قه‌یرانی به‌نزین له شاری موسڵ به‌رده‌وامه، خه‌ڵك دادوبێدادیانه و لێپرسراوانی حكومه‌تی خۆجێییش له چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌دا، پێشنیار و بڕیاری جیاوازیان هه‌یه.
له 5ی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه، قه‌یرانی به‌نزین له موسڵ سه‌ریهه‌ڵداوه و له زۆربه‌ی وێستگه حكومییه‌كاندا، ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان له سه‌ره‌ی درودرێژدان بۆ وه‌رگرتنی سوته‌مه‌نی.
كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان له نه‌ینه‌وا، بڕیاریداوه كار به كۆبۆن بكاته‌وه له دابه‌شكردنی به‌شه به‌نزین به‌سه‌ر شۆفێراندا.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌و كۆمپانیایه له نیسانی ئه‌مساڵه‌وه كار به كۆبۆن ده‌كرێت، كه پێشتر هه‌ڵوه‌شێنرابۆوه، بۆیه داواكارن له شۆفێران له ئێستاوه ئۆتۆمبێله‌كانیان بۆ وه‌رگرتنی كۆبۆنی سوته‌مه‌نی تۆماربكه‌ن.
به‌پێی ئه‌و كۆبۆنه هه‌ر شۆفێرێك 40 بۆ 50 لیتر به‌نزینی پێده‌درێت و هه‌مان ئۆتۆمبێل ناتوانێت له رۆژێكدا زیاد له جارێك چه‌ندی بوێت به‌نزین پڕبكات.
"ده‌یانه‌وێت ده‌رگای گه‌نده‌ڵی بكه‌نه‌وه كه ساڵانێكه داخراوه، گه‌نده‌ڵی له‌وه‌دایه چه‌ند كه‌سێك كۆبۆنی به‌نزین ده‌كڕن و دواتر له بازاڕی ره‌شدا به نرخی زیاتر ده‌یفرۆشنه‌وه" عه‌بدوڵا نه‌جم وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه هه‌زاران ئۆتۆمبێل له هاتوچۆی نه‌ینه‌وا تۆمارنه‌كراون، بۆیه ئه‌گه‌ر كار به كۆبۆن بكرێت، ئه‌وان ناتوانن كۆبۆن وه‌ربگرن و له وه‌رگرتنی سوته‌مه‌نی بێبه‌شده‌بن.
دابه‌شكردنی به‌نزین به كۆبۆن به‌ر له 2014 كاری پێده‌كرا و به‌هۆی دروستبونی قه‌ره‌باڵغییه‌وه له وێستگه‌كانی سوته‌مه‌نیدا هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ (كه‌ركوك ناو) كاركردن به كۆبۆن هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی به‌نزین ته‌نیا پشت به زیادكردنی به‌شه سوته‌مه‌نی پارێزگاكه ده‌به‌ستن، كه وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی داوه.
نرخی هه‌ر لیترێك به‌نزین له وێستگه حكومییه‌كاندا هێشتا به 450 دیناره به‌ڵام له بازاڕی ره‌شدا گه‌یشتۆته 500 تا 650 دینار.
به‌شه به‌نزینی نه‌ینه‌وا رۆژانه 60 تانكه‌ر بووه و كه‌مبۆته‌وه بۆ 50 تانكه‌ر، له كاتێكدا تادێت ژماره‌ی ئۆتۆمبێل زیاد ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا.
له به‌ری چه‌پی موسڵ وێستگه حكومییه‌كانی سه‌قافه، ئوم ره‌بیعه‌ین، شوهه‌دا و شه‌لالات به‌نزین دابه‌شده‌كه‌ن، ته‌نیا وێستگه‌ی فه‌یسه‌ڵییه به‌نزینی موحه‌سه‌نی هه‌یه، له به‌ری راستی شاره‌كه‌ش هه‌ریه‌ك له وێستگه‌كانی مه‌ئمون، غه‌زلانی، هارون، ئیبن ئه‌سیر به‌نزینیان به شۆفێران ده‌ده‌ن و وێستگه‌ی قه‌عقاع به‌نزینی موحه‌سه‌ن دابه‌شده‌كات.