رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕێت به‌هۆی زیادبونی توندوتیژییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه له عیراق و به‌جێی مه‌ترسی ده‌زانێت، بۆیه داواكاره په‌له‌بكرێت له پێپه‌ڕاندنی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16ی نیسان نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای له پەرلەمانی عیراق كرد یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی په‌سه‌ندبكات، به‌هۆی بەرزبونەوەی ئاستی توندوتیژییەکان لەسەر بنەمای جۆری رەگەز و توندوتیژی خێزانی.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان هۆكارێكی زیادبونی توندوتیژییه خێزانییه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه دروستبووه و خه‌ڵك له ماڵه‌وه ده‌مێننه‌وه.
له‌و به‌یاننامه‌دا ئاماژه به روداوی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ژنێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت كراوه له ناحیه‌ی پردێی پارێزگای كه‌ركوك، كه كاردانه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر ئاستی عیراق لێكه‌وته‌وه، چه‌ندین لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ دۆسیه‌كه پێكهێنراوه.
هێزە ئەمنییەکانی ناحیەی پردێ (ئاڵتون کۆپری)، 7ی نیسان دوو کەسیان دەستگیرکرد، کە بەپێی دانپێدانانەکان دەستدرێژی سێکسییان کردۆتەسەر ئه‌و ژنه كه خاوەن پێداویستی تایبەت و لەوکاتەشدا گرتەی ڤیدیۆییان تۆمارکردووە. یەکێک لەو دوو کەسەی دەستگیرکراوە پۆلیسە و گوماندەکرێت خەڵکی تریش تێوەگلابن.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ده‌ڵێت چه‌ندین روداوی تری توندوتیژی هه‌بون له‌وانه "مامەڵەی خراپ لەلایەن هاوسەر، سوتان و خۆسوتاندن، بریندارکردنی خود و ئازاربەخۆگەیاندن بەهۆی مامەڵەی خراپ لەلایەن هاوسەرەکانەوە، گێچەڵی سێکسی بۆ سەر نەوجەوانان و خۆکوشتن".
"ئەم جۆرە تاوانانەش دەبن بە زەگیکی مەترسیدار بۆ پێویستیی لە خۆگرتنی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە عیراقدا".
نەتەوەیەکگرتوەکان داوا لە دەسەڵاتدارانی عیراق دەکات بۆ زامنکردنی لێپرسینه‌وه و سزادانی دەستدرێژیکاران لەلایەن سیستەمی دادوەرییەوە، کاری زیاتر لەسەر خزمەتگوزاریی هێڵی گەرم و ئینتەرنێت بكرێت، له‌گه‌ڵ پاڵپشتی زیاتری رۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کردنەوەی دەرگای شەڵتەرەکانی ئافره‌تان بۆ ئەو ژنانەی لەو جۆرە توندوتیژییانە رادەکەن.
هه‌روه‌ها ئاماژه به لێدوانێكی ئەنتۆنیۆ گۆترێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان كراوه كه دەڵێت "زۆرێك لە ئافرەتان کە بەهۆی كۆرۆناوه لەماڵەوەن دوچاری توندوتیژی دەبنەوە لەکاتێکدا پێویسته دەکات زیاتر پارێزراوبن لەنێو ماڵەکانیاندا..".
نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان به‌پێویستی ده‌زانێت عیراق له پلانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنادا، دۆسیه‌ی پاراستنی ژنان و منداڵان له توندوتیژی، له پێشینه‌ی كاره‌كانیاندا بێت.
حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، بۆ خۆپارێزی و رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، زیاتر له مانگێكه قه‌دغه‌ی هاتوچۆی راگه‌یاندووه و تا سه‌ره‌تای مانگی ره‌مه‌زانیش به‌رده‌وامی ده‌بێت، بۆیه زۆرینه‌ی خه‌ڵك به ناچاری له ماڵه‌كانیاندا ده‌مێننه‌وه.