ئەو دوو گەنجەی لە ئەڵمانیا بەچەقۆ هێرشیانكردە سەر دوو ئێزیدیی و بەهۆیەوە هەردوكیان گیانیانلەدەستدا، دەستگیركراون و بڕیارە دادگایی بكرێن.
ئەرکان حسێن (15ساڵ) لە رۆژی 8ی نیسان لە شاری سێلە لە ئەڵمانیا، بە چەقۆ هێرشیكرایە سەر و كوژرا. دوای دوو رۆژ گەنجێكی تری ئێزیدی فراس سەردار (31ساڵ) هەر لە ئەڵمانیا و لە شاری ئایدنبێرگ بەهەمان شێوە بە چەقۆ كوژرا.
ئەو دوو كەسە لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، دوای ماوەیەك لە كەمپی ئاوارەیی عیراقیان بەرە و ئەڵمانیا جێهێشت.
ئەرکان حسێن خەڵكی کۆمەڵگای بۆرک، سەر بە قەزای شنگال، لە نزیک ماڵی خۆیان لە شاری سێلە لە ئەڵمانیا لەسەر پاسكیل هێرشیكرایە سەر و بەرلەوەی بگاتە نەخۆشخانەی گیانیسپارد.
بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی، ئەو كەسەی هێرشیكردۆتەسەر ئەركان باری دەرونی تەواو نییە و دەستگیركراوە، چاوەڕێی دادایگاییكردنە.
نایف حەسەن، یەكێك لە كەسە نزیكەكانی ئەركان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەركان لە عیراق لەناو كەمپ دەژیاو باری ئابوریان زۆر خراپ بوو، بە هیوای ژیانێكی باشتر و ئارامتر روی لە ئەڵمانیا كرد".
ئەركان لە عیراق لەناو كەمپ دەژیاو باری ئابوریان زۆر خراپ بوو، بە هیوای ژیانێكی باشتر و ئارامتر روی لە ئەڵمانیا كرد
زیاتر وتی "تا گەیشتە ئەڵمانیا ژیانێكی سەختی بەڕێكرد، بەداخەوە لەوێش ئاوای بەسەرهات و چانسی ژیانی نەما".
بكوژەكەی ئەركان دەستگیركراوە و لەئێستادا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە و چاوەڕێی دادگاییكردنە، وەك نایف جەختیلێكردەوە.
فراس سەردار-یش كە باوكی چوار منداڵە و خەڵكی قەزای شێخانە، كاتێك بە ئۆتۆمبێلەكەی دەچێتە دەرەوەی شاری ئایدنبێرگ بە چەقۆ كوژرا.
فراس سەردار سەرتاشخانەی هەبوو. ئەو كەسەشی كە هێرشیكردۆتە سەری خەڵكی سوریایە، ئەویش كۆچبەری ئەڵمانیایە و دەستگیركراوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە كەسوكاری فراس جەختیانكردەوە لەوەی بكوژەكە و هاوسەرەكەی دەستگیركراون و چاوەڕێی دادگاییكردن دەكەن.
پارێزەر، دەوران خەلیل كە لە دەرەوەی وڵات چاودێری كەیسی ئێزیدییەكان دەكات و ئاگاداری كەیسەكەی ئەركان حسێنە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بكوژەكەی ئەركان هەر لەلایەن خەڵكەوە و لە شوێنی هێرشەكە دەستگیركراوە و دواتر رادەستی پۆلیس كراوە، بەڵام دەركەوتووە باری دەرونی جێگیر نییە".