ژماره‌یه‌ك له ده‌رچوانی ئه‌ندازیاری له كه‌ركوك، بۆ جاری سێیه‌م گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا و داوایانكرد دابمه‌زرێندرێن.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 8ی ئادار، ده‌رچوانی كۆلێژه‌كانی ئه‌ندازیاری له به‌رده‌م ئیداره‌ی كۆمپانیای نه‌وتی باكور له گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌فه‌ی كه‌ركوك گردبونه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك به ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه بڕوات.
دێرین ره‌ئوف، ده‌رچوی ئه‌ندازیاری و به‌شداربوی گردبونه‌وه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "حەوت ساڵە كۆلێژم ته‌واوكردووه و دانەمهزرێنراوم، لە كاتێكدا كۆمپانیای نەوت لە شاری كەركوكە به‌ڵام كەسانی دەرەوەی پارێزگای كەركوك سودی لێدهببینن نه‌ك دانیشتوانەكەی".
یه‌كه‌م گردبونه‌وه‌ی ده‌رچوانی ئه‌ندزیاری له 15ی كانونی دوه‌می 2020 و یه‌كه‌م گردبونهوهشیان له 24ی كانونی یه‌كه‌می 2019دا ئه‌نجامدا.
ئیبراهیم كه‌نعان، به‌شداربوی گردبونه‌وه‌كه وتی "غه‌در له هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی شاره‌كه كراوه نه‌وه‌ك یه‌ك نه‌ته‌وه، به‌راستی ناكرێت 16 ساڵ بخوێنین و دواتر له ماڵه‌وه دابنیشین".
پێشتر زیاد له جارێك ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌ڵێنی گه‌یاندنی داواكاری ده‌رچوانی ئه‌ندازیاری داوه به به‌غدا به‌ڵام تائێستا داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێنه‌كراوه.
عه‌لی حه‌مادی، یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك بۆ كاروباری هونه‌ری له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ده‌رچوانی ئه‌ندازیاری، جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی پارێزگار نوسراوێكی فه‌رمی ناردۆته سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌مینداریه‌تی گشتی، تا دابمه‌زرێندرێن له پرۆسه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه و یه‌كسان له نێوان پێكهاته‌كاندا.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، حه‌مادی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌ده‌ن، ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی ناوه‌ندی وه‌ربگرن بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دامه‌زراندن و پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له 2020دا خانه‌نشینده‌كرێن.
پێشتریش زۆرینه‌ی ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی كه‌ركوك، به به‌شه جیاوازه‌كانه‌وه، زیاد له جارێك گردبونه‌وه و خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا، تا له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه دابمه‌زرێندرێن.