جارێكی تر بەشی نەشتەرگەریی و منداڵبون بۆ شنگال گەڕایەوە، ئەوەش بە دەستپێشخەریی نادیە موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی و بە كۆمەكی حكومەتی فەرەنسا.
ئەو دوو بەشە لەناو نەخۆشخانەی شنگال لە 4ی شوبات كرانەوە. دوای ئەو كێشەو گرفتانە دێت كە روبەڕوی كەرتی تەندروستی بونەوە لەو قەزایە. كە سەرچاوەكەی شەڕی داعش بوو.
دڵشاد عه‌لی عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نه‌خۆشخانه‌ی شنگال به (که‌رکوک ناو)ی وت "كردنەوەی ئەو دوو بەشە، دوای ئەوە هات كە نادیە موراد بۆ ئەو مەبەستە كرد و حكومەتی فەرەنساش لە تشرینی یه‌که‌می ساڵی 2019 بڕێک پارەی بۆ دروستکردنی به‌شی نه‌شتگه‌ریی و منداڵبون دابینكرد و دوای نزیكەی چوار مانگ، ئەمڕۆ ئەو دوو بەشە كرانەوە".
لە رێوڕەسمی كردنەوەیدا، باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له عیراق و ژماره‌یه‌ک لێپرسراوی نەینەوا و شنگال ئامادەی بون.
كردنەوەی ئەو دوو بەشە هاوكاریی باشی ژنانی دووگیان دەكات كە پێشتر ناچاربون بچنە دهۆك یان شارەكانی تر.
دڵشاد وتی "كێشەی نەشتەرگەریش چارسەر كرا، له‌مه‌ودوا چه‌ندین جۆری نه‌شته‌رگه‌ریی هەر لە شنگال ئەنجامدەدرێت".
نەخۆشخانەی شنگال، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە ئابی 2014 بۆ كۆتایی 2015 خاپوركرا، بەهۆیەوە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە و گەڕانەوەی زۆرێك لە ئاوارەكان نەخۆشخانەكە بۆ بینایەكی تری ناو قەزاكە گوازرایەوە.
لەگەڵ كردنەوەی ئەو دوو بەشە لەو بینایە، بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەو قەزایە دانرا، ئەوەش بەدەستپێشخەریی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا.
دڵشاد عه‌لی عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نه‌خۆشخانه‌ی شنگال وتی "لەسه‌نته‌ری قه‌زای شنگال دروستدەكرێت و لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌نێوان پارێزگای نه‌ینه‌وا و حکومه‌تی فه‌ره‌نسا سه‌رپه‌رشتی دەكەن، بەشی دیزاین ته‌واوکراوە و له‌م رۆژانەدا ده‌ست به دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌که ده‌کرێت".
وتیشی "ئێستا تەنیا کێشه‌ی که‌می پزیشکی تایبه‌تمه‌ندمان هه‌یه، بۆ نمونه ته‌نیا یه‌ک پزیشکی ئافره‌تمان هه‌یه، پێویستمان به چوار پزیشکی ئافره‌ت هه‌یه له‌گه‌ڵ پزیشکی نه‌خۆشییه‌کانی منداڵان و پزیشکی جگه‌ر".
پێشتر (كەركوك ناو)، لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، كە هیچ پزیشكێكی ژنان و منداڵبون لە قەزای شنگال نییە، نەخۆشخانەی گشتی نۆژەننەكراوەتەوە و لە تەواوی قەزاكە تەنیا سێ پزیشكی گشتیی و ئەمبوڵانسێك هەیە، لەكاتێكدا نزیكەی 30 هەزار كەس لە ئێستادا لە ناوەندی قەزاكە نیشتەجێن.
ئەو كێشە تەندروستییانەی بەرۆكی خەڵكی شنگالی گرتووە، لەكاتێكدایە دانیشتوانەكەی لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە و هێشتا هەزاران خێزان لەبەر نەبونی خزمەتگوزاریی لە كەمپەكان دەژین.
سەعید قاسم، سێ ساڵ لەمەوبەر گەڕایەوە شنگال و باوكی پێنج منداڵە، بە(کەرکوک ناو)ی وت "بۆ بچوکترین نەخۆشی دەبێت سەردانی شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین، دوجار کچەكەم بردۆتە دهۆك بۆ چارەسەر، هەر جارەو تێچوی 500 هەزار دینار بووە".
"لە شنگال سه‌ر‌دانی نەخۆشخانە ده‌که‌ین دەڵێن پزیشک نەهاتووە و ده‌بێت چه‌ند کاتژمێرێک چاوه‌ڕێ بکه‌ین، چونكە لە دەرەوەی شنگال دێن، دەبێت بۆ هەموو پشكنینێك بچینە دەرەوەی شنگال و بۆ دەرمانیش بە هەمان شێوە"، سەعید قاسم پێشتر وای بە (كەركوك ناو) وت.