كورد لە كەركوك؛ موڵك دەفرۆشێت و كڕیار نییە

كەركوك/ لەزۆرێك لەكۆڵانەكانی شار خانوو بۆ فرۆشتن دانراوە، بەنیوەی نرخی سێ ساڵ لەمەوبەر فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – کەركوك

بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كڕیارێك 50 ملیۆن دیناری بە نیهاد هادی دا، تا خانووە 150 مەترییەكەی لەگەڕەكی سەرچناری كەركوك پێبفرۆشێت. نیهاد پێیوابوو خانووەكەی زیاتر دەكات و هەموو كڕیارەكانی بەڕێدەكرد.

دوای سێ ساڵ، هەڵومەرجەكە پێچەوانە بۆتەوە. نیهاد بەدوای كڕیارەكانەوەیە و لافیتەیەكیشی بەسەر خانووەكەیدا هەڵواسیوە "دار للبیع"، بەڵام تەنیا نیوەی نرخی پێشوی پێدەدەن.

بەدەگمەن نەبێت، لە هەموو كۆڵانێكی كوردنشین لە كەركوك لافیتەیەكی هاوشێوەی خانووەكەی نیهاد دەبینرێت. نوسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوبەرە پڕبون لەژمارە و ناونیشانی ئەو خانوانەی بۆ فرۆشتن دانراون. بەڵام كەمترین كڕیار هەیە.

نیهاد هادی لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە هەولێرەوە بۆ كەركوك گەڕاوەتەوە. ئێستا جارێكی تر دەیەوێت شارەكە چۆڵبكات و ماڵی بۆ قەزای چەمچەماڵ بگوازێتەوە.

"بۆ من ئەم شارە هیچ دڵخۆشەکەر نییە، ژیانی تێدا نەماوە، ترس و مەرگ چاوەڕێمان دەكات. من دەمەوێت خانوەکەم بفرۆشم و لێرە نەمێنم".

بۆ من ئەم شارە ژیانی تێدا نەماوە، دەمەوێت خانوەکەم بفرۆشم و لێرە نەمێنم

دانانی خانوو  و موڵك بۆ فرۆشتن لە كەركوك لەلایەن كوردەوە، كە داتەپینی نرخی خانوبەرەی بەدواداهاتووە، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە  دەستیپێكردووە. كاتێك هێزە عیراقییەكان بۆ پارێزگاكە گەڕانەوە و لە هەفتەی یەكەمدا سەدان خێزان ماڵەكانیان بەرەو هەرێمی كوردستان جێهێشت.

نیهاد وتی "هەر رۆژە و گێچەڵێكمان پێدەكەن... ئەوەتا بە بیانوی زیادەڕۆ بچوکترین خزمەتی گەڕەكە كوردییەكان ناكرێت".

بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، لەزۆرینەی كۆڵانەكانی كەركوك خانوو بۆ فرۆشتن دانراوە، تەنانەت كۆڵان هەیە لانیكەم پێنج لە خانووەكانی بۆ فرۆشتن دانراوە.

kirkuk-8
كه‌ركوك، هاوینی 2017، گه‌ڕه‌كێكی كۆنی ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

 

محەمەد عوسمان، هاوڵاتییەكی گەڕەكی باروتخانە لەكەركوك، وتی "خانوەكەم دەفرۆشم چونكە پێش 16ی ئۆكتۆبەر بە نرخێكی باش دەمدا بەكرێ، بەڵام ئێستا كەس نییە تا بیدەم بە كرێ".

زۆرینەی ئەوانەی خانووەكانیان بۆ فرۆشتن دانراوە كوردن، لەكاتێكدایە بەراورد بە روداوەكانی 2017ی نرخی خانوبەرە بۆ نیوە دابەزیوە و تەنانەت كڕیاریشیان نییە.

ستار جەباری، خۆشنوس لە گەرەِکی رەحیماوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "رۆژانە حەوت بۆ 10 كەس داوای نوسینی لافیتەی فرۆشتنی خانوی لێدەكەن، بەڵام بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر بە هەفتەیەك یەك لافیتەم دەنوسی".

"هەموو ئەوانەی دێنە لای من كوردن، پێیاندەڵێم بۆچی خانوەكەت دەفرۆشیت، دەڵێت ئەم دۆخەم پێ قبوڵناكرێت"، ستار وایوت.

ئەوەش لەكاتێكدایە كەمنین ئەوانەی پێیانوایە دۆخی كەركوك كێشەی نییە. تا بەو شێوەیە خانوو و موڵكەكانیان هەرزانفرۆش بكەن.

هیوا محەمەد (37ساڵ)، دوكانی فرۆشتنی خۆراكی هەیە، وتی "بەشێكی زۆری ئەوانەی لە كەركوك دەڕۆن لەگەڵ حزبەكاندا كاردەكەن و دەوامیان چۆتە سلێمانی و هەولێر، دەیانەوێت بە پارەی خانوو و موڵەكانیان لە هەرێم شتێك بكڕن، بەشێكی تریان ئەوانەن كە پێشتر دەسەڵات و هێزیان هەبوو لەم شارە و ئێستا نیانە بۆیە جێیدەهێڵن".

ئەو وتی "گەڕان و پشكنین لە هەموو گەڕەكێك هەیە، تەقینەوە نییە و خەڵكی كاری خۆی دەكات ئیتر بۆ خانوەكانیان هەزانفرۆش دەكەن". ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ ئەوانەی دەڵێن "كەركوك ژیانی تێدا نەماوە."

گەڕان و پشكنین لە هەموو گەڕەكێك هەیە، تەقینەوە نییە و خەڵكی كاری خۆی دەكات ئیتر بۆ خانوەكانیان هەزانفرۆش دەكەن

پەیوەند عاسی، خاوەنی نوسینگەی زەویی و خانوبەرە، رۆژانە دوكانەكەی جمەی دێت لە فرۆشیاری خانوو و موڵك، بەڵام كڕیار زۆر بە كەمی سەردانی دەكەن.

"بەشێك لەوانەی دەیفرۆشن، دەیانەوێن خانوی تر بكڕن، بەشێكی تریان هەر دەیانەوێت كەركوك جێبهێڵن... زۆری فرۆشتنی خانوو و زەوی، وایكردووە، نرخەكەی بۆ  نیوە داببەزێت"، پەیوەند عاسی وایوت.

xanw-3-1
كه‌ركوك/ تشرینی دووه‌می 2018/ جیاكردنه‌وه‌ و دروستكردنی خانوو به‌شێوه‌ی زیاده‌ڕۆ له‌ گوندی رجێبات له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی شارەکە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ترس لە روخاندن و دەستبەسەراگرتنی موڵكەكانیان، بەهۆی ئەوەی تاپۆیان نییە بەشێكی ترە لە گەرمبونی بازاڕی فرۆشتنی خانوو.

بەگشتی زۆرینەی ئەوانەی خانوەكان دەفرۆشن كوردن، كڕیارەكانیش زیاتر عەرەب یان توركمانن، وەك خاوەنی نوسینگەكانی خانوبەرە جەختیانلێكردەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەتی عیراق بڕیاریداوە خانووە بێ تاپۆكان، تاپۆ بكات، ئەوەش بەپێی بڕیارێك كە لەكۆتایی 2019 دەریكرد.

بەپێی بڕیارەكە  پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت موڵكه‌كه‌ی له‌سه‌ر تاپۆبكرێت، سه‌دا 5ی پاره‌ی موڵكه‌كه‌ بدات و ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌كرێت به‌ قیست و له‌ ماوه‌ی 20 ساڵدا ده‌یدات به‌ حكومه‌ت.

ئەڵماس فازڵ، ئەندامی پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "وەزارەتی شارەوانییەکانی عیراق سەرقاڵی میکانزمێکە تا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان دەستبکات بە رێکارەکان بۆ تاپۆکردنی خانوە بێت بێ تاپۆکان".

بەڵام بڕیارەكە هەرچۆنێك بێت، هیچ لە بۆچونی نیهاد ناگۆڕێت. "تەنانەت ئامادەم هەرزانفرۆشی بكەم... دابەزینی نرخی خانوو، واتە ژیان لێرە بەهاكەی كەمبۆتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT