چەكدارانی نەناسراو دوو برایان لە ناوچەی داودە لەنێوان هەردوو قەزای كفری – دوزخورماتوو رفاند و هاوژین و منداڵەكانیان لەسەر رێگاكە جێهێشت. ئەوەش دووەم حاڵەتی رفاندنە لە ماوەی 48 كاتژمێردا.
ئەو روداوە، كاتژمێر 7ی ئێوارەی شەممە رویدا، كاتێك ئەو دوو برایە و هاوژین و منداڵەكانیان لە گوندەكەیانەوە لە ناوچەی داودە بەرەو قەزای كفری دەگەڕانەوە.
گۆران بورهان پورزای رفێنراوهکان، بە (كەركوك ناو)ی وت "کوڕە خاڵهکانم به خێزانەكان و منداڵهکانیانهوه بۆ سهردانی زهویوزارهکانیان چوبونە ناوچهى داودە و لهکاتى گهڕانهوهیان له نێوان گوندى ناڵه شکێنه و دوراجی، سێ ئۆتۆمبێل رێگەیان لێدەگرن و دایاندەبەزێنن".
لهکاتى گهڕانهوهیان له نێوان گوندى ناڵه شکێنه و دوراجی، سێ ئۆتۆمبێل رێگەیان لێدەگرن و دایاندەبەزێنن
زیاتر وتی "هاوژین و دوو منداڵەكەیان لەسەر شەقامەكە ئازاد كردووە و هەردوو كوڕە خاڵەكەمیان رفاندووە و نازانین چارەنوسیان چییە؟".
هێمن جهلال عیسا (34 ساڵ)و قانع جهلال عیسا (32 ساڵ) دوو برا رفێنراوەكە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتا پیكاب دەبڵ-یان پێبووە و چەكدارەكان ئۆتۆمبێلەكەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
بەپێی هاوژینەكانیان كە چیرۆكەكەیان بۆ كەسوكاریان گێڕاوەتەوە، چەكدارەكان سێ ئۆتۆمبێلی جۆری توێتا پیكاب دەبڵ-یان پێبووە و بە زمانەكانی عەرەبی، كوردی و توركمانی قسەیان كردووە. وەك گۆران بورهان جەختیلێكردەوە.
گۆران وتی "چەكدارەكان نزیكەی 15 كەس بون و داعش بون".
ئەو دوو برایە ماڵیان لە قەزای كفری-یە سەر بە ئیدارەی گەرمیان. كفری یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق.
هێمن و قانع، خۆیان کهسوكارى ئهنفالن و چوار برا و باوکیان لە پرۆسەی ئهنفالی ساڵی 1988 بێسەروشوێنكران.
هێمن و قانع، خۆیان کهسوكارى ئهنفالن و چوار برا و باوکیان لە پرۆسەی ئهنفالی ساڵی 1988 بێسەروشوێنكران
لە بارەی ئەوەی چۆن هاوژین و دوو منداڵەكە كەسوكاریان ئاگاداركردۆتەوە، گۆران وتی "چەكدارەكان مۆبایلی هاوژین و منداڵەكانیان نەبردووە. دوای ئەوەی ناوچەكەیان جێهێشتووە، پەیوەندییان پێوەكردین و چوین بە هانایانەوە"
كەسوكاری هێمن و قانع، جەختدەكەنەوە لەوەی هیچ كێشەیەكیان نەبووە و بە كشتوكاڵییەوە سەرقاڵبون.
ئێوارەی پێنجشەممە، 30ی كانونی دووەم، لە روداوێكی هاوشێوەدا، لە نزیك ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقین چەكدارانی نەناسراو ژمارەیەك ئۆتۆمبێل رادەگرن و حەوت كەس دەڕفێنن و هیچ چارەنوسێكیان نییە. لە ئەنجامی تەقەكردنیشدا كەسێك دەكوژن.