دوو برا رفێنراوەكەی قەزای كفری، لە بەرامبەر 70 هەزار دۆلار ئازادكران و بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە گەیشتنەوە ناو كەسوكاریان.
ئەو دوو برایە كە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە ئێوارەی یەکی شوبات، لە ناوچەی داودە لە نێوان هەردوو قەزای کفری – دوزخورماتوو رفێنران، بەپێی رێككەوتنی كەسوكاریان لەگەڵ چەكدارەكان دوای 15 رۆژ ئازادكران.
یەكێك لە ئامۆزاكانی ئەو دوو برایە، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێوارەی دوێنێ شەممە، دایك و خاڵێكی ئەو دوو برایە بڕی 70 هەزار دۆلاریان لەگەڵ خۆیان برد بۆ نزیك گوندی پەڵكانە و رادەستی چەكدارەكانیان كرد، ئەوانیش بڕیاریاندا بەزوترین كات ئازادیان بكەن...ئەوەبوو بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ئازادكران".
ئێوارەی دوێنێ شەممە، دایك و خاڵێكی ئەو دوو برایە بڕی 70 هەزار دۆلاریان لەگەڵ خۆیان برد بۆ نزیكگوندی پەڵكانە و رادەستی چەكدارەكانیان كرد
سەرەتای چەكدارەكان داوای 100 هەزار دۆلاریان كردبوو، دوای رێككەوتنی هەردولا بە 70 هەزار رێككەوتن.
كەسوكارییان ئامادەنین وردەكاریی ژیانی ئەو دوو برایە و چۆنیەتی رێككەوتن و پەیوەندییان لەگەڵ چەكدارەكان ئاشكرابكەن.
بەپێی کەسوکاری ئەو دوو برایە، چەکدارەکان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و تورکمانی قسەیان کردووە و سێ ئۆتۆمبێلی جۆری توێتا پیکاپ دەبڵ-یان پێبووە. ئۆتۆمبێلی دوو براکەشیان لە هەمان جۆر لەگەڵ خۆیان بردووە.
هێمن جهلال عیسا (34 ساڵ)و قانع جهلال عیسا (32 ساڵ) دوو برا رفێنراوەكە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتا پیكاب دەبڵ-یان پێبووە و چەكدارەكان ئۆتۆمبێلەكەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
دوو رۆژ دوای روداوەكە. ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە بۆ دۆزینەوەی دوو برا رفێنراوەکە دەستپێكرد، بەڵام ئەنجامی نەبوو.
چەکدارە رفێنەرەكان ئەو دوو برایەیان لە ناوچەی داودە لە نێوان هەردوو قەزای کفری – دوزخورماتوو رفاند، لەوکاتەی دەیانویست لە گوندەکەیانەوە بۆ قەزای کفری بگەڕێنەوە. هاوژین و منداڵەکانیشیان لەسەر رێگاکە جێهێشت.