ژنانی تەحریر: یەك ئامانجمان هەیە پێویستە پێكەوەبین

بەغدا/ ئازاری 2020/ بەشێك لە ژنانی پارێزگاكانی تری عیراق، گڕوتینێكی تریان بە خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریردا فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی

"دەنگهەڵبڕین لە تەحریر كاریگەریی لەسەر دەسەڵات زیاترە، بەشداریی ژنانیش ئەو كاریگەرییە بەهێزتر دەکات"، لەسەر ئەو بنەمایە هێلین سەمیر (23ساڵ) شاری بەعقوبەی بەجێهێشت و رویكردە مەیدانی تەحریر لە بەغدا، تا هاوشانی دەیان هەزار كەس رۆڵببینێت لە خۆپیشاندانەكاندا.

ئەو بەشدارییەی هێلین كە چالاكوانێكی بەعقوبەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی عیراق لە تشرینی یەكەمی 2019دا، دژی بێكاریی، گەندەڵیی و جیاكاریی، دواتر سەریكێشا بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی.

"سەردەمی ترس و بێدەنگی ژنان كۆتایی هاتووە، ئێستا كاتی ئەوەیە خۆمان داوای مافەكانمان بكەین و داواكارییەكان هاوشانی پیاوان رابگەیەنین..."، هێلین سەمیر زیاتر وتی كە بەشداریی ژنانی پارێزگاكانی تر لەگۆڕەپانی تەحریر هێز بە خۆپیشاندانەكان دەدات. "كاتێك هەمومان یەك ئامانجمان هەبێت، پێویست دەكات پێكەوەبین لەو شوێنەی دەتوانین كاریگەریمان هەبێت".

لەسەر ئەو بنەمایانە لە پێنج مانگی خۆپیشاندانەكانی رابردودا هێلین و دەیان ژنی تر لە پارێزگاكانی تری عیراقەوە گەیشتنە گۆڕەپانی تەحریر – گەورەترین گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان لە عیراق-.

بەشداریی ژنانی شار و پارێزگاكانی تر، وێنەیەكی گشتگیرتر و فراوانتری بە گۆڕەپانەكەداوە، وەك ئەوەی هێلین پێیوایە كاریگەریشی زیاتر بووە.

شیلان عادل، چالاکوانێكی قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە، بە (كەركوك ناو)ی وت بەپێی كاتی خۆی دەچووە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەكاندا، دوای ئەوەی تەنیا دوو رۆژ لە قەزاكەی خۆی خەڵك ناڕەزاییان دەربڕیی و كۆتاییان پێهێنا.

"ئەم حکومەتە مافی هەموو هاوڵاتییەکی هەموو ناوچەكانی عیراقیی پێشێلكردووە، بۆیە چاككردنی پێویستی بە دەنگی هەمووانە"، شیلان وایوت.

چاككردنی ئەم حکومەتە پێویستی بە دەنگی هەمووانە

بە گشتی بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی كە (كەركوك ناو) لە گۆڕەپانی تەحریر لەبەغدا وەریگرتووە، بە بەردەوامی 300 ژن رۆژانە لە گۆڕەپانەكە بوون، بەشێكیان لەو پارێزگایانەوە هاتبون خۆپیشاندانی تیادا نەكراوە، یان تەنیا چەند رۆژێك بەردەوامبووە، لەوانە كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین.

شیلان خۆی زیاتر هاوكاریی لۆجستی خۆپیشاندەرانی دەكرد و پێداویستی سەلامەتی بۆ دابیندەكردن، یان كاروباری ئەو خێمانەی لەگەڵ هاوڕێیەكانی رێكدەخست كە لە گۆڕەپانەكەدا بۆ خۆپیشاندەران دانرابون. بەڵام ئەوەش بە سەلامەتی نەبوو و وەك خۆی وتی "بەنامەی مۆبایل هەڕەشەم لێدەكرا و داوای بەشدارینەكردنم لێدەكرا".

zhnan.baxda
بەغدا/ ئازاری 2020/ بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی بە بەردەوامی 300 ژن رۆژانە لە گۆڕەپانی تەحریر ئامادەبون. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەو هەڕەشانە ترسیان لای شیلان دروستكردبوو، بەڵام رێگرنەبوون لەوەی گۆڕەپانەكە بەتەواوی بەجێبهێڵێت و وتی "تەنیا ماوەیەك نەچوم و خۆم پاراست، دواتر بەشداریمكردەوە".

لە دوو دەیەی رابردودا، خۆپیشاندانەكانی پێنج مانگی رابردووی عیراق بە كاریگەرترین دادەنرێن، لەژێر فشاری ئەوان و له‌ كانونی یه‌كه‌می 2019دا عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ناچاربوو ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌.

لەگەڵئەوەشدا، راسپاردنی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی-شیان ره‌تكرده‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵێنی لێپرسینه‌وه‌ی دابوو له‌و كه‌سانه‌ی له‌ توندوتیژی دژی خۆپیشانده‌رانەوە تێوه‌گلاون.

له‌گه‌ڵ دژایه‌تی شه‌قامدا، عه‌لاوی شكستیهێنا له‌ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی و له‌ راسپاردنه‌كه‌ی پاشه‌كشێیكرد.

خۆپیشاندەران بە راسپاردنی كاندیدی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومەت (عه‌دنان زورفی) ناڕازین، كە پشتگیری بەشێکی لایه‌نه‌ شیعییه‌كان و به‌ واژۆی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق راسپێردراوە.

بەڵام ئەو كاریگەرییانەی خۆپیشاندەران، بێ قوربانی تێپەڕ نەبووە؛ له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه،‌ 650 هاوڵاتی كوژراون له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 25 هه‌زار بریندار، ئەوەش بەوتەی فاتن حلفی، ئه‌ندامی كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق بۆ (كەركوك ناو).

ئەو جەختیكردەووە كۆمسیۆنەكەیان نه‌یتوانیووه‌ ئەوە دیاریبكات چه‌ند له‌و پێشێلكارییانه‌ به‌ر ئافره‌تانی خۆپیشانده‌ر كه‌وتون كه‌ به‌وته‌ی حلفی، رێژه‌كه‌یان له‌ گۆڕه‌پانه‌كاندا ده‌گاته‌ سه‌دا 12.

رێژه‌ی ژنان له‌ گۆڕه‌پانی تەحریر ده‌گاته‌ سه‌دا 12

لەپاڵ بەشداریی ژنانی پارێزگاكانی تر، بونی ژنانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەكان، بەڕای روئا خەڵەف کە چالاکوانێکی خەڵكی بەغدایە لەگۆڕەپانی تەحریر، بۆتەهۆی پیشاندانی وێنەیەكی ئاشتییانە بە خۆپیشاندانەكان و رێگربووە لە دانانی پیلانی جیاواز لای ئەو هێزانەی دەیانویست كۆتایی بەخۆپیشاندان بهێنن.

"تەنانەت ژنان بونەهۆی ئەوەی هانی زیاتری پیاوان بدەن بۆ بەردەوامیی و پاراستنی گۆڕەپانەكە"، روئا وایوت.

سەجا بەیاتی، کچێکی تورکمانی دانیشتووی بەغدایە، دەڵێت هەموو هەوڵی ئێستامان بۆ بەردەوامی خۆپیشاندانەكانە و كاركردنە بۆ رێگریی لە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە پێكهێنانی كابینەیەكی نوێدا.

IMG_2886
بەغدا/ ئازاری 2020/ ژنانی گۆڕەپانی تەحریر، وێنەی كوژراو و قوربانییەكانی خۆپیشاندەران بڵاودەكەنەوە فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

سەجا وتی "تەحریر ئیتر تەنیا گۆڕەپانێك نییە بۆ خۆپیشاندان، بەڵكو نیشتیمانێكی بچوكی هەموو عیراقییەكانە و لێرەوە دەبێت بڕیاربدرێت".

هێشتا خێمەی خۆپیشاندەران لەشوێنەكانی خۆیان لەگۆڕەپانی تەحریر ماون، هەرچەندە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ هەیە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە كاریگەری لەسەر راگرتنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش هەیە.

نەجوە جەعفەر، دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە، لەگەڵ هاوڕێیەكانی لە گۆڕەپانی تەحریر، هونەرەكەی بۆ خزمەتی خۆپیشاندەران بەكاردەهێنێت، لە تونێلی تەحریر وێنە و تابلۆ بۆ هاندان و بەشداریكردنی ژنان دروستدەكات و دروشمی سەر دیوارەكان دەڕازێنێتەوە، وتی "بەشێك لە كارەكەی من گوزارشت لە دۆخی ئێستای عیراق دەكات بە تەنز دۆخی ئیستای وڵات نیشاندەدەم".

ئەو بەگرنگییەوە لە بەشداری ژنانی هەموو شارەكانی عیراق لە گۆڕەپانی تەحریر دەڕوانێت و دەڵێت  لەو رێیەوە دەتوانین داواكارییەكانی ژنانیش لەچوارچێوەی خۆپیشاندانەكان كۆبكەینەوە و كاربكەین بۆ رێگریکردن لە بەشودانی منداڵ، پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرزکردنەوەی رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT