سەرەڕای دامركانەوەی جموجۆڵی سیاسیی لهم رۆژانهی دواییدا و سەرقاڵیی به روبهڕوبونهوهی پهتای كۆرۆنا، ژوره سیاسییەكان هەرگیز هێور نەبونەتەوە، هێشتا ئەوانهی راسپاردنی عەدنان زورفی بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو رەتدەكەنەوە كاردهكهن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و شكستهێنان به سەرۆكوەزیرانی راسپێرراو، لە بەرانبەردا، هاوپەیمانە سیاسییەكانی زورفی هەوڵی چڕیان خستوەتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی، لەپێناو تێپەڕاندنی كابینە وەزارییەكە بە دەنگی زۆرینە.
"دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەردەوامە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئەندامانی كابینەی سەرۆكوەزیرانی راسپێرراو عەدنان زورفی دەستنیشانبكرێت" وەك ستار جابری، پارلەمانتاری سەر بە ڕەوتی حیكمە جەختی لەسەركردەوە، هۆكارەكەشی گەڕاندەوە بۆ "زیادبوونی ئاڵۆزی لە نێوان هەندێ لە هێزە سیاسییە شیعەكان سەبارەت بە لەئەستۆگرتنی زورفی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت."
لە 17ی ئاداری 2020 بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عیراق، عەدنان زورفی پارێزگاری پێشووی نەجەفی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ. ئەم راسپاردنە كەلێنێكی لەنێوان كوتلە شیعەكانی دروستكرد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
(فەتح) مافی زۆرینەی هەیە؟
هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر سەرۆكایەتی دەكات و زۆربەی ئەو كوتلە شیعانەی لەخۆگرتوە هێزی چەكدارییان هەیە وەك عەسائیب ئەهل ئەلحەق بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی، دوپاتیكردوەتەوە كە هەڵوێستی نەگۆڕە سەبارەت بەرەتكردنەوەی راسپاردنی زورفی، ئاماژەشی بەوەداوە كە هیچ دانوستان و لێكتێگەیشتنێك لەنێوانیاندا نییه.
ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپیەمانێتییەكە لە تویتێكدا لە 31ی ئاداری 2020 نوسیویهتی "هاوپەیمانێتی فەتح هەڵوێستێكی نەگۆڕی هەیە و گرەو ناكات لەسەر جێبەجێكردنی دەستور و پاراستنی مافی زۆرینەی پهرلەمانی."
ههروهها دهڵێت "هیچ دانوستان و لێكتێگەیشتنێك نییە لەئارادا و هەڵوێستەكە هەر وەك خۆی ماوەتەوە"، داواشیكرد "مافی زۆرینە بپارێزرێت"، هاوكات رونیكردەوە كە "زۆرینە مافی كاندیدكردنیان هەیە و سەرۆككۆماریش مافی راسپاردنی هەیە."
له نێوان ئێمه و سهرۆكوهزیرانی راسپێردراودا هیچ دانوستانێك نییه
هاوكات سیهام موسەوی، پهرلەمانتاری سەر بە فەتح دوپاتیكردەوە كە زورفی هیچ رێگەیەكی لەبەردەمدا نییە "بێجگە لە كشانەوە لەراسپاردنەكەی بەر لە تێكشكان"، وتیشی ئەو كوتلانەی راسپاردنی زورفی رەتدەكەنەوە پێیانوایە راسپاردنەكەی بازدانە بەسەر گەورەترین كوتلە و بەسەر "ماڵی شیعە"دا.
موسەوی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند "ئەوانەی راسپاردنی زورفی رەتدەكەنەوە بریتین له هاوپەیمانێتی فەتح، دەوڵەتی قانون و نەهجی نیشتمانی"، ئاماژەشی بەوەدا "تەحەداكردنی زورفی بۆ ئەم كوتلانە و بەردەوامبوونی لەسەر وتووێژەكان تەحەدایە بۆ زۆرینەی شیعە و سیمبولەكانی كە حكومەتەكەی بێ رەزامەندی ئەوان تێناپەڕێندرێت".
وتیشی "ئەو كوتلە شیعییانەی راسپاردنی زورفی رەتدەكەنەوە كار لەسەر هەموو ئەگەرەكان دەكەن بۆ ئەوەی رێگەی سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی لێبگرن و داوای لێدەكەن پاشگەز بێتەوە."
بەوتەی موسەوی، ناڕازییەكان پێكهاتوون لە دەوڵەتی قانون بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی (25 پهرلەمانتار)، هاوپەیمانێتی فەتح (47 پهرلهمانتار)، كوتلەی عەقدی نیشتمانی بەسەرۆكایەتی فالح فەیاز، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی (18 پهرلەمانتار) و كوتلەی نەهجی نیشتمانی كە نوێنەرایەتی حزبی فەزیلە دەكات (ههشت پهرلهمانتار).
بەوپێیەش، كۆی ئەو پهرلەمانتارانەی دژی راسپاردنی زورفی وەستاونەتەوە دەكاتە 98 لەكۆی 329 ئهندامی پهرلهمانی عیراق.
تێپەڕاندنی حكومەت و "ههزار و یهك شهوه"
"هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن سازدانی دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی زورفی شكستبهێنێت وەك ئەوەی بەسەر پێش خۆی هات، بەتایبەتی دوای فراوانبونی پانتایی دژایەتیكردنی كە هەردوو پێكهاتەی سوننە و كوردیشی گرتەوە" ئهوهش بهوتهی عودەی شەعلان، پهرلەمانتاری سەر بە هاوپهیمانێتی فەتح.
شەعلان وتی "كۆدەنگییەك هەیە لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەكان سەبارەت بەگرنگی بەدەستهێنانی هەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بۆ پشتگیری هێزە شیعەكان بەر لەوەی دانوستانی لەگەڵدا بكرێت لەسەر بنەمای ئەوەی پۆستەكە شایستەیەكی پێكهاتەكەیە."
پهرلەمانتارەكەی فەتح ئاماژەی بەوەدا "ئەو پێشێلكارییە دەستورییەی بە راسپاردنی زورفی روویدا و لەبەرچاونەگرتنی داخوازییەكانی خەڵك و داواكارییەكانی مەرجەعییەت هەر وا بەئاسانی تێناپەڕێت و هەڵوێستێكی توندمان دەبێت بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ هەر كەسێك كە لەپشت ئەو پێشێلكارییانەوە بێت."
تێپەڕاندنی كابینەكە وەك یەكێك لە چیرۆكەكانی ههزار و یهك شهوه دهبێت
شەعلان داواشی لە سەرۆكوەزیرانی راسپێرراو كرد "پاشەكشێ بكات لەپێكهێنانی حكومەت بۆ ئەوەی ئابڕووی خۆی بپارێزێت بەر لەوەی خۆیی و كابینەكەی شكستبهێنن لەپهرلهماندا، چونكە تێپەڕاندنی كابینەكە وەك یەكێك لە چیرۆكەكانی ههزار و یهك شهوه دهبێت".
"ههزار و یهك شهوه"، كۆمەڵە چیرۆكێكی فۆلكلۆرییه كە مێژوهكهی دەگەڕێتەوە بۆ هەزار ساڵ پێش ئێستا لەسەردەمی عەباسییەكاندا.
سێ كوتلەی شیعە پشتیوانی لە زورفی دەكەن
پێشبینییەكان ئاماژە بەوەدەكەن زورفی لە 10 رۆژی داهاتوودا كابینەكەی ئاشكرادەكات، بهوتهی چهند سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لە ناوبراو، پێویستیشی به رهزامهندی "ئهو چەند كوتلە كەمە كەللـەرەقە" نابێت.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەشیان بەوەداوە كە ئەو كەلێنەی دووچاری بەرەی ناڕازی بووە، سەنگی سەرۆكوەزیرانی راسپێرراوی زیاتر كردوە.
عەلا روبەیعی، پهرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانێتی سائیرون دەڵێت "ناكۆكی ناوماڵی شیعە لەبارەی كاندیدكردنی عەدنان زورفی بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راستییەی ئەو هێزانەی زورفی رەتدەكەنەوە هەست بە هێزەكەی دەكەن و دەترسن كەسێك ببێتە سەرۆكی حكومەت دژ بە بەرژەوەندیی و ئیمتیازاتەكانیان بوەستێتەوە"، جەختیشیكردەوە كە "زورفی لە دوو هەفتەی داهاتوودا كابینە وزارییەكەی رادەگەیەنێت."
هاوكات نەدا شاكر جەودەت، پهرلەمانتاری هاوپەیمانێتی نەسر ئاشكرایكرد، عەدنان زورفی سەرۆكی كوتلەكەی كە راسپێرراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، نزیكبووەتەوە لە كۆتاییهێنان بە دانوستانەكان لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا بە تایبەتی شیعەكان، سەبارەت بە پێكهێنانی كابینە وزارییەكەی.
هاوپەیمانێتی (سائیرون) كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات، 54 كورسی هەیە و هاوپەیمانێتی (نەسر) بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشوو لەدوای جیابونەوەی فالح فەیاز، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئێستا 24 كورسی هەیە، ڕەوتی (حیكمە)ش بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم 19 كورسی هەیە، ئەمانە هەمویان پشتیوانی لەراسپاردنی زورفی دەكەن.
بەوشێوەیە كۆی ئەو پهرلەمانتارانەی كوتلە شیعەكان كە لەگەڵ راسپاردنی (زورفی)دان دەكاتە 97 پهرلهمانتار لەكۆی 329 ئهندامی پهرلهمانی عیراق.
ئەو هێزانەی زورفی رەتدەكەنەوە دەترسن كەسێك ببێتە سەرۆكی حكومەت دژ بە بەرژەوەندیی و ئیمتیازاتەكانیان بوەستێتەوە
نەدا شاكر بەدورینەزانی كە زورفی بتوانێت لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا كابینە وزارییەكەی تەواو بكات، رونیشیكردەوە كە راسپاردنی زورفی بۆ پێكهێنانی حكومەت بۆتە "دیفاكتۆ"، بەتایبەتی بەهۆی رێكنەكەوتنی كوتلەكان لەسەر كاندیدكردنی كەسایەتییەكی دیاریكراو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، پێیوایه رەتكردنەوەكە بۆ خودی زورفی نەبوو، بەڵكو بۆ ئەو میكانیزم و بنەمایە بوو پشتی پێبەسترا لە راسپاردنی زورفی لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عیراقەوە.
نهدا دهڵێت ئەو گفتوگۆیانەی زورفی ئەنجامیداوە لەگەڵ كوتلە سیاسییەكاندا، جێی رەزامەندی بوون لای ئەو كوتلانە، هەركاتێكیش پرۆسەی قایلكردنی ئەو كوتلانە كۆتاییهات، ئەوا سەرەنجام رەنگە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەكە لە دوو هەفتە زیاتر نەخایەنێت.
بەپێی دەستوور، زورفی 30 رۆژی لەبەردەمدایە لە رۆژی راسپاردنییەوە لەلایەن سەرۆككۆمارەوە بۆ ئەوەی حكومەتەكەی لە پهرلەمان تێبپەڕێنێت.
كورد و سوننە چاوەڕێی ئەنجامەكانن
كوتله كوردییهكان چاوەڕێی یەكلاییبونەوەی ململانێی نێوان شیعەكانن لەسەر ئەو پۆستە، بهوتهی عیماد باجەلان، سەركردە لەپارتی دیموكراتی كوردستان "هێزە كوردستانییەكان كاردانەوەی ئیجابیان دەبێت بۆ هەر كاندیدێكی سەرۆكایەتی وەزیران كە رێز لە مافە دەستورییەكان و تایبەتمەندی هەرێمی كوردستان دەگرێت وەك قەوارەیەكی دەستووری".
وتیشی هێزە كوردستانییەكانن لەنێویاندا پارتی (بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی)، پێداگری لەسەر یەكێتی هەڵوێست و بۆوونی شیعەكان دەكات، سەبارەت بە سروشت و خەسڵەت و ناوی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران، "هێزە كوردستانییەكان هیچ جۆرە تەحەفوز، یان هێڵی سور یاخود ڤیتۆیان نییه لەسەر هەر كەسێك یان ناوێكی دیاریكراو، بەڵام چاوەڕێی هەڵوێستی شیعەكان دەكەین تا خۆیان یەكلاییبكەنەوە لەبارەی ئەو كاندیدەی پشتیوانی لێدەكەن."
باجەلان ئاماژەشی بەوەدا "ئەوەی لەماوەی راسپاردنی عەدنان زورفی ماوەتەوە 10 رۆژ زیاترە، بۆیە پێویستە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ ئەم قەیرانە سیاسییە و گەیشتن بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانەی تر كە وڵات پێوەی دەناڵێت."
گومانمان نییە لە توانای سەرۆكوەزیری راسپێرراو بۆ قایلكردنی هێزەكانی تر
وتیشی "ئێمە گومانمان نییە لە توانای سەرۆكوەزیری راسپێرراو بۆ قایلكردنی هێزەكانی تر، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە هێزە نەیارەكانی بەشێوەیەكی ئاشكرا قایل بكات".
بهبڕوای باجهلان "ئەمرۆ كێشەكە بریتیە لەو هێزە شیعانەی دژایەتی دەكەن، كە سەرباری دژایەتیكردنیان، تا ئەم ساتە لەسەر جێگرەوەیەك رێكنەكەوتون، چ لەڕێی متمانە پێدانەوە بە سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوە عادل عەبدولمەهدی یاخود پێشكەشكردنی ناوێكیتر كە لەسەری رێكبكەون."
عادل عەبدولمەهدی، بەهۆی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان كە لە1ی تشرینی یەكەمی 2019 سەریهەڵدا، هەروەها بەهۆی هەڵوێستی مەرجەعی ئایینی باڵای شیعەكان عەلی سیستانی كە دژ بە ئەو بوو، لە 29ی تشرینی دووەمی 2019 دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی پهرلەمان كرد.
تۆپەكە لە گۆڕەپانی هێزە شیعەكانە
سهركردهكهی پارتی وتی "ئەمرۆ تۆپەكە لەگۆڕەپانی هێزە شیعەكاندایە، ئێمەش لە هێزە كوردستانییەكان لەخەمی ئەوەداین ئەو كابینە وزارییەی تێدەپەڕێنرێت رێز لە مافە دەستوورییەكان بگرێت، چونكە وڵات بەرەو هەڵدێرێكی ترسناك دەڕوات لەروی ئەمنی، تەندروستی و ئابوورییەوە، ئێمەش هەرگیز نەبوین و نابینه هۆكاری پەكخستن یان ئاڵۆزكردنی بارودۆخهكه یاخود پشتگیری لایەنێك بكەین لەسەر حسابی لایەنێكی تر".
هاوكات حەیدەر موللا، سەركردە لە بەرەی دیالۆگی نیشتمانی سوننی و پهرلەمانتاری پێشوو دوپاتیكردەوە كە زورفی بەئاسانی متمانەی پهرلەمان بەدەستدەهێنێت، بەهۆی نەبوونی پاساوی بەهێز لای ئەو لایەنانەی راسپاردنەكەی رەتدەكەنەوە بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت.
"زۆرینەیەكی پهرلەمانی ڕون و ئاشكرا هەیە لەگەڵ ئەم پیاوە كە دەتوانن پاڵپشتیی بكەن لەپهرلەماندا، بەتایبەتی ئەو هەوڵدەدات ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت كە هەموان دەیانەوێت، ئەویش روبەڕوبونەوەی تهحهدییه نوێیەكان، لەوانە قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت و هەروەها ئەو قەیرانە تەندروستییەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتۆتە ئاراوە، ئەمە جگە لە بەڵێنی سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت."
چاوەڕێدەكرێت پهرلهمانی عیراق دەنگدانی تایبەت بە كابینەی وزاری نوێ لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا سازبكات، بەوتەی پارلەمانتار ناجی ئیدریس، كە جەختیكردەوە "لەماوەی دوو هەفتەی داهاتودا كابینەی سەرۆكوەزیرانی راسپێراو عەدنان زورفی دەخرێتە بەردەم پهرلەمان، هیچ كێشەیەكیش نییە سەبارەت بەسازدانی دانیشتی تایبەت بەدەنگدان لەسەر كابینەكە ئەگەر سەرۆكایەتی پهرلەمان داوای سازدانی دانیشتن بكات."
بەدرێژایی 17 ساڵی رابردودا، دەستنیشانكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران تەنیا وابەستەی رێككەوتنی هێزە شیعەكان بوو، بەڵام ئەمجارەیان راسپاردنی عەدنان زورفی جیاوازە، بەتایبەتی لە سایەی ئەو ناكۆكییانەی لە نێوان هێزە شیعەكانی ئێستادا دروستبووە.