چاره‌نوسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌
نــە ئــه‌ندامان موچه‌یان پێده‌درێت، نـــه‌ خـانه‌نشینكراون

كەركوك/23ی ئەیلولی 2019/ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: كەركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز –  كاروان ساڵحی

ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، سێ مانگه‌ موچه‌ی مانگانه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ ‌بێئه‌وه‌ی خانه‌نشینبكرێن، به‌وپێیه‌ی تانه‌كانیان له‌ دادگای فیدراڵی یه‌كلانه‌كراونه‌ته‌وه‌ و به‌شێكیشیان به‌ ئومێدی ئه‌وه‌وه‌ن ده‌ستبه‌كاربکەنەوە‌.

په‌رله‌مانی عیراق، دوو رێكاری جیاوازی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان گرته‌به‌ر، ئه‌و هه‌نگاوانه‌شی به‌سته‌وه‌ به‌ داواكاریی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له‌ به‌غدا و شاره‌كانی تر، كه‌ چوار مانگه‌ لە سەر شەقام داوای دەکەن‌.

سه‌ره‌تا و له‌ 28ی تشرینی یه‌كه‌می 2019دا، به‌پێی بڕیارێك ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ بووە مایەی ناڕه‌زایی و تانه‌ی لێدرا، به‌وپێیه‌ی ناتوانرێت به‌ بڕیار یاسا هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

له‌ هه‌نگاوی دوه‌مدا، په‌رله‌مانی عیراق له‌ 26ی تشرینی دوه‌می 2019، هه‌مواری دووه‌می یاسای ژماره‌ 12ی ساڵی 2018ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كرده‌وه‌، تا به ‌یاسا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن جێگیربكات.

دادگای باڵای فیدراڵی، دوجار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ دانیشتن و دادگایی هه‌بووه‌، له‌ یه‌كه‌میاندا زنجیره‌یه‌ك تانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و له‌ دوه‌میشیاندا بڕیاری كۆتایی بۆ 9ی ئازاری 2020 دواخست.

"چاوەڕوانین یەكلابكرێینەوە، یان ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستبەكاربكاتەوە یان خانەنشینبكرێین" جه‌مال مه‌ولود، سه‌رۆكاتی كاتی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پارێزگای كه‌ركوك وای وت.

یان ئەنجومەنی پارێزگاكان دەستبەكاربكاتەوە یان خانەنشینبكرێین

جه‌مال ده‌ڵێت سه‌رباری بڕیار و دواتر هه‌مواری یاساكه‌شه‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، هێشتا ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن به‌پێی كات ده‌وامده‌كه‌ن.

"ئه‌گه‌ر یه‌كلانه‌كرێینه‌وه‌، ئه‌وا ئێمه‌ش ئاماده‌نین ئۆتۆمبێل و ژوور و ئه‌و پێداویستییانه‌ی له‌ ئه‌ستۆماندا بووه‌ راده‌ستی بكه‌ینه‌وه‌".

به‌وته‌ی جه‌مال مه‌ولود، ئه‌وان كاره‌كانیان بە هه‌ڵپه‌سێراو داده‌نێن نه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌، چونكه‌ چاوه‌ڕێی بڕیار و قسه‌ی كۆتایی دادگای فیدراڵی ده‌كه‌ن.

ئه‌وكاته‌ی په‌رله‌مان به‌ بڕیار ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، زنجیره‌یه‌ك تانه‌ پێشكه‌شی دادگای فیدراڵی كرا.

anjwman.musl
موسڵ/ 2019/ دانیشتنێكیئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا فۆتۆ: كەركوك ناو

دادگای فیدراڵی له‌ دانیشتنێكدا، له‌ 17ی كانونی یه‌كه‌می 2019دا، وه‌ڵامی تانه‌كانی داوه‌ته‌وه‌ و نوسیویه‌تی چیتر جێی بایه‌خ نییه‌، به‌وپێیه‌ی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كراوه‌تە‌ یاسا و له‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا جێیی كراوه‌ته‌وه‌.

خدر ئه‌لیاس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "چاوه‌ڕێی بڕیاری كۆتایی دادگای فیدراڵی ده‌كه‌ین، چونكه‌ تانه‌مان له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن داوه‌ و به‌ سیاسی و هه‌ڵه‌ی ده‌زانین".

تانه‌مان له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن داوه‌ و به‌ سیاسی و هه‌ڵه‌ی ده‌زانین

دادگای باڵای فیدراڵی، 20ی كانونی دوه‌می 2020 له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ دانیشتنێكدا جارێكیتر تاوتوێی ژماره‌یه‌ك تانه‌ كراوه‌ سەبارەت بە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، به‌پێی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌كان.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌؛ دادگا دوو پرسیاری له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردووه‌ و بڕیاریداوه‌ دوای به‌دواداچون و گفتوگۆی دۆسیه‌كه‌، له‌ ئازاری ئه‌مساڵدا وردبینی بۆ تانه‌كان بكه‌ن.

پرسیاری یه‌كه‌می دادگا ئه‌وه‌یه‌؛ مه‌به‌ست چییه‌ له‌ ده‌سته‌واژه‌ی كۆتاییهاتنی كاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان؟ دوه‌میش دڵنیابونه‌وه‌یه‌ له‌و واده‌یه‌ی دانراوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ 1ی نیسانی 2020دا.

ئه‌و لایه‌نانه‌ی تانه‌یان له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ داوه‌، نمونه‌ی یاسای ژماره‌ 21ی ساڵی 2008ی كاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیان هێناوه‌ته‌وه‌، كه‌ واده‌ی ئه‌نجومه‌نی به‌ چوار ساڵی رۆژمێری هه‌ڵبژاردن دیاریكردووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موارێكی تری هه‌مان یاسادا كه‌ ئاماژه‌ی به‌ به‌رده‌وامی كاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان داوه‌ تا ده‌رچونی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی نوێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.

kirkuk-3
كەركوك/ دیمەنێكی ناو شار لەسەر قەڵای كەركوكەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

حكومه‌تی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، له‌ مانگه‌كانی كۆتایی 2019دا بڕیاریدا به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بۆ كاتێكی نادیار، به‌ڵام هێشتا له‌ یاساكه‌دا ئه‌و دواخستنه‌ جێگیرنه‌كراوه‌ و واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کە له‌ نیسانی 2020دا وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

"به‌هۆی یه‌كلانه‌بونه‌وه‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه‌وه‌ هێشتا ئێمه‌ هه‌نگاوی دواترمان نه‌ناوه‌ و مامه‌ڵه‌ی خانه‌نشینیمان نه‌كردووه‌، چونكه‌ نازانین ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ركار یان نا" خدر ئه‌لیاس وای وت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت به‌هۆی مانه‌وه‌ی دۆسیه‌كه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی موچه‌ی سێ مانگی رابردویان وه‌رنه‌گرتووه‌ و بارودۆخیان به‌ ناجێگیری ماوه‌ته‌وه‌.

هەر ئەندامێكی ئەنجومەن مانگانە نزیكەی دوو ملیۆن و 300 هەزار دیناری وه‌رده‌گرت، لەگەڵ نزیكەی 600 هەزار بۆ كرێی بەنزین و هاتوچۆ؛ لەوەش زیاتر، 50 هەزار بۆ ئینتەرنێت و مانگی هەریەك سێ بۆ چوار كارتی 10 هەزار دیناریان بۆ مۆبایلەكانیان پێدەدرا.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان موچه‌ی مانگه‌كانی تشرینی دووه‌م، كانونی یه‌كه‌م و كانونی دوه‌میان وه‌رنه‌گرتووه‌.

نەجات حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پارێزگای كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بڕیاره‌ ئەندامانی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەكان خانه‌نشینبكرێن، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ ورد نییه‌، نازانرێت چۆن كاری پێدەكرێت و كێ دەگرێتەوە و له‌ چ ته‌مه‌نێكدا، یان چاره‌نوسی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌نجومه‌ن چێ لێدێت و دۆسیه‌كه‌ چۆن یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌".

نه‌جات ره‌خنه‌ی له‌ په‌رله‌مان هه‌بوو كه‌ تائێستا نه‌یتوانیووه‌ بڕیار و رێكاره‌كانی به‌ جۆرێك بێت چاره‌نوسی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن یه‌كلابكاته‌وه‌.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە زیاتر له‌ 15 ساڵە لەو پرۆسەیه‌دا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانه‌وه.

"راسته‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن تانه‌یان له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌كه‌ داوه‌، به‌ڵام تانه‌كان سه‌رینه‌گرتوه‌ و باوه‌ڕناكه‌م جارێكی دیكه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاری پێشوو، بۆیه‌ خانه‌نشینده‌كرێن" جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عیراق بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

راسته‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن تانه‌یان له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌كه‌ داوه‌، به‌ڵام تانه‌كان سه‌رینه‌گرتوه‌ و باوه‌ڕناكه‌م جارێكی دیكه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاری پێشوو

كۆچه‌ر رونیكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ به‌ په‌سه‌ندكردنی یه‌كلاكرایه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ‌یاسای خانه‌نشینی عیراقی ده‌یانگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ دوو شێواز؛ ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان گه‌یشتۆته‌ 60 ساڵ و ئه‌وانه‌یشی ته‌مه‌نیان له‌ سه‌روو 45 ساڵییه‌وه‌یه‌ به‌ 15 ساڵی خزمه‌ته‌وه‌.

nainawa (4)
نه‌ینه‌وا، 13ی ئایاری 2019، دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگار فۆتۆ: ئه‌نجومه‌ن

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی ده‌ڵێت له‌ حاڵه‌تی ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا، به‌بڕیاری دادگا، ئه‌وا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن وه‌ك جاران موچه‌ی مانگانه‌یان بۆ خه‌رجده‌كرێته‌وه‌ به‌و موچانه‌شەوە کە تائێستا وه‌ریاننه‌گرتووه‌.

به‌هه‌ڵپه‌سێراوی مانه‌وه‌ی دۆسیه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له كاتێكدایه‌، زیاتر له‌ دوو مانگه‌ ئیداره‌ی هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌بێ ده‌سه‌ڵاتی چاودێری ئه‌نجومه‌ن كارده‌كه‌ن، له‌ نێویاندا جێبه‌جێكردنی سه‌دان پرۆژه‌.

به‌پێی هه‌مواری یاسای ژماره‌ 12ی ساڵی 2018ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، پارێزگار و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی تر تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا ده‌مێننه‌وه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا، ئیداره‌دانی پارێزگاكان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ چاودێری ده‌كرێن، بێ ئه‌وه‌ی هیچ واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردن دیاربێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT