"بێقەزابی هەر کەسوکاریان دەیانکوژن و هەر خۆشیان فڕێیان دەدەن، ئەمانە کەس سەردانیان ناکات، بە زیندویی و بەمردویش هەر تەنیا بون"، رەئوف محەمەد 45 ساڵە گۆڕهەڵکەنە، بەمشێوەیە پێناسەی ئەو گۆڕستانە دەكات كە شارەوانی سلێمانی تەرمەكانیان بەخاكدەسپێرێت.
گۆڕستانەكە دەکەوێتە بەشی خواروی گردی سەیوان لە خۆرهەڵاتی سلێمانی و باوەشی بۆ نزیکەی دوو هەزار گۆڕی ژن و پیاو کردۆتەوە.
لە روکەشدا گۆڕەكان جیاوازن و بە ئاسانی لەو گۆڕستانە جیادەكرێتەوە كە لە تەنیشتیەوەیە. ناوی سەر کێلەکان بە ڕەنگی سور نوسراون، بەشێكی شكاون و ناڕێکی گۆڕستانەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمان لە توێژێکی دیکەی کۆمەڵگە بون، ڕەنگە لە بەدبەخترین؛ هەندێک لە نوسراوەکان تەنیا بە ژمارە نوسراون و هەندێکیان ئاماژە بە ڕەگەزەکەیان کراوە.
گۆڕستانی بێسەروشوێنەکان لە سلێمانی و هەولێر، مەزاری چەندین نهێنی ژن و پیاوی کوژراون. كە دور لە چاوی كەسوكاریان تەرمەكانیان بەخاكسپێردراون.
رەوف محەمەد کە ماوەی 45 ساڵە گۆڕهەڵکەنە وتی "گۆڕستانی بێکەسەکان، ژن و پیاو و منداڵ و پیری تێدایە، بەڵام پیاوی زیاتر تێدایە، ئەم تەرمانە لە شارەوانییەوە دەهێنرێن، پاش ئەوەی دوو مانگ لای خۆیان گلیاندەدەنەوە"، زیاتر وتی "ئەگەر خاوەنی بۆ پەیدانەبوو دەهێنرێن و لێرە بە خاکدەسپێردرێن".
گۆڕستانی بێکەسەکان، ژن و پیاو و منداڵ و پیری تێدایە، بەڵام پیاوی زیاتر تێدایە
عوسمانی گۆڕهەڵکەن دوازدە ساڵە مردوشۆرو گۆڕهەڵکەنی ئەو مردوانە بوه کە بێ ناسنامەن و ڕێی مردن و بەخاکسپاردنیان کەوتوهتهوه ئەم گۆڕستانەوە، دەڵێت "ههموو ساڵێک چهند ژنێکی کوژراو لێره دهنێژرێن، له ساڵی ٢٠١٩ دا ژنێکی گهنجی رۆژههڵاتی کوردستانم بهخاکسپاردووه که پاش کوشتنی، تهرمهکهیان لەناوچهی شارباژێر فڕێدابو، تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو، ماوهی ٢ مانگ لەبنکەی پزیشکی دادوەریی مابۆوه، کەس نەبوو بەخاوهنی، کەسیش نەیزانی لەسهرچی کوژراوە".
ئاماژەی بهوه ئەوەشكرد، ژمارهی ئهو ژنانهی بههۆی کێشهی کۆمهڵایهتییهوه دهکوژرێن کهس لێیان ناپرسیتهوه، ساڵی وایه 10 ژنی کوژراوم لهم گۆڕستانهدا بهخاکسپاردوه، که دوای بهخاکسپاردنیان کەس نەهاتۆتە سەر گۆڕەکانیان.
ئێرە هەر وا بووە دوا ماڵییانە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا هەموان ئەزانن بەردەوام لێرەن کەس سەردانیان ناکات. عوسمان دەڵێت "تەنیا کەسێک هاتبێتە سەردانی ئەم گۆڕستانە گەنجێکی خەڵکی کەلار بوو، ویستبوی گۆڕی کچێک بەرێتەوە بۆ کەلار کە گوایە خۆشەویستی بوە و لە لایەن کەس و کارییەوە کوژراوە، بەڵام ڕێگری لێکرا".
بهپێی ئامارهكانی بهڕێوەبهرایهتی گشتی پۆلیسی ههرێم 50 ئافرەت لە ساڵی 2019دا كوژراون، كە 18یان لە پارێزگای هەولێر و 12یان لە پارێزگای سلێمانی بون. له ههڵهبجه و گهرمیانیش هیچ حاڵهتێكی كوشتنی ژنان تۆمارنهكراوه.
بەڵام بەوتەی بەشی ئاماری پزیشکی دادوەری سلێمانی ئەوانەی لە ٢٠١٩دا لەو گۆڕستانەی سلێمانیدا بەخاکسپێردراون، دوو تەرم بون و هەردوكیان پیاو بون، ئەوەش ئەو راستییە دوپاتدەکاتەوە کە ئەوانەی لەوێ دەنێژرێن هەر بەتەنیا ئافرەت نین.
دکتۆر بەرزان محەمەد عەلی پزیشکی پسپۆڕی دادوەری پێشکەوتوو دەڵێت كە ئەو کەیسانە لایەنی لێکۆڵەر دەیانهێنێت، لەوانەش پۆلیس یان ئاسایش.
وتیشی "پۆلیسی ئەو شوێنەی ڕوداوەکەی تێدابووە، بڕیاری دادوەر وەردەگرێت و فۆڕمێکی بۆ پڕدەکرێتەوە "فۆڕمی توێکاریی و داواکاری"، لەگەڵ تەرمەکەدا دەیهێنێت، ئەگەر تەرمەکە نەناسراو بوو پێش هەموو شتێک ئێمە هەوڵی ناسینەوەی دەدەین".
ئەگەر تەرمەکە نەناسراو بوو پێش هەموو شتێک ئێمە هەوڵی ناسینەوەی دەدەین و بۆ ماوەی دوو مانگ لە فرێزەردا دەیهێڵینەوە
بەڵگەی تاوان وێنەی تەرمەکە دەگرن، هەموو زانیارییەکانی وەک ڕەنگی جلوبەرگ، چی لە ناو گیرفانەکانیدایە لە فۆرمەكەدا تۆماردەكەن.
"تەرمەکە دێتە ئێرە و هەر لێرەلەگەڵ فۆرمێك رادەستی پۆلیسی ئێمە دەکرێت... پاشان رێکارەکان بۆ ناسینەوەی تەرمەکە بەشێوەیەکی زانستی دەستپێدەکات، وهەموو زانیارییەکانی تەرمەکە دەنوسرێت وەک ڕەنگی چاو ڕەنگی قژ ڕەنگی پێست باڵا و ووردەکاری وەک خاڵی سەر پێست"، دكتۆر بەرزان وایوت. لەگەڵ توێکاریی كردن بۆ ئەوەی بزانرێت هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی ئەو کەسە چی بووە.
بە پێێ یاسا دوو مانگ تەرمەكە لە فرێزەرەکانی پزیشكی دادوەری هەڵدەگیرین، لەو ماوەیەش هەندێک کاری کارگێڕی دەکرێت، لەوانە ڕاگەیاندن ئاگاداردەکرێتەوە کە تەرمێک بەو ناونیشانانەی کە تۆمارکراون لای پزیشکی دادوەرییە، ئەوەش هەر بەوتەی دكتۆر بەرزان.
"ئیتر دوای ئەو رێکارانە ئەگەر کەسوکاری تەرمەکە هاتن و بە پێی یاسا سەلماندیان ئەو تەرمە کەسێکی ئەوان بووە، ئێمە تەرمەکەیان ڕادەست دەکرێتەوە".
ئەگەر لەو دوو مانگەدا هیچ کەسێک داوای تەرمەکەی نەکرد، ئەوا دادوەری لێکۆڵینەوەی ئەو کەیسە لەتەواوبونی ماوەی یاسایی پاراستنی تەرمەکە ئاگاداردەكرێتەوە و بەبڕیاری دادوەر شارەوانی بەڕێكارەكانی بەخاكسپاردنی هەڵدەستێت.
شارەوانی سلێمانی شوێنی ناشتن دیاریدەكات و بەڵێندەرەكانیش دەیشۆن و كفن ودفنی دەكەن و بەخاكی دەسپێرن.
شارەوانی سلێمانی شوێنی ناشتن دیاریدەكات و بەڵێندەرەكانیش دەیشۆن و كفن ودفنی دەكەن
هەموو تەرمێک ئەگەر ناسراو یاخود نەناسراو بێت ژمارەی هونەری هەیە بۆ ئەوەی هەر کات پێویست بکات جارێکی دیکە کەیسەکەی پێداچونەوەی بۆ بکرێت.
بەپێی ئامارەكان 46 حاڵەتی كوشتنی ژنان لە ساڵی 2018ەوە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە. ئامارەكە ساڵی 2017 بەرزتربوو كە 50 حاڵەت بووە. بەپێی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
بەڵام شەهلا حسێن، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێت "ژنکوشتن و دیارنەمانی ژن، خەریکە دەبێتە دیاردە. جگە لەو ژمارە زۆرەی لە میدیاکانەوە دەخرێنەڕو، زۆری دیکەش بێ ئەوەی چاوی میدیا پێی بزانێت بێ سەروشوێن دەکرێن".
بە ووتەی شەهلا، "هیچ ئامارێک لە هەرێم نییە بتوانێت ڕاستی و ژمارەی ئەو کێشەیە یەکلاییبکاتەوە.
"بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەرگە بە ئازارانەی ژنان پێویستە کار لەسەر تاک بکەین و جیاوازی ڕەگەزی کەم بکەینەوە، ئەمەیش پێویستە لە پەروەردەوە دەستپێبکات، پێویستە ئەم تۆوی یەکسانییە لە ڕۆحی منداڵەکاندا بچێنین"، شەهلا وایوت.
رەوەند سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت "هەر ئامارێك ئەوەمان پێدەڵێت لە كۆمەڵگادا ژنێك دەبێتە قوربانی، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ساڵ بە ساڵ ڕێژەی سكاڵا زیاد دەكات، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كەوا كۆمەڵگەی كورد و ژنان بە تایبەتی هۆشیار بونەتەوە لە چۆنیەتی وەرگرتنەوەی مافەكانیان لەڕێگای تۆماركردنی سكاڵاوە".
"هەستمانكردووە لەدوای كرانەوەی هێڵی گەرمی ١١٩ ژمارەی تۆماكردنی سكاڵا لەلایەن ژنانەوە زیادیكردووە، لێرەشەوە داوا لە ژنان دەكەین لەبری ئەوەی پەنا ببەنە بەر خۆكوشتن یان و خۆسوتان، پەنا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی ببەن بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا بۆ ئەوەی بتوانین بەڕێگای یاسایی مافەكانیان بۆ بگەڕێنینەوە"، رەوەند وایوت.