له سوتانی كێڵگه‌یه‌كی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵدا له خانه‌قین، نزیكه‌ی 60 گامێش و مه‌ڕ له‌ناوچون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی هێرشێكی چه‌كدارییه‌وه بۆ گوندێكی ناوچه‌ی گڵه‌ی.
له سنوری قه‌زای خانه‌قین، ته‌نیا له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا دوو روداوی جیاوازی هێرشی چه‌كداری و ته‌قینه‌وه تۆماركراون، كه به‌هۆیه‌وه زیانی گیانی و ماددی به‌ر خه‌ڵك كه‌وتۆته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له سوپای عیراق كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "شه‌وی رابردوو، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار كه پێده‌چێت داعش بن، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر گوندی عه‌لی سه‌باهی له ناوچه‌ی گڵه‌ی له خانه‌قین".
"له‌و هێرشه‌دا، چەکدارەکان شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵیان سوتاندووە، نزیكه‌ی 60 گامێژ و سەر مەڕیان لە ناوبردووە، بەڵام ھیچ هاوڵاتییه‌ك زیانی پێنه‌گه‌یشتووه له روداوه‌كه‌دا" به‌پێی سه‌رچاوه‌كه.
ئه‌و گونده‌ی هێرشیكراوهتهسهر، نزیكه له پردی حەلوان لە نزیک چەمی روباری ئەڵوەن، پێشتریش چەند جارێک بۆته ئامانجی چه‌كدارانی نه‌ناسراو.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، روداوه‌كانی ئه‌یلول كه‌میكردووه به‌راورد به مانگی پێشوو، كه چه‌ندین روداوی تێدا تۆماركرا.
هه‌ر دوێنێ هه‌ینی 20ی ئه‌یلول، له ناوچه‌ی شێخ باوە لە باکوری ناحیەی جەلەولا له خانه‌قین، دوو بۆمبی چێنراو تەقییەوە.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئیداره‌ی ناحیه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و دوو بۆمبه لە گێڵگە کشتوکاڵییەکانی شێخ باوە لە نزیک گوندی ئیسڵاح ته‌قیونه‌ته‌وه به تراكتۆری جوتیاراندا و به‌هۆیه‌وه دوو جوتیار برینداربون".
له مانگی رابردودا، ده‌یان روداو له هێرشی چه‌كداریی و بۆردومان و ته‌قینه‌وه له سنوری خانه‌قین رویاندا، به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كوژران و برینداربون، ئه‌وه‌ش دوای ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رفراوانی هێزه عیراقییه‌كان هات له پارێزگای دیاله.
له دوای 2003وه دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.