شەشەم حاڵەتی كۆرۆنا لە عیراق تۆماركرا

بەغدا/24ی شوباتی 2020/ چالاكوانانی مەدەنی دەمامك بەسەر خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریردا دابەشدەكەن فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

كەركوك ناو

وەزارەتی تەندروستی عیراق یەكەم حاڵەتی توشبونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبەغدا راگەیاند، بەوەش ژمارەی توشبوان لە عیراق بۆ شەش كەس بەرزبۆوە.

وەزارەت لە راگەیەنراوێكیدا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی شوبات، ئاشكرایكرد كە یەكەم حاڵەتی كۆرۆنا لە بەغدا تۆماركرا.

توشبوەكە گەنجە و دوای ئەوەی لە ئێران گەڕاوەتەوە پشكنینی بۆ كراوە و دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە، بەپێی راگەیەنراوەكە.

هەروەها جەختیكردەوە لەوەی لە ئێستادا توشبوەكە لە نەخۆشخانەیەكی بەغدا لەژێر چاودێریدایە و باری تەندروستی باشە.

سێشەممەی رابردوو 25ی شوبات، چوار حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسەكە لەكەركوك تۆماركرا، كە خێزانێكی چوار كەسی بون و لە ئێران گەڕابونەوە. لە ئیستادا لەژێر چاودێری تەندروستیدان.

هەر لەم هەفتەیەدا خوێندكارێكی ئێران لە شاری نەجەف وەك یەكەم حاڵەتی لە عیراق تۆماركرا و دواتر بۆ ئێران گەڕێنرایەوە.

وەزیری تەندروستی عیراق، كە سەرۆكایەتی لیژنەی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات،  شەوی رابردوو بڕیاریدا بە راگرتنی تەواوی ناوەندەكانی خوێندن، لە 27ی شوبات تا 7ی ئادار.

لەگەڵ داخستنی تەواوی سینەما، یانە كۆمەڵایەتییەكان، بار و شوێنەكانی مەی خواردنەوە و كافێ و چایخانەكان تا 7ی ئادار.

هەروەها رێگەنادات بە گەشتكردنی هاوڵاتیانی عیراقی بۆ وڵاتانی چین، ئێران، ژاپۆن، كۆریای باشور، تایلەند، سەنگافورە، ئیتاڵیا، كوەیت و بەحرەین.

هەرچەندە بەپێی بەیاننامەكە كۆبونەوە و گردبونەوەی جەماوەری قەدەغەكردووە، بەڵام تائێستا خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانەكاندا ماونەتەوە.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT