پێنج توشبوی كۆرۆنا له شاری كه‌ركوك تۆماركران، چوار كه‌سیان له یه‌ك خێزانن و به‌ركه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرێكی ڤایرۆسه‌كه‌دا هه‌بووه، به‌هۆی مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری په‌تاكه‌شه‌وه ده‌یان هاوڵاتی له شاره‌كه‌دا كه‌ره‌نتینه كراون.
به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی كه‌ركوك، پێنج هاوڵاتی نیشته‌جێی ناوه‌ندی شار توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، دوای دڵنیابونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجامی پشكنینه‌كانیان له تاقیگه‌كانی به‌غدا.
كه‌ریم وه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ژماره‌یه‌ك پشكنین كراوه و له ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وتووه پێنج كه‌س توشی كۆرۆنا بون، كه چوار كه‌سیان له یه‌ك خێزانن و كه‌سوكاری توشبوه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی شۆرجهن".
ئه‌و چوار كه‌سه خێزانی ئه‌و ئافره‌ته‌ی گه‌ڕه‌كی شۆرجه‌ی كه‌ركوكن كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر توشی كۆرۆنا بوو.
"توشبوی پێنجه‌م په‌رستیاره، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له توشبوه‌كان گه‌شتی ده‌ره‌وه‌یان نه‌بووه و ته‌نیا به‌هۆی به‌ریه‌ككه‌وتنه‌وه توشی ڤایرۆسه‌كه بون" به‌وته‌ی وه‌لی.
ئه‌و په‌رستیاره، له گه‌ڕه‌كی شۆرجه شوێنێكی بۆ ده‌رزیلێدان و ته‌داوی هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ی له گه‌ڕه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌یه به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌بووه و چاره‌سه‌ری بۆ كردووه، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ربكه‌وێت توشبوی كۆرۆنایه.
له ئێستادا به‌پێی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان هه‌ركه‌سێك له‌گه‌ڵ ئه‌و پهرستیارهدا به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌بووه و بۆ هه‌ر چاره‌سه‌رێك سه‌ردانی كردووه پێویسته پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئه‌نجامبدات.
له چه‌ند شوێنێكی تری كه‌ركوك، مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا هه‌یه به‌هۆی به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ توشبوانی تره‌وه، به‌وهۆیه‌وه ده‌یان هاوڵاتی كه‌ره‌نتینه‌كراون، جگه له ناحیه‌ی له‌یلان و تازه‌خورماتوو كه به ته‌واوی سنوره‌كه خراونه‌ته ژێر چاودێری ته‌ندروستییه‌وه.
سەباح نامیق، جێگری بەڕێوبەری تەندروستی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆی گشتی ئەو كەسانەی لە كەرەنتیدان ژمارەیان 44 كەسه، له نێویاندا 10 كه‌س له خانه‌واده‌ی توشبویه‌كی له‌یلان، 25 له كه‌سوكاری توشبویه‌كی تازه‌خورماتوو".
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه گومان له هه‌ر كه‌سێك بكرێت به‌هۆی به‌ریه‌ككه‌وتنی له‌گه‌ڵ توشبوان ئه‌وا كەرەنتینە دەكرێت و له رۆژانی داهاتوودا چەندین پشكنینی تر ئەنجامدەدەن.
ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، له پێناو رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌رێگه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتن و قه‌ره‌باڵغییه‌وه، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری عیراق قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی راگه‌یاندووه و تا 11ی نیسانیش درێژه‌ی ده‌بێت.
حاڵه‌ته‌كانی توشبون به كۆرۆنا له كه‌ركوك 17 كه‌س بون، شه‌ش كه‌سیان چاكبونه‌ته‌وه و یه‌كێكیان گیانیله‌ده‌ستداوه، له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش 748 توشبوو به‌و په‌تایه تۆماركراون.
ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، له كۆتاییه‌كانی 2019دا سه‌ریهه‌ڵدا، ژماره‌ی توشبوان له جیهاندا گه‌یشتۆته زیاتر له 937 هه‌زار كه‌س، له نێویاندا زیاتر له 195 هه‌زار كه‌س چاكبونه‌ته‌وه و ژماره‌ی مردنیش به‌وهۆیه‌وه نزیكه له 48 هه‌زار كه‌س.