دامه‌زراندنه‌كه‌ی كه‌ركوك چۆن هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌؟

كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2020، خۆپیشانده‌رانی كورد له‌ به‌رده‌م په‌روه‌رده‌دا داوای دوباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ناوی دامه‌زراوانیان كرد فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، جارێكیتر پرۆسه‌ی وردبینی و هه‌ڵبژاردنی ناوی دامه‌زراندن ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و لیسته‌ی پێشتر بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی ناڕه‌زایی زۆری نوێنه‌ر و ده‌رچوانی توركمان و كورد.

ئه‌و لیستی دامه‌زراندنه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، له‌ 8ی كانونی دوه‌می 2020دا په‌روه‌رده‌ بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ ناڕه‌زایی زۆری ده‌رچوان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد و توركمانی لێكه‌وتۆته‌وه‌، به‌ پرۆسه‌یه‌كی "نادادپه‌روه‌ر" و له‌ قازانجی ته‌نیا پێكهاته‌یه‌كی شاره‌كه‌دا ناویان برد.

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌ نێویاندا سێ ئه‌ندامی خه‌ڵكی كه‌ركوك، یه‌كشه‌ممه‌ 2ی شوبات له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ كۆبونه‌وه‌ و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لیسته‌كه‌ی پێشوویان راگه‌یاند.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو)، بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی مانگێكدا، جارێكیتر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ناوی ده‌رچوانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ یه‌ك بازنه‌ ده‌بێت، نه‌ك هه‌ر ناوچه‌ و قه‌زا و ناحیه‌یه‌ك پشكی دامه‌زراندن و میلاكاتی جیابكرێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی وت، پێشتر هه‌ر شوێنێك به‌پێی پێویستی دامه‌زراندنی بۆ ته‌رخانده‌كرێت، له‌مه‌ودوا ئه‌وه‌ نامێنێت، هه‌ر كه‌سێك فۆڕمی دامه‌زراندنه‌كه‌ی پڕكردۆته‌وه‌ ده‌چێته‌ كێبڕكێیه‌كه‌وه‌ و به‌پێی ژماره‌ی خاڵه‌كان یه‌كلاییده‌كرێنه‌وه‌.

parwarda-2
كه‌ركوك، شوباتی 2020، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی عیراق له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنی دامه‌زراندنه‌كه‌ی كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌

بەپێی لیستی ناوی دامەزرێنراوان، نزیكەی هەزار و 517 كەس لە دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، كە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان دەكات، له‌ كاتێكدا كورد نزیكەی 500 دامەزرێنراوی بەركەوتووە، كە زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17 بە 412 دامەزرێنراو. هەریەكە لە كریستیانی و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەك.

سۆران عەبدولكەریم، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دەرچوانی دانەمه‌زراوانی كورد به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بە دەستكەوتی خۆمان دەزانین كه‌ توانیمان حزب و لایەنە سیاسییه‌كان و پەروەردەی كەركوك ناچاربكەین ئەو لیستی دامه‌زراندنه‌ هەڵبوەشێتەوە".

"به‌شێوازی خاڵبه‌ندی بە زیانی كورد دەشكێتەوە، بۆیه‌ داواكارین میكانزمێكی نوێ بدۆزرێتەوە چونكه‌ كورد له‌وه‌دا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت، كورد ململانێی عه‌ره‌بی پێناكرێت و ئه‌وان خاڵی زۆریان هه‌یه‌، بۆیه‌ رێژه‌ی دامه‌زراندنی كورد ره‌نگه‌ كه‌متریش ببێته‌وه‌".

به‌شێك له‌ ده‌رچوانی دانه‌مه‌زراوی كورد، له‌ هه‌فته‌ی كۆتایی مانگی رابردوودا خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا دژی په‌روه‌رده‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا، سه‌ردانی چه‌ندین لایه‌نیان كرد بۆ داواكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌.

پێشتر و زیاد له‌ جارێك، توركمانی كه‌ركوكیش خۆپیشاندانی ناڕه‌زانییان ئه‌نجامدا، دژی دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ و پێیانوایه‌، غه‌دریان لێكراوه‌ به‌راورد به‌ ده‌رچوانی عه‌ره‌ب.

xopeshandanturkman
كەركوك/كانونی دووەمی 2020/ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی توركمان لە بەردەم بینای پەروەردە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

مه‌ریوان نادر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی په‌رله‌مانی عیراق له‌ پشكی كه‌ركوك، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ وتی "له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی جارێكیتر دامەزراندنەكه‌ و ئەو ناوانەی راگەیه‌ندراوە هەڵبوه‌شێته‌وه‌".

به‌وته‌ی مه‌ریوان له‌مه‌ودوا به‌ یه‌ك بازنه‌ دامه‌زراندنه‌كه‌ یه‌كلاییده‌كرێته‌وه‌ نه‌ك فره‌بازنه‌یی، ئه‌وه‌ش له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا ته‌واو ده‌كرێت.

ده‌رچوانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك، له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ ناڕه‌زاییه‌كیان دژی دامه‌زراندنه‌كه‌ ده‌رنه‌بڕی، كه‌ به‌وته‌ی لایه‌نه‌كان ئه‌وان تێیدا سودمه‌ندی یه‌كه‌م بون.

محەمەد رەییاشی، وتەبێژی بەرەی عەرەبی یه‌كگرتوو لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "دامەزراندنەكە بە پێ رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە بوو، بەداخەوە هەندێك لایەن كردیانە بابەتێكی نەتەوایەتی و دابەشكردنی بە رێژه‌ی له‌ سه‌دا 32، له‌كاتێكدا پێشتر دژی پشكپشكێنه‌ بون"، پێشیوایه‌ به‌و رێگایه‌ مافی خه‌ڵكی تر ده‌خورێت.

ره‌ییاشی هۆشداریدا له‌وه‌ی هه‌ڵوێستیان ده‌بێت و "ده‌ستبه‌ستراو نابین و هه‌موو رێگا مه‌ده‌نییه‌كان ده‌گرینه‌به‌ر وه‌ك خۆپیشاندان و مانگرتن تا ماف بۆ خاوه‌ن ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌.

به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌ 27ی ئابی 2019 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له‌ مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله‌ وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو.

له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه‌ پڕكرده‌وه‌، كه‌ سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه‌، به‌وته‌ی په‌روه‌رده‌، پاڵپشت به‌ خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامه‌زرێنراوان هه‌ڵبژێردراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT