"خۆكوشتن" لە كەركوك لە بەغدا زۆرترە

فۆتۆ: Elijah O'Donnell، لە ماڵپەڕی unsplash 13ی شوباتی 2020

كاروان ساڵحی – كەركوك

106 حاڵەتی "خۆكوشتن" لە ماوەی ساڵی 2019دا لە كەركوك تۆماركراوە كە زۆرینەیان ئافرەتن، ئەو ژمارەیە زیاترە لە هەر پارێزگایەکی تری عیراق.

هەر بەپێی ئامارەكە، كە (كەركوك ناو) لە كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق وەریگرتووە، "خۆكوشتن" لە بەغدا كە 102 حاڵەتە، كەمترە لە كەركوك، بەڵام رێكخراوەكانی ژنان گومانیان هەیە و پێیانوایە كوشتنی بە ئەنقەست تێكەڵ بە "خۆكوشتن" كراوە.

سه‌جاد جومعه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ بە (كەركوك ناو)ی وت "كەركوك یەکەمی لیستى پارێزگاکانى عیراقی گرتووە لە خۆكوشتندا، زۆربەی حاڵەتەكان لە رەگەزی مێن..."، زیاتر وتی "ئەو 106 كەسە تەنیا ئەوانەن ئێمە ئاگادارین، رەنگە حاڵەتی زیاتریش هەبێت".

كەركوك یەکەمی لیستى پارێزگاکانى عیراقی گرتووە لە خۆكوشتندا

بەڵام ئیلهام نوسرەت تورمڵى، سەرۆکى رێکخراوی ژنانى تورکمان، وتی "نابێت ئەوەمان بیربچێت، لە كەركوك دەیان حاڵەتی كوشتنی بەئەنقەستی ژنان هەبووە كە بە خۆكوشتن تۆماركراوە، دۆسییەكانیان بەناوی سوتان، یان لەدەستدەرچونی فیشەك لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە تۆماركراوە". ئیلهام وتیشی "ئەم درامایانە بەردەوامن".

لەگەڵ ئەوەشدا، وتی حاڵەتی خۆكوشتن هەیە و هۆكارەكانی بۆ بێكاریی و نا هۆشیاریی گەنجان گەڕاندەوە.

xokushtn

فۆتۆ: Eva Blue، لە ماڵپەڕی unsplash 13ی شوباتی 2020

ئیلهام وتی "هەندێكجار كوڕان، داوای پەیوەندی خۆشەویستی لەكچان دەكەن، دواتر كچان وێنەی خۆیان بۆ كوڕان دەنێرن و دواتریش كە پەیوەندییەكانیان تێكدەچێت هەندێك لە كوڕان بە بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان، هەڕەشەدەكەن، سەرەنجامەکە ئەوەیە كچەكە خۆیدەكوژێت".

ئیلهام بێكاریی و بڵاوبونەوەی زیاتری ماددەی هۆشبەری وەك هۆكاری تری خۆكوشتن لە كەركوك ناوبرد.

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، تۆڕی رێگریكردنی لە دیاردەی خۆكوشتن پێكهێناوە، بە   ئەندامێتى دەزگا و فەرمانگە حکومییەكانی كەركوك.

ئەو وتی "ئەو تۆڕە خوێندنەوە و بەدواداچون دەكات بۆ هۆكارەكانی خۆكوشتن...".

تۆڕی رێگریكردن لە دیاردەی خۆكوشتن، بەپێی دەرئەنجامێكیان چەند هۆكاریان دەستنیشانكردووە لەو بارەیەوە.

خراپی بارى دارایى، بێكاریی، کێشەى کۆمەڵایەتیی لەگەڵ كێشەی تەندروستی لە هۆكارە دیارەكانن.

خراپی بارى دارایى، بێكاریی، کێشەى کۆمەڵایەتیی لەگەڵ كێشەی تەندروستی لە هۆكارە دیارەكانن

چه‌ند ساڵێكه‌ روپێوی ورد و گشتگیر له‌ عیراق نه‌كراوه‌، بەڵام به‌پێی سایتی ده‌زگای ناوه‌ندی بۆ ئامار لە ساڵی 2014دا رێژه‌ی بێكاری له‌ نێو گه‌نجاندا گەیشتۆتە‌ سه‌روو سه‌دا 20.

ئه‌وەش‌ خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ رێژی بێكاری له‌ نێوان كه‌سانی ته‌مه‌ن 15 بۆ 24 ساڵ له‌ پارێزگای كه‌ركوك، سه‌دا 5.2 بووه‌ و ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ 2016دا به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ سه‌دا 28.7.

هەنگاوێک بەئاڕاستەی کەمکردنەوەی ئەودیاردەیە ئەوەیە، كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ، هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەیان لە كەمپی ئاوارەكان دەستپێكردووە چونکە ژمارەیەک لە حاڵەتەكان لە كەمپ ئاوارەکان بوون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT