ژنێكی 20 ساڵ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی "ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو خۆی سوتان"، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك دوای ئەوە هات كە لە هاوژینەكەی جیابۆتەوە و رێگەیان نەداوە منداڵەكانی لا بمێنێتەوە.
كاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ی ئادار، بنكەی پۆلیسی دۆمیز لە "حاڵەتێكی خۆ سوتاندن" ئاگاداردەكرێتەوە لەگەڕەكی نەدا.
سەرچاوەیەكی پۆلیس كە لەبەر ئەوەی كەیسەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە و رادەستی دادگا كراوە، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "تیمهکانى پۆلیس گەیشتنە شوێنی روداوەكە و دهستیان به لێکۆڵینهوه کرد، ئەو كەسەی خۆی سوتاندووە 20 ساڵە و ماوەیەكی كەمە لە هاوژینەكەی جیابۆتەوە".
ئەو وتی "بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس ژنەكە خۆی سوتاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە 12ی ئادار منداڵەكانیان لێسەندۆتەوە و نەیانهێشتووە لای ئەو بن".
ژنەكە خۆی سوتاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە 12ی ئادار منداڵەكانیان لێسەندۆتەوە
پۆلیس هیچ ئاماژەی بە ژمارەی منداڵەكانیی ئەو ژنە نەدا، هەروەها نەچووە نێو وردەكاریی ئەوەی كێ و چۆن منداڵەكانیان لێسەندۆتەوە.
ژنەكە لەوكاتەی خۆی سوتاندووە لەماڵی باوكی بووە و بەهۆی زۆری رێژەی سوتاوییەكەی لەگەڵ گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.
لەمانگی شوباتی رابردوو، سهجاد جومعه، بهڕێوهبهری نوسینگهی كهركوكی كۆمسیۆنی مافهكانی مرۆڤ بە (كەركوك ناو)ی وت "كەركوك یەکەمی لیستى پارێزگاکانى عیراقی گرتووە لە خۆكوشتندا، زۆربەی حاڵەتەكان لە رەگەزی مێن..."، زیاتر وتی "106 حاڵەتی خۆكوشتن لە ساڵی 2019 لەكەركوك تۆماركراون، ئەو 106 كەسە تەنیا ئەوانەن ئێمە ئاگادارین، رەنگە حاڵەتی زیاتریش هەبێت".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو ژمارەیە زیاترە لە هەر پارێزگایەکی تری عیراق لەوانەش بەغدا كە لەو ساڵەدا 102 حاڵەت تۆماركراوە.
هاوكات ئیلهام نوسرەت تورمڵى، سەرۆکى رێکخراوی ژنانى تورکمان، وتی "نابێت ئەوەمان بیربچێت، لە كەركوك دەیان حاڵەتی كوشتنی بەئەنقەستی ژنان هەبووە كە بە خۆكوشتن تۆماركراوە، دۆسییەكانیان بەناوی سوتان، یان لەدەستدەرچونی فیشەك لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە تۆماركراوە". ئیلهام وتیشی "ئەم درامایانە بەردەوامن".
لەگەڵ ئەوەشدا، وتی حاڵەتی خۆكوشتن هەیە و هۆكارەكانی بۆ بێكاریی و نا هۆشیاریی گەنجان گەڕاندەوە.