کۆمپانیانی کریسنت پێترۆلیۆم و دانا گاز، کە بەڕێوەبەری کێڵگەکانی خۆرمۆرن لەسنوری چەمچەماڵ، رایدەگەیەنن كە هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا نە لە کێڵگەی خۆرمۆر و نە لە هیچ ئۆفیسێکیان لە هەرێمی کوردستانی عیراق تۆمارنەکراوە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی ئەو سێ کەسەی پشکنینیان بۆ کراوە، لەوكاتەوە جیاکراونەتەوە و لەناوچەیەکی پارێزراودان لە کێڵگەکەدا و 14 رۆژەكەیان تەواوكردووە.
کریسنت پێترۆلیۆم و دانا گاز، لە رونكردنەوەیەكدا بەناونیشانی "کارمەندانی خۆر مۆر هەڵگری فایرۆسی کۆرۆنا نین"، كە تایبەت بۆ (كەركوك ناو)یان ناردووە، هاتووە "خۆشحاڵین بە بەڕاگەیاندنی کەرەنتینەکردن بۆ خۆپاراستن و ئەنجامی نەرێنی پشکنینی سێ کارمەندەکە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا. پشکنینەکان دڵنیاماندەکەنەوە کە هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا نە لە کێڵگەی خۆرمۆر و نە لە هیچ ئۆفیسێکمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمار نەکراوە".
پشکنینەکان دڵنیاماندەکەنەوە کە هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا نە لە کێڵگەی خۆرمۆر و نە لە هیچ ئۆفیسێکمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمار نەکراوە
سێ کارمەندەکە بەپێی رونكردنەوەكەی کریسنت پێترۆلیۆم و دانا گاز، بە فڕۆکەی قەتەریی و لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ١٢ی ئادار گەیشتونەتە هەرێمی كوردستان و هاتووە "هاتنە کێڵگەی خۆرمۆر لە هەمان شەودا. ئەوان پەیوەندیان پێوە کرا لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی و ناوخۆوە بۆ پشکنینی ڤایرۆسەکە لەبەرئەوەی یەکێک لە سەرنشینەکان لە فڕۆکەکدا هەڵگری فایرۆسەکە بوو. سێ کەسەکە پشکنینیان بۆ کراوە و جیاکراونەتەوە لەوکاتەوە لە ناوچەیەکی پارێزراودان لە کێڵگەکدا".
کریسنت پێترۆلیۆم و دانا گاز، جەختدەكەنەوە لەوەی "تەندروستی و باشی کارمەندەکان گرنگترینن بۆ ئێمە. کریسنت پێترۆلیۆم و دانا گاز چەند رێکارێکیان گرتۆتەبەر بۆ سەلامەتی کارمەندەکانمان. کارمەندەکانمان چالاکییە گروپیەکانیان کەمکردۆتەوە و ناوچەکەش دەرمانڕێژ کراوە".
هەروەها هاتووە "دەرمان بەردەستە بەبەردەوامی، هەر کارمەندێک نەخۆش بکەوێت دەبرێتە ناوچەیەک تایبەت بۆ جیاکردنەوەیان".
دەرمان بەردەستە بەبەردەوامی، هەر کارمەندێک نەخۆش بکەوێت دەبرێتە ناوچەیەک تایبەت بۆ جیاکردنەوەیان
دوێنێ سێشەممە 24ی ئادار، سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە لیژنەی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەمچەماڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت "گومان دەكرا یەكێك لەو سێ كەسەی كە لەڕێی فڕۆكەخانەوە گەیشتنە كێڵگەی خۆرمۆر، هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابن، بۆیە لیژنەیەكی تەندروستی چووە كێڵگەكە و پشكنینی بۆ ئەو سێ كەسە كرد، بەپێی پشكنینی یەكەم دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكە نین، بەڵام ئێمە هەر لەناو كێڵگەكەدا جیامانكردونەتەوە، بۆ ئەوەی تێكەڵی كارمەندانی كۆمپانیاكە نەبن".
لەگەڵئەوەشدا بەبڕیاری لیژنەی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەمچەماڵ و سلێمانی، بڕیاردرا تەواوی ئەو 280 كارمەندەی كۆمپانیاكە بۆ ماوەی 14 كەرەنیتبكرێن و بەهیچ شێوەیەك رێگەنەدرێت ئاڵوگۆری ستاف بكرێت.