یەبەشە: شنگال جێناهێڵین و بارەگاكانمان چۆڵناكەین

نه‌ینه‌وا، 2017، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) له‌ قه‌زاكه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

عەمار عەزیز – شنگال

یه‌کینه‌کانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، رەتیدەكاتەوە هیچ بارەگایەكیان لە شنگال چۆڵكردبێت و جەختدەكەنەوە لەوەی تەنیا هەندێك گۆڕانكارییان كردووە، ئەوەشی بە شتێكی ئاسایی ناوبرد.

دژوار فه‌قیر، فه‌رمانده‌یه‌کی ئەو هێزه، بە (كەركوك ناو)ی وت "هه‌ر کاتێک ‌پێویست بكات گۆڕانکاریی له‌نێو خۆماندا ده‌که‌ین و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک باره‌گاکانمان چوڵنه‌کردووه، گۆڕانكارییەكانیش شتێكی ئاسایین و پەیوەندی بە بۆردومانەكانی توركیاوە نییە".

دژوار جەختیكردەوە "هه‌تا ماوین له‌ژیان به‌رده‌وام ده‌بین لەسه‌ر خه‌باتی خۆمان و شنگال چوڵناکه‌ین".

هه‌تا ماوین له‌ژیان شنگال چوڵناکه‌ین

چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەوە هەیە هێزه‌کانی یه‌کینه‌کانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، ژمارەیەك بارەگایان لە شنگال چۆڵكردووە، ئەوەش بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە.

قاسم دربۆ، كە فه‌رمانده‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ میحوەری شنگال به ‌(که‌رکوک ناو)ی وت  "هێزه‌کانی یه‌به‌شه‌ له‌دوای کوژرانی فه‌رمانده‌یه‌ک و چەند شەڕڤانێكیان بە بۆردومانی توركیا، ژماره‌یه‌ک گۆڕانکارییان کردووه‌ له‌وانه‌ به‌شێکی زۆری هێزه‌کانیان له‌ نێو باره‌گاکانیان گواستۆتەوە بۆ ده‌ره‌وه‌ی باره‌گانیان، هاتۆچۆیان له‌ناو شنگال كەمكردۆتەوە".

بەڵام دژوار وتی "ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی خۆمان که‌م یان زیاد بکه‌ین ئه‌وه‌ شتێکی تایبه‌ت به‌ خۆمانە و له‌به‌ر ترسی داگیرکه‌ری تورکیا نییه‌، ئێمه‌ له‌ ئه‌وان ناترسین له‌ دوای هه‌ر بۆردومانێکی تورکیا به‌هێزترده‌بین، له‌سه‌ربه‌رنامه‌ی خۆمان به‌رده‌وام دەبین ئه‌ویش پاراستنی خاکی شنگال و هاوڵاتییانی ئێزیدییه"‌ .

borduman shngal
نه‌ینه‌وا، 15ی كانونی دوه‌می 2020، شوێنه‌واری بۆردومانی توركیا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دوگرێ له‌ ناحیه‌ی سنونێی قه‌زای شنگال فۆتۆ: رۆژنیوز

 

یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه‌) و ژمارەیەك هێزی تری نزیك لە پەكەكە، لە ساڵی 2015 لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری جێگیربون و پێكهێنران، ئەوەش دوای هێرشی داعش بۆ ئەو قەزایە و بە ئامانجگرتنی ئێزیدییەكان.

هەرچەندە له‌ ساڵی 2018دا بەشێكیان له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی قه‌زای شنگال به‌ره‌و سوریا كشانه‌وه‌، به‌پێی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تیی عیراقی. بەڵام بەشێكی یەبەشە هێشتا ماونەتەوە و مۆلەتی مانەوەی حكومەتی عیراقیان پێدراوە.

لە 15ی كانونی دووەم، زەردەشت شنگالی، فه‌رمانده‌ی گشتی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال و سێ شەڕڤانی تر گیانیانلەدەستدا كە هەر چواریان ئێزیدین. ئەوەش بەهۆی بۆردومانی بارەگایەكیان لەلایەن توركیاوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT