هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك، داواكاری دروستكردنی لیوایەكی تێكەڵیان لە پێكهاتەكانی پارێزگاكە پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرد. ئەوەش بۆ پاراستنی دانیشتوانی قەزای داقوق.
ئەو داواكارییە لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشی، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی شارەكە و راكان سەعید پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك هات، لەگەڵ ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و دەستەی باڵای هەماهەنگی پارێزگاکان، كە ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغدا بەڕێوەچوو.
جەمال شوکور، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بەشداربوی كۆبونەوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "داوای دروستکردنی لیوایەکمان لە پێکهاتەکان کەرکوک کرد بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی قەزای داقوق و دەوروبەری کە سەر بە وەزارەتی بەرگری یان وەزارەتی ناخۆ بێت".
ئەو داواكارییە دوای ئەو هێرش و پەلامارە یەكلەدوایەكانە هات كەروبەڕوی دانیشتوان و گوندنشینانی قەزای داقوق بۆوە، بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتیان لە ساڵی رابردوەوە كوژراون و ژمارەیەك گوندیش بەتەواوی چۆڵبون. لەگەڵ بەئامانجگرتنی هێزەئەمنییەكان.
رێبوار تەها، پەرلەمانتاری یەكێتی، لەبارەی كۆبونەوەكەی بەغداوە، لە راگەیەنراوێكیدا كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە جەختیكردەوە لە داواكارییەكەیان بۆ دروستكردنی ئەو لیوایە لە پێكهتەكانی كەركوك.
هاوكات نوسینگەی راگەیاندنی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك، جەختیكردەوە لەوەی گفتوگۆیان لەبارەی هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكانی داقوق كردووە و وتی "هەندێك گرفتی ئەمنی هەیە لە باشوری داقوق و داعش تەواوی پێكهاتەكان دەكاتە ئامانج نەك یەك پێكهاتە بەتەنیا".
هەروەها جەختیكردەوە لەوەی تیرۆر دوژمنی هەمووانە و توركمان، كورد و عەرەبیش بوونەتە قوربانی.
تیرۆر دوژمنی هەمووانە و توركمان، كورد و عەرەبیش بوونەتە قوربانی
راكان سەعید زیاتر وتی "بەشداربوانی كۆبونەوەكە رێككەوتن لەسەر داواكاریی و كاركردن بۆ دروستكردنی لیوایەك لە پێكهاتەكانی قەزای داقوق".
ئەو كۆبونەوەیە، بەپێی وتەی رێبوار تەها، دوای ئەوە هات لە ماوەكانی رابردودا وەكو پەرلەمانتارنی یەكێتی لە كەركوك نوسراوێكیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرد و تیایدا خراپی دۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی سەر ژیانی دانیشتووانی قەزای داقوق و گوندەكانی رونكرابۆوە.
قەزای داقوق بەدوری 44كم دەكەوێتە باشوری كەركوك، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد، توركمان و كاكەیی پێكهاتون.