ئاواره‌كان: بێ پاره‌ و بێ خۆراكین

دهۆك، ئاداری 2020، كه‌مپی كه‌به‌رتوو دوای سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆناوه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

به‌شێك له‌ ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كاتێكدا به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه‌ له‌ هه‌موو كار و كاسبییه‌ك دابڕاون، بڕه‌ پاره‌ی هاوكاری رێكخراوه‌كانیان پێناگات، روبه‌ڕوی كێشه‌ی كه‌می خۆراك و پێداویستی تری رۆژانه‌ش بونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی بڕیار و رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، ته‌واوی كه‌مپی ئاواره‌كان داده‌خرێن به‌روی ده‌ره‌وه‌یدا، تا خه‌ڵك تێكه‌ڵی یه‌كتری نه‌بن و له‌ خێوه‌ته‌كانی خۆیاندا بمێننه‌وه‌، به‌ ئامانجی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا و رێگری له‌ گه‌شتنی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بۆ نێو كه‌مپه‌كان.

ره‌شۆ چوكۆ، خه‌ڵكی گرعوزێری شنگاله‌ و پێنج ساڵه‌ نیشته‌جێی كه‌مپی شاریایه‌ له‌ دهۆك، ئه‌و ده‌ڵێت دوو مانگه‌ برنج، شه‌كر و زه‌یتی وه‌رنه‌گرتووه‌، ته‌نیا ئاردیان پێدراوه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ كه‌ڵكی خواردن نایات.

"ئێمه‌ زیندانیكراون، ناتوانین بچینه‌ ده‌ره‌وه‌، بێ ئیش بوین، له‌ كاتێكدا كرێكاری تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی بژێویمان بوو"، وتیشی "من 10 منداڵم هه‌یه‌، نازانم به‌چی بژین، خۆ مار نین خۆڵ بخۆین".

ره‌شۆ باسی له‌وه‌كرد پێشتر دوو مانگ جارێك هه‌ر تاكه‌كه‌سێك له‌ ئاواره‌كان بڕی 11 هه‌زار دیناری بۆ خه‌رجكراوه‌، له‌لایه‌ن به‌رنامه‌ی جیهانی خۆراك (WFP)، ئه‌وه‌شیان له‌رێی كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌ماوه‌ و نوسینگه‌كانی ئه‌و كۆمپانیای په‌یوه‌ندییه‌ داخراون.

"ئێمه‌ لانیكه‌م به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌مانتوانی شتێك بكڕین، ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌ماوه‌، بۆیه‌ رۆژبه‌ڕۆژ بارودۆخمان خراپتر ده‌بێت و ئه‌گه‌ر وابڕوات كاره‌سات روده‌دات" به‌وته‌ی ره‌شۆ.

له‌ هه‌رێمی كوردستان تا 10ی نیسان قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ راگه‌یه‌ندراوه‌ و زیاتر له‌ مانگێكیشه‌ ته‌واوی بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆناوه‌ داخراون.

musl-2-1
نه‌ینه‌وا، ئاداری 2020، هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ له‌ كه‌مپی ئاواره‌كاندا فۆتۆ: راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كۆچ

ساهر قولو، له‌ كه‌مپی خانكێ له‌ دهۆك نیشته‌جێیه‌ و به‌ر له‌ كۆرۆنا كرێكاری ده‌كرد به‌ رۆژانه‌ی 15 تا 20 هه‌زار دینار، "ئێستا هه‌م ناتوانن ئیش بكه‌ین و پاره‌ په‌یدا بكه‌ین، هه‌میش پاره‌ی هاوكاری رێكخراوه‌كانمان پێناگات، تا خۆراك و پێداویستی پێبكڕین".

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا بڕیاریداوه‌ به‌ پێكهێنانی شانه‌ی قه‌یرانه‌كان بۆ گه‌یاندنی هاوكاری به‌ ئاواره‌كان له‌ كاتی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا.

ئیسماعیل محه‌مه‌د، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئاواره‌كان و په‌نابه‌ران به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاگاداری ئه‌و كێشانه‌ین، له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی به‌رنامه‌ی جیهانی خۆراك و كۆمپانیای دابه‌شكاری هاوكارییه‌كه‌دا گفتوگۆمان كردووه‌، تا پێكه‌وه‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌ و ئه‌و هاوكارییه‌ داراییه‌ به‌ ئاواره‌كان بگات".

به‌وته‌ی ناوبراو، رێگه‌چاره‌ی كۆمپانیاكه‌ ئه‌وه‌یه‌، نوێنه‌ریان بچێته‌ كه‌مپه‌كان و پاره‌كه‌ راسته‌وخۆ به‌ خێزانه‌ ئاواره‌كان بگه‌یه‌نن.

"هه‌وڵی دیكه‌ش هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كۆچ تا خۆراكی مانگانه‌ی ئاواره‌كان دانه‌كه‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ پێش قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بڕه‌ خۆراكیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌، ره‌نگه‌ له‌مه‌ودواش چه‌ند رۆژێكی كه‌م دوابكه‌وێت و به‌شه‌ مانگانه‌ی خۆراكیان هه‌ر پێده‌گات" جێگری پارێزگاری دهۆك واده‌ڵێت.

جگه‌ له‌ خۆراك، ئاواره‌كان پێشتریش له‌رێی (كه‌ركوك ناو)ه‌وه‌ داوای پێداویستییەكانی پاككردنەوە و خۆپارێزییان كرد، به‌ ئامانجی رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌مساڵی وه‌زاره‌تی كۆچ، له‌ كۆی 184 كه‌مپی ئاواره‌، هێشتا 86 كه‌مپ له‌ پارێزگاكانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ی تێدا ده‌ژی.

تائێستا هیچ حاڵەتێكی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەمپی ئاوارەكان لە عیراق تۆمارنەكراوە و حكومەت و ئاوارەكانیش هەوڵدەدەن ئەو پەتایە نەگاتە كەمپەكان كە ترسی بڵاوبونەوەی زیاترە.

له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌ی توشبوان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا گه‌یشتۆته‌ 897 كه‌س، له‌ نێویاندا 256 حاڵه‌تی چاكبونه‌وه‌ و 57 حاڵه‌تی مردن، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق و هه‌رێم.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT