توركمان داوای پۆسته‌كه‌ ده‌كات
قايمقامى پێشووی داقوق دۆسیه‌ یاساییه‌كه‌ی نه‌برده‌وه‌

كه‌ركوك، 2019، باڵه‌خانه‌ی قایمقامیه‌تی قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

ئه‌میر خواكه‌ره‌م، قایمقامی له‌كارلادراوی داقوق نه‌یتوانی له‌رێی دادگاوه‌ پۆسته‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه‌ و لایه‌نه‌ توركمانییه‌كانیش له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، كه‌سێكی تر له‌ جێگاكه‌یدا دابنێن.

دادگای باڵای ئیداری عیراق، له‌ ناوه‌ڕاستی 2019 بڕیاری كۆتایی دا له‌سه‌ر دوو تانه‌ی ئه‌میر خواكه‌ره‌م، قایمقامی پێشووی داقوق و ره‌تیكرده‌وه‌ جارێكیتر بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ی، له‌ بری ئه‌وه‌، ره‌وانه‌ی خانه‌نشینی كرد.

دكتور ئەمیر خواكەره‌م به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سكاڵام لە دادگای ئیداری تۆمار كردبوو، دوای چه‌ندین دانیشتنی دادگا، گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ پۆسته‌كه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ و دادگا بڕیاریدا خانه‌نشینبكرێم".

تانه‌كانی ناوبراو دژی دوو بڕیاری ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق و راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت بوو.

"من خانه‌نشینم ره‌تكرده‌وه‌ و گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ مامۆستایه‌كی زانكۆ، كه‌ پێش پۆسته‌كانم له به‌شی كۆمه‌ڵناسی زانكۆی سلێمانی وانه‌م ده‌وته‌وه‌" ئه‌میر خواكه‌ره‌م وای وت.

قایمقامی پێشووی داقوق ده‌ڵێت "ھەموو خەڵک و نەتەوە و بەرپرسانیش دەزانن کەیسی ئێمە سیاسییە، ھیچ گەندەڵییەکی ئیداری و دارایی و ئەخلاقیمان نەبووە، منیش سازش لە مافی نەتەوەکەم ناکەم".

amir

ئه‌میر خوداكه‌ره‌م، قایمقامی له‌كارلادراوی قه‌زای داقوق  فۆتۆ: په‌یجی قایمقامیه‌ت

له‌ 21ی تشرینی دووه‌می 2017 ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق متمانه‌ی له‌ ئه‌میر خواكه‌ره‌م سه‌نده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی سنوره‌كه‌، به‌شداری له‌ ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی 2017ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان و رێگه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گای پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ داقوق.

دواتر راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ چواری مانگی ته‌مموزی 2018 بڕیاریدا به‌ لابردنی قایمقامی داقوق، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به‌ یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ هه‌رێم و بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی قه‌زا.

لویس فه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ره‌شاد له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ بۆته‌ قایمقامی داقوق به‌ وه‌كاله‌ت، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هیچ گۆڕانكارییه‌ك نییه‌ له‌ پۆسته‌كه‌دا و هیچ رێكارێكیش نییه‌ بۆ گۆڕانكاری، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زا نه‌ماوه‌".

ئه‌نجومه‌نی قه‌زا و پارێزگاكان له‌ مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی رابردودا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌.

لویس فه‌ندی باسی له‌ هه‌وڵێكی لایه‌نه‌  توركمانییه‌كان كرد بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته كه‌ رێككه‌وتنی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌‌، وتی "پێموایه‌ پۆسته‌كه‌ به‌ وه‌كاله‌ت ده‌مێنێته‌وه‌ تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو".

پۆستی قایمقامی قه‌زای داقوق بۆ چه‌ندین ساڵ وه‌ك پشكی كورد و له‌ نێویاندا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پڕیكردۆته‌وه‌.

لایه‌نه‌ توركمانییه‌كان داوای پشتگیری ئێمه‌یان كرد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی قایمقام

ئازاد رۆسته‌م، كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی كه‌ هاوكات لێپرسراوی كۆمیته‌ی حزبه‌كه‌یه‌ له‌ داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لەگەڵ حزبە توركمانییه‌كان كۆبوینه‌وه‌ و داوای پشتگیری ئێمەیان كرد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی قایمقام، ئێمه‌ش له‌ به‌رانبه‌ردا داوای دوو پۆستی گرنگمان كرد، ئه‌وانیش بەڕێوه‌بەری پۆلیس و فه‌رمانگەی كشتوكاڵ".

لایه‌نه‌ توركمانییه‌كان بڕیاربووه‌ دوای كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك وه‌ڵامی لایه‌نی كوردی بده‌نه‌وه‌ به‌ڵام تائێستا گفتوگۆكان به‌ هه‌ڵپه‌سراوی ماونه‌ته‌وه‌.

لێپرسراوه‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌ڵێت جگه‌ له‌ پۆستی قایمقام، حه‌وت به‌ڕێوه‌به‌ری تری كورد له‌ پۆسته‌كانیان دورخراونه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكی تر له‌ جێگه‌كانیان دانراون.

قەزای داقوق بەدوری 44كم دەكەوێتە باشوری ناوەندی كەركوك‌، دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ كورد، توركمان و عه‌ره‌ب پێكهاتون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT