ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستپێكردووه بۆ لابردن و روخاندنی زیاده‌ڕۆییه‌كانی ناوشار و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا، سه‌دان خێزانی نیشته‌جێی هه‌ردوو ناوچه‌ی گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان و په‌نجاعه‌لی ئاگاداركراونه‌ته‌وه له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ماڵه‌كانیان چۆڵبكه‌ن.
هه‌ڵمه‌تی لابردنی زیاده‌ڕۆیی له كه‌ركوك، كه چه‌ند رۆژێكه ده‌ستیپێكردووه به بڕیاری وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، ناڕه‌زایی به‌شێك له هاوڵاتیانی لێكه‌وتۆته‌وه و له‌رێی ژماره‌یه‌ك پهرلهمانتاریشهوه، به‌دواداچونی بۆ ده‌كرێت.
"نیوەی كەركوك تەجاوزه، ئەی بۆچی نایانڕوخێنن، ئێمە خەڵكی هەژارین و چوار بلۆكمان ناوە بەسەر یەكەوە لە ژێریدا دانیشتووین، ئیتر بۆچی لێمانناگەڕێن" مه‌ریوان سه‌لیم وای وت.
ماڵی مه‌ریوان و 200 خێزانی تری نیشته‌جێی ناوچه‌ی گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان له‌ناوشاری كه‌ركوك، مۆڵه‌تی ته‌نیا 10 رۆژیان بۆ دانراوه، تا شوێنه‌كانیان چۆڵبكه‌ن.
ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌مه كه‌ی ره‌وای حه‌قه حكومه‌ت به‌رۆكی هه‌ژاران ده‌گرێت، من خانووه‌كه‌م كڕیووه، ئه‌گه‌ر پاره‌شم زۆر بوایه خانویه‌كی تاپۆم ده‌كڕی نه‌ك له‌م جه‌هه‌نمه"، مه‌ریوان هیچ شوێنێكی نییه دوای ئه‌و خانوه بۆی بڕوات، بۆیه جه‌ختیكرده‌وه "ئه‌گه‌ر بشمرم رێناده‌م ماڵ و منداڵم سەرگەردان بن، فەرمون با بیڕوخنن بەسەرمدا".
له چه‌ند رۆژی رابردودا، لیژنه‌یه‌ك له پۆلیسی لابردنی زیاده‌ڕۆیی و هێزه ئه‌منییه‌كانی تری كه‌ركوك، به چاودێری قایمقامیه‌ت، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م ژماره‌یه‌ك دوكان و شوێنی بازرگانییان له گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان روخاند، كه موڵكی وەزارەتی وەزرش و لاوانی عیراقە.
عەلی حەمادی، یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك بۆ كاروباری هونەری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بەپێی یاسا دەبێت ئەو دوكان و خانوانه‌ی لە سەر موڵك و زه‌وی حكومەت دروستكراون دەبێت لاببرێن و بڕوخێنرێت.. ناكرێت خه‌ڵك لەسەر زەوی حكومەت خانوو دروستبكەن".
ئیداره‌ی كه‌ركوك، هیچ شوێنێكی جێگره‌وه‌ی بۆ ئه‌و خێزانانه دیارینه‌كردووه كه خانوه‌كانیان ده‌روخێنرێن، ته‌نیا به‌شێكیان بڕه پاره‌یه‌كی دیاریكراویان وه‌ك هاوكاری پێده‌درێت.
یاریده‌ده‌ری پارێزگار ده‌ڵێت به وردی چاودێری هه‌ڵمه‌تی لابردنی زیاده‌ڕۆییه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌و زه‌وییانه‌شی وه‌رده‌گیرێته‌وه ده‌كرێته پرۆژه تا هه‌موو خه‌ڵكی شار سودی لێببینن.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، پاڵپشت به بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی تا 19ی تشرینی دوه‌می 2019 له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ دروستكراون، ئه‌وه‌ش به‌پێی نوسراوێك كه ئاڕاسته‌ی هه‌موو پارێزگاكان كرا.
"زەوی دوكانەم بە سێ دەفتەر دۆلار (30 هه‌زار دۆلار) كڕی، تا كه‌سابه‌تی تیا بكه‌م، ئێستاش بێ ئەوەی هیچ قەرهبویەكەم پێبدەن دوكانەكهیان روخاندم" ئاسۆ عومه‌ر واده‌ڵێت.
دوكانه‌كه‌ی ئاسۆ له گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان بووه، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به شۆفڵ روخێنرا، "ئەو رۆژەی دوكانه‌كه‌یان روخاند دایكم چووە بەردەم شۆفڵەكە تا رێگریی بكات به‌ڵام بە فشاری هێزە ئەمنییەكان دورخرایه‌وه و خه‌ریك بكه‌وێته ژێر شۆفڵەكەشهوە".
هه‌ر له مانگی رابردودا، مۆڵه‌تی ته‌نیا 10 رۆژ به زۆرینه‌ی دانیشتوانی شوقه‌كانی گه‌ڕه‌كی په‌نجاعه‌لی شاری كه‌ركوك درا، تا شوێنه‌كانیان به جێبهێڵن، ئه‌وه‌ش گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی ده‌یان خێزانی لێكه‌وتۆته‌وه كه له كه‌سوكاری شه‌هید و كه‌مده‌رات پێكهاتون.
جەمال شكور، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له پشكی كه‌ركوك –كه له دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه چاودێری كاره‌كانی ئیداره‌ی پارێزگا ده‌كه‌ن- پێشتر به (كه‌ركوك ناو)ی وت له هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌دان تا لانیكه‌م ئه‌وانه‌ی ماڵه‌كانیان ده‌روخێنرێت، له به‌رانبه‌ردا شوێنێكی تری نیشته‌جێبونیان بۆ دابینبكرێت.
له دوای ساڵی 2003 و نه‌مانی رژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن، هه‌زاران خانوو له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه بنیاتنراون كه موڵكی ده‌وڵه‌ت بون له پارێزگاكانی عیراق به كه‌ركوكیشه‌وه.