خالد شه‌مۆ بكوژه‌؟
(كه‌ركوك ناو) ورده‌كاریی دۆسیه‌ی گه‌نجه‌ ئێزیدییه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

نه‌ینه‌وا، شوباتی 2020، به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی ئێزیدی شنگال خالد شه‌مۆ به‌ بێتاوان ده‌زانن كه‌ به‌ تۆمه‌تی كوشتن دادگا حوكمی له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ركردووه‌ فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز – شنگال

حوكمی له‌ سێداره‌دانی خالد شه‌مۆ، ئه‌و گه‌نجه‌ ئێزیدییه‌ی به‌ كوشتن تۆمه‌تباركراوه‌ خه‌ریكه‌ له‌ دۆسیه‌یه‌كی یاساییه‌وه‌ بۆ ململانێی هۆز و نه‌ته‌وه‌ ده‌گۆڕێت، به‌وپێیه‌ی سێ به‌ره‌ی جیاواز قسه‌ی دژ بە یه‌كتر ده‌كه‌ن.

هه‌رچی كه‌سوكاری شه‌مۆیه‌، پێداگری له‌ بێتاوانی كوڕه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدایه‌ هۆزی كوژراوه‌كه‌ له‌رێی یاساوه‌ داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن و دادگا ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌دا به‌ هه‌ڵه‌دا چوبێت.

سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و كێشه‌یه‌ بۆ 4ی شوبات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ی دادگای تاوانه‌كانی نه‌ینه‌وا بڕیاری له‌سێداره‌دانی سه‌پاند به‌سه‌ر خالد شه‌مۆ سه‌رحان (21 ساڵ)، به‌ تاوانی كوشتن و به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆری عیراقی.

عه‌زیز محه‌مه‌د سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی له‌ به‌شی تاوانه‌كانی دادگای باڵای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دادگا هیچ بڕیارێك بێ به‌ڵگه‌ نادا‌ت، به‌ڵگه‌ له‌ به‌رده‌ستدایه‌ خالد ده‌ستی له‌ كوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌دا هه‌بووه‌".

دۆسیه‌كه‌ی خالد، له‌سه‌ر كوشتنی گه‌نجێكه‌ به‌ناوی فارس نه‌واف (28 ساڵ) له‌ ئابى 2017 لەسەر‌ سنوری عیراق و سوریا له‌ دیوی قه‌زای شنگاله‌وه‌.

fars
فارس نه‌واف (28 ساڵ) له‌ ساڵی 2017دا كوژراوه‌

نایف جه‌ردۆ ئه‌حمه‌د، نوێنه‌ری هۆزی گه‌رگه‌ری له‌ دۆسەکەدا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "فارس به‌ر له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 كوژراوە، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن چه‌ند هاوڕێیه‌كی خۆیه‌وه‌ له‌ سنوری عیراق و سوریا، به‌وپێیه‌ی فارس له‌ سنوره‌كه‌ كاری بازرگانی ده‌كرد".

"كێشه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دوژمنایه‌تی و ململانێی نێوان هۆزی گه‌رگه‌ری و ئێزیدییه‌وه‌ نییه‌، راسته‌ فارس له‌نێو ئێزیدییه‌كاندا كوژراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كه‌سمان تۆمه‌تبارنه‌كردووه‌ و باوكی كوژراوه‌كه‌ش هانای بۆ یاسا بردوو تا مافی بۆ وه‌ربگرێته‌وه‌" به‌وته‌ی نایف.

دوو مانگ دوای كوژرانی فارس، گه‌نجه‌ ئێزیدییه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ له‌ زینداندایه‌، تا ده‌رچونی بڕیاری دادگا.

كوڕه‌كه‌ی من بكوژ نییه‌ و له‌كاتی روداوه‌كه‌دا له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی قادیا بووه‌

له‌ نێو به‌شێكی ئێزیدییه‌كاندا، حوكمی له‌سێداره‌دانی خالد شه‌مۆ ره‌تده‌كرێته‌وه‌ و به‌ بێتاوانی ده‌زانن.

شه‌مۆ سه‌رحان، باوكی ئه‌و گه‌نجه‌ی حوكمدراوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بڕیاره‌كه‌ی دادگا نادادپه‌روه‌رانه‌یه،‌ چونكه‌ كوڕه‌كه‌ی من بكوژ نییه‌ و له‌كاتی روداوه‌كه‌دا له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی قادیا لە زاخۆ بووه‌ له‌ دهۆك، له‌وه‌شدا شایه‌تحاڵێك هه‌یه‌".

خێزانه‌كه‌ی خالد شه‌مۆ له‌ 2014وه‌ له‌ شنگال ئاوارەبوون و زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ له‌ كه‌مپدا ده‌ژین.

"هیچ كاتێك كوڕه‌كه‌م نه‌چۆته‌ سنوری عیراق و سوریا، ئیتر نازانم چۆن به‌و تاوانه‌ حوكمدراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ بێده‌نگ نابین و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕین" شه‌مۆ وای وت.

xalid shamo (3)

نه‌ینه‌وا، شوباتی 2020، خۆپیشاندان ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ ئێزیدییه‌كان شنگال دژی حوكمی له‌سێداره‌دانی خالد شه‌مۆ فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی 

به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی ئێزیدی، یه‌كشه‌ممه‌ 16ی شوبات له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان رێكخست، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوكمه‌كه‌ی خالد شه‌مۆ.

ئیدریس سه‌رحان، هاوڕێ و دراوسێی ماڵی خالد له‌ كه‌مپی قادیا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "رۆژی كوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌ی هۆزی گه‌رگه‌ری خالد له‌ كه‌مپ بوو، پێكه‌وه‌ به‌شداری مه‌راسیمه‌كانی ساڵیادی كاره‌ساتی 3ی ئاب و هێرشه‌كانی داعشمان كرد بۆ سه‌ر شنگال، ئه‌مه‌شم له‌ دادگادا باسكرد، ته‌نیا له‌ پێناو راستییه‌كاندا".

به‌وته‌ی ئیدریس، هه‌مان رۆژی روداوه‌كه‌، خالد به‌ تۆمه‌تی رێكخستنی خۆپیشاندان له‌لایه‌ن پۆلیسی زاخۆوه‌ ده‌ستگیركراوه‌، ئه‌وه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ له‌ شوێنی كوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام مۆبایله‌كه‌ی لای هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌ و هه‌موو وێنه‌ و ڤیدیۆكانی ئه‌و رۆژه‌یان سڕییه‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ی دادگای نه‌ینه‌وا، هێشتا پله‌ی كۆتایی وه‌رنه‌گرتووه‌ و كه‌سوكاری حوكمدراوه‌كه‌، ده‌توانن تانه‌ی لێبده‌ن.

باوكی گه‌نجه‌ كوژراوه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ كه‌س نه‌كردووه‌ و رێگه‌ی دادگای گرتۆته‌به‌ر

"بڕیاره‌كه‌ ره‌وانه‌ی دادگای پێداچونه‌وه‌ (ته‌میز) ده‌كرێت، له‌وێ چوارده‌ دادوه‌ر به‌ وردی سه‌یری به‌ڵگه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕازی بوون بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێده‌كرێت" به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی له‌ به‌شی تاوانه‌كانی دادگا.

عه‌زیز محه‌مه‌د ده‌ڵێت له‌ ئه‌گه‌ری پێداچونه‌وه‌ له‌لایه‌ن دادگای پێداچونه‌وه‌وه‌ ره‌نگه‌ حوكمه‌كه‌ بگۆڕێت بۆ هه‌تاهه‌تایی یان زیندانی چه‌ند ساڵێك، له‌وه‌شدا ته‌نیا بڕیاری كۆتایی لای دادگایه‌.

له‌ ئێستادا هه‌ردوو به‌ره‌ی تۆمه‌تبار و كوژراوه‌كه‌، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كێشه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا بمێنێته‌وه‌.

"راسته‌ باوكی گه‌نجه‌ كوژراوه‌كه‌ زۆر توڕه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هیچ كه‌س و پێكهاته‌یه‌ك نه‌كردووه‌، ته‌نیا سكاڵای له‌ دادگا هه‌بووه‌ تا به‌ یاسایی مامه‌ڵه‌ بكرێت" نوێنه‌ره‌كه‌ی هۆزی گه‌رگه‌ری واده‌ڵێت.

نایف جه‌ردۆ هێز و لایه‌نێكی تۆمه‌تباركرد به‌ هه‌وڵی گه‌وره‌كردنی دۆسیه‌كه‌ و دروستكردنی كێشه‌ له‌ نێوان هۆزی گه‌رگه‌ری و ئێزیدییه‌كاندا.

jegri mir
نه‌ینه‌وا، شوباتی 2020، سه‌ردانی شاندێكی ئێزیدییه‌كان بۆ دادگای نه‌ینه‌وا له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ی خالید شه‌مۆ فۆتۆ: راگه‌یاندنی جێگری میری ئێزیدیان

شاندێكی كه‌سایه‌تی ئێزیدییه‌كان، له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا چونه‌ دادگای نه‌ینه‌وا، بۆ باسی دۆسیه‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ و رێگریکردن له‌ سەرهەڵدانی ئاڵۆزیی.

جه‌وهه‌ر عه‌لی به‌گ، جێگری میری ئێزیدیان بۆ كاروباری په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه‌ دژی توندوتیژی و كێشه‌ین له‌گه‌ڵ هۆزی گه‌رگه‌ری، بۆیه‌ دانوستان و كۆبونه‌وه‌ی به‌رهه‌مدار له‌نێوان هه‌ردولادا هه‌یه‌، پشتیوان به‌خوا ده‌گه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێكی باش".

جێگری میر، وه‌ك به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی ئێزیدی پێیوانییه‌ خالد سه‌مۆ بكوژ بێت، به‌وپێیه‌ی "شایه‌تحاڵی بێتاوانی و به‌ڵگه‌ی پێویست هه‌یه‌"، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌و ئاڕاسته‌دایه‌ حوكمی له‌سێداره‌دانی ئه‌و گه‌نجه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

به‌پێی نوسراوێكی دادگا كه‌ كۆپییه‌كی لای (كه‌ركوك ناو)ـه‌، له‌ دۆسیه‌ی كوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌دا، جگه‌ له‌ خالد شه‌مۆ دوو تۆمه‌تباری تر هه‌بون و به‌بڕیاری دادگا ئازادكراون به‌هۆی نه‌بونی به‌ڵگه‌ی پێویسته‌وه‌، بڕیاریشه‌ له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا دادگای پێداچونه‌وه‌ حوكمه‌كه‌ یه‌كلاییبكاته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT