قایمقامی چەمچەماڵ بڕیاریدا بە راگرتنی دەوامی تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی قەزاكە كە رۆژانە لەكەركوكەوە هاتوچۆ دەكەن، ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ روبەڕونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. لەگەڵ دانانی تیمێكی پزیشكی تایبەت لە بازگەی بانی مەقان.
ئەو بڕیارەی رمك رەمەزان، لەئەنجامی كۆبونەوەیەكی فەرمانگەكانی قەزاكەدا هات لە بارەی چۆنییەتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنێویاندا فەرمانگەی تەندروستی.
رمك رەمەزان لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "چەند بڕیارێكمان دەركردووە، لەوانە هەوڵدان بۆ رێگریكردن لەو تیمە گەشتییارانەی كە لەڕێی كەركوكەوە دێنە سنوری قەزای چەمچەماڵ و سلێمانی، هەروەها تیمێكی پزیشكی تایبەت لە بازگەی بانی مەقان دادەنێین بۆ پشكنینی ئەو هاوڵاتییانەی لە كەركوكەوە دێن".
هەروەها جەختیكردەوە لەوەی، لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی چەمچەماڵدا گفتوگۆی كردووە و بڕیاریانداوە بۆ ماوەیەكی دیارینەكراو، دەوامی ئەو فەرمانبەرانە رابگرن كە لە چەمچەماڵ دەوام دەكەن و ماڵیان لە پارێزگای كەركوكەوە.
رمك رەمەزان وتی "بەڕێوەبەری فەرمانگەكان، وتویانە دەتوانین شوێنی ئەو فەرمانبەرانە هەر بە فەرمانبەری خۆیان پڕبكەنەوە ومنیش بۆ ئەوە سوپاسین دەكەم، چونكەئەوەلەپێناو ژیانی فەرمانبەران و خەڵكە".
بەپێی ئامارێكی قایمقامیەتی چەمچەماڵ، ئەو فەرمانبەرانەی رۆژانە لەكەركوكەوە دەچنە چەمچەماڵ، لەسەدا 10 بۆ لەسەدا 15ی كۆی فەرمانبەرانی چەمچەماڵ پێكدەهێنن.
هاوكات قایمقامی چەمچەماڵ شوێنێكی تایبەتی بۆ ئەگەری توشبوون و پشكنینی هاوڵاتیانی قەزاكە ئامادەكردووە، ئەوەش لەحاڵەتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ئەو فەرمانبەرانەی رۆژانە لەكەركوكەوە دەچنە چەمچەماڵ، لەسەدا 10 بۆ لەسەدا 15ی كۆی فەرمانبەرانی چەمچەماڵ پێكدەهێنن
ئئەو ئامادەكارییانە هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 25ی شوبات پێنجەم حاڵەتی توشبون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، لە عیراق راگەیەنرا. دوای ئەوەی چوار كەسی یەك خێزان لەكەركوك بەپێی پشكنینی پزیشكی دەركەوت هەڵگری ڤایرۆسەكەن و رۆژی پێشتریش لەنەجەف خوێندكارێكی ئێرانی توشبوو.
بەهۆیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری كەركوك پشوی فەرمییان لە خوێندنگە، پەیمانگە و زانكۆكان راگەیاند. هەروەها پارێزگاری نەینەواش چەند رێكارێكی خۆپارێزی راگەیاند، بە هاوبەشی تەندروستی دەزگا ئەمنییەكان.