی چەكدارانی داعش

لوقمان محەمەد، مامۆستای خوێندنگەی گوندی تەپەسپی بوو لە خانەقین و ئێستا ئاوارەی كەلار بووە، وتی "هەموو رۆژێك هێرشدەكرایە سەر گوندەكان و خەڵك روبەڕوی ترس و دڵەڕاوكێ دەبونەوە، بۆیە باشتر بوو چۆڵی بكەین". زیاتر وتی "تەنانەت منداڵێكی گوندەكەیان رفاند و بە نۆ دەفتەر دۆلار ئازادیان كرد".

تەنیا لە گوندەكەی لوقمان 25 خێزان ئاوارەبون و هیچ ئومێدێكیش نییە بۆ گەڕانەوەیان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT