ماڵەوە هەر شیرینە
ئاوارەكان بەهۆی كۆرۆناوە كەمپەكان جێدەهێڵن

شنگال/25ی شوباتی 2020/ تیمە تەندروستییەكانی ناحیەی سنونێ هۆشیاریی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا بە خوێندكاران و هاوڵاتیاندەدەن فۆتۆ: تایبەتبەكەركوك ناو

ئیبراهیم ئێزیدی - شنگال

تەنیا لەماوەی 10 رۆژی رابردودا لانیكەم 60 خێزانی ئاوارە كەمپەكانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان بۆ قەزای شنگال، ئەوەش لەترسی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا. بەڵام داخستنی رێگای دهۆك – شنگال بووە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی خێزانی تر.

موراد خەلەف، بەڕێوەبەری نوسینگەی قایمقامی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە عیراق و دواتر لە هەرێمی كوردستان، ئاوارەكان وردە وردە كەمپەكانیان جێدەهێشت و دەگەڕانەوە زێدی خۆیان لەشنگال، بەهۆی ترسی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لەناو كەمپەكاندا".

بەپێی ئامارێكی ئیدارەی شنگال تەنیا لە 10 رۆژی رابردودا لانیكەم 60 خێزان گەڕانەوە زێدی خۆیان.

موراد وتی "بەڵام ماوەی سێ رۆژە رێگەی هاتوچۆی نێوان شنگال - دهۆک داخراوە، بەهۆیەوە گەڕانەوەی ئاوارەكان لە كەمپەوە بۆ زێدی خۆیان راوەستاوە، ئەگینا ژمارەیەكی زۆرتر دەگەڕانەوە".

"ئاوارەكان پێیانوایە شنگال شوێنێكی قەرەباڵغ نییە، بۆیە گەڕانەوەیان پێ باشترە، وەك ناو كەمپەكان كە قەرەباڵغترە"، موراد وایوت.

ئاوارەكان پێیانوایە شنگال شوێنێكی قەرەباڵغ نییە، بۆیە گەڕانەوەیان پێ باشترە

ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا لە پارێزگای نەینەوا و قەزای شنگال، هیچ حاڵەتێکی توشبوون و گوماناوی تۆمارنەكراوە.

بەر لەداخستنی رێگاكان، لەچوارچێوەی رێنماییەكانی ئیدارەی شنگال بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە بازگەكان پشكنین بۆ هاوڵاتیان دەكرا. ئێستاش هەردوو نەخۆشخانەی گشتی شنگال و سنونێ بۆ پشكنینی هاوڵاتیان بەردەوام كراوەیە.

campkabartoo
دهۆك، 2019، كه‌مپی كه‌به‌رتوو كه‌ زۆرینه‌ی ئاواره‌ ئێزیدییه‌كانی شنگالی تێدا ده‌ژی فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

 

خەلەف عیدو، ئاوارەی ئێزیدی لەكەمپی قادیا لە پارێزگای دهۆك، لەم یەك دوو رۆژەدا خۆیان ئامادەكرد كەمپەكە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ شنگال، بەڵام رێگا بەتەواوی داخرا.

خەلەف بە (كەركوك ناو)ی وت "ناو کەمپەکان زۆر قەرەباڵغن، ئەگەر کەسێک توشی ڤایرۆسەکە ببێت، ئیتر خەڵک ناتوانێت لەنێو کەمپەکاندا خۆیان بپارێزین... خێمەمان هەیە لەم كەمپە 10 كەس تیایدا دەخەوێت".

بەپێی ئامارەكانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی عیراق و هەرێمی كوردستان، 76 توشبوو تۆماركراون، لەنێویاندا 16 كەس چاكبونەتەوە و هەشت كەس گیانیانلەدەستداوە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT