باشوری كەركوك
22 هاوڵاتی خراونەتە ژێر چاودێری تەندروستییەوە

كەركوك/ 2017/ نەخۆشخانەی گشتی داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس – داقوق

20 هاوڵاتی لە قەزای داقوق و دوانی تر لە حەویجە خراونەتە ژێر چاودێری تەندروستیییەوە، ئەوەش دوای گەڕانەوەیان لە ئێران، هەرچەندە بەپێی پشكنین دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نین.

سوبحی عەزیز، لێپرسراوی هۆبەى چاودێری تەندروستى لە فەرمانگەی تەندروستی داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "٢٠ هاوڵاتی هەردوو ناحیەی تازە و گوندی بەشیر دوای ئەوەی لە ئێران گەڕاونەتەوە، لە ئێستادا پشكنینیان بۆ كراوە و هەر لە ماڵەكانی خۆیان خراونەتە ژێر چاودێرییەوە".

وتیشی ئەو هەوڵەمان بۆ ئەوەیە، تا دڵنیابینەوە لەوەی هەڵگری ڤایرۆسەكە نین و بەپێی پشكنینەكانیش دەركەوتووە هیچ حاڵەتێكی توشبوونیان بەو ڤایرۆسە تیایدا نییە.

تەندروستی داقوق تیمێكی تایبەتی پزیشكی پێكهێناوە، بۆ روبەڕبونەوەی كۆرۆنا.

هاوكات دوو هاوڵاتی له‌ حه‌ویجه‌ و لە ماڵەكەی خۆیان خراونەتە‌ ژێر چاودێریی ته‌ندروستییه‌وه، كەبە هەمان شێوە لە ئێران گەڕاونەتەوە وبەپێی پشكنین دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكە نین، ئەوەش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 26ی شوبات تۆماركردنی چوار حاڵه‌تی توشبون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ كه‌ركوك راگه‌یه‌ندرا، كه‌ خێزانێك بون و دوای دوو هه‌فته‌ له‌ شاری قوم-ی ئێران گه‌ڕابونه‌وه‌.

دکتۆر فەرمان تاڵەبانى، بەڕێوەبەرى گشتی نەخۆشخانەی داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "نەخۆشخانەى داقوق ئامادەکاریى پێویستی كردووە بۆ روبەڕوبونەوەى هەر حاڵەتێکى نەخوازراو و شانەی قەیرانەكانی دروستكردووە".

تەندروستی داقوق داوا لە هاوڵاتیان دەكات رێکارە تەندروستییەکان رچاو بكەن و لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو سەردانی بنكەكانی تەندروستی بكەن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT