بێ پاره و خۆراك، نزیكه‌ی دوو مانگه له‌نێو خێوه‌ته‌كه‌ی خۆیدا كه‌ره‌نتینه‌یه و ناتوانێت وه‌ك جاران بچێته كرێكاریی، بۆیه ژیانێكی سه‌ختتر له جاران به‌ڕێده‌كات.
بژێوی خێزانه‌كه‌ی ره‌شۆ چوكۆ، به 10 منداڵه‌وه، كرێی رۆژانه‌ی كاركردن و ئه‌و هاوكارییه دیاریكراوه بوو له رێكخراوه مرۆییه‌كانه‌وه ده‌ستیانده‌كه‌وت، به‌ڵام به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و مه‌ترسی كۆرۆناوه، ئه‌وه‌ش نه‌ما.
"ئێمه زیندانیكراوین، ناتوانین بچینه ده‌ره‌وه، بێئیش بوین، له كاتێكدا كرێكاری تاكه سه‌رچاوه‌ی بژێویمان بوو" ره‌شۆ چوكۆ وای وت.
ئه‌و كه زیاتر له خه‌می منداڵه‌كانیدا بوو، وتی "من 10 منداڵم هه‌یه، نازانم به‌چی بژین، خۆ مار نین خۆڵ بخۆین".
ره‌شۆ چوكۆ، خه‌ڵكی گرعوزێری قه‌زای شنگاله له نه‌ینه‌وا و پێنج ساڵه نیشته‌جێی كه‌مپی شاریایه له دهۆك، ئه‌و ده‌ڵێت دوو مانگە برنج، شه‌كر و زه‌یتی وه‌رنه‌گرتووه، ته‌نیا ئاردیان پێدراوه له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانه‌وه، ئه‌ویش به كه‌ڵكی خواردن نایات.
تاكه بژێومان له دروستكردنی شیرینیدا بوو به‌ڵام به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و مه‌ترسی كۆرۆناوه راوه‌ستاوه
به‌پێی بڕیار و رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، ته‌واوی كه‌مپی ئاواره‌كان به‌روی ده‌ره‌وه‌دا داخران، تا خه‌ڵك تێكه‌ڵی یه‌كتری نه‌بن و له خێوه‌ته‌كانی خۆیاندا بمێننه‌وه، به ئامانجی خۆپارێزی له كۆرۆنا و رێگری له گه‌یشتنی ئه‌و ڤایرۆسه بۆ نێو كه‌مپه‌كان.
خەڵەف ئلیاس، له بەشی راگەیاندنی کەمپی بێرسیفی دوو له قه‌زای زاخۆی پارێزگای دهۆك وتی "قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له نێو كه‌مپه‌كاندا راگه‌یه‌ندراوه و هیچ كه‌سێك له نێو ئاواره‌كان بۆی نییه بچێتە كه‌مپ و شوێنی تر".
له نێو كه‌مپه‌كاندا، زۆرینه‌ی دوكان و شوێنه‌كانی كاركردن داخراون، له سه‌رتاشخانه و خوارده‌مه‌نی تا دوكانی شیرینییه‌كان.
نەسرین برایم ئەمان، کچه ئاواره‌ی نیشته‌جێی كه‌مپی قادیایه له قه‌زای زاخۆی پارێزگای دهۆك، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی تری‌دا دوكانی شیرینی هه‌بووه و به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه، به‌های یه‌ك دینار ئیشی نه‌كردووه.
"پێش قەدەغەی هاتوچۆ مانگانە بایی یه‌ك ملیۆن دینار شیرینی و كێكمان ده‌فرۆشت، ئه‌وه‌ش تاكه سه‌رچاوه‌ی بژێویمان بوو، كه له‌سه‌ر من بوو وه‌ك كچه گه‌وره‌ی ماڵ" نهسرینا وای وت، داواشی له رێكخراوه‌كان كرد به هانایانه‌وه بچن و هاوكارییان پێبگه‌یه‌نن.
به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، له كۆی 184 كه‌مپی ئاواره، هێشتا 86 كه‌مپ له پارێزگاكانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌یان تێدا ده‌ژی.
خالد عه‌بدولكه‌ریم، لێپرسراوی ئۆفیسی نه‌ینه‌وای وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان به شێوه‌یه‌كی كاتییه له پێناو پاراستنی خه‌ڵك له كۆرۆنا.
زۆرینه‌ی ئاواره‌ی نیشته‌جێی كه‌مپه‌كان، له كاتێكدا به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه له هه‌موو كار و كاسبییه‌ك دابڕاون، هاوكاری زۆرێك له رێكخراوه‌كانیان پێناگات، روبه‌ڕوی كێشه‌ی كه‌می خۆراك و پێداویستی تری رۆژانه‌ش بونه‌ته‌وه.
ره‌شۆ چوكۆ باسی له‌وه‌كرد پێشتر دوو مانگ جارێك هه‌ر تاكه‌كه‌سێك له ئاواره‌كان بڕی 11 هه‌زار دیناری بۆ خه‌رجكراوه، له‌لایه‌ن پرۆگرامی جیهانی خۆراك (WFP)، ئه‌وه‌شیان له‌رێی كۆمپانیایه‌كه‌وه به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نه‌ما، چونكه نوسینگه‌كانی ئه‌و كۆمپانیایه داخرابون.
"ئێمه لانیكه‌م به‌و بڕه پاره‌یه ده‌مانتوانی شتێك بكڕین،... بۆیه رۆژبه‌ڕۆژ بارودۆخمان خراپتر ده‌بێت"، به‌وته‌ی ره‌شۆ.
ئێمه له كاتێكدا ناتوانین ئیش بكه‌ین بۆ بژێوی خۆمان رێكخراوه‌كانیش هاوكاریمان پێناگه‌یه‌نن
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران، شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی پێكهێناوه، تا هه‌رچۆنێك بێت بتوانن له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆشدا خۆراك و به‌شێك له پێداویستی تر به ئاواره‌كان بگه‌یه‌نن.
ئیسماعیل محه‌مه‌د، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئاواره‌كان و په‌نابه‌ران وتی "ئاگاداری ئه‌و كێشانه‌ین، له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی به‌رنامه‌ی جیهانی خۆراك و كۆمپانیای دابه‌شكاری هاوكارییهكهدا گفتوگۆمان كردووه، تا پێكه‌وه رێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزینه‌وه و ئه‌و هاوكارییه داراییه به ئاواره‌كان بگات".
ئاماژه‌ی دا به هه‌وڵه‌كانی دیكه بۆ دوانه‌كه‌وتنی دابه‌شكردنی خۆراكی مانگانه به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا.
قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له عیراق به‌رده‌وامه، به‌هۆی مانه‌وه‌ی مه‌ترسی كۆرۆناوه، كه ژماره‌ی توشبوان به‌و ڤایرۆسه گه‌یشتۆته زیاتر له هه‌زار و 500 كه‌س، به‌ڵام كه‌سیان له كه‌مپی ئاواره‌كاندا نیین.
ساهر قولو، له كه‌مپی خانكێ له دهۆك نیشته‌جێیه و به‌ر له كۆرۆنا كرێكاری ده‌كرد به رۆژانه‌ی 15 تا 20 هه‌زار دینار، وتی "ئێستا هه‌م ناتوانن ئیش بكه‌ین و پاره په‌یدابكه‌ین، هه‌میش پاره‌ی هاوكاری رێكخراوه‌كانمان پێناگات، تا خۆراك و پێداویستی پێبكڕین".
سه‌دان ئاواره، كه له ده‌ره‌وه‌ی و كه‌مپ و پارێزگاكانی تری عیراق كرێكاریی ده‌كه‌ن، زۆرینه‌یان به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ‌گیرا و دوای نزیكه‌ی دوو مانگ، ئه‌وكات توانییان بگه‌ڕێنه‌وه ناو خێزانه‌كانیان.
ره‌واج حاجی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی وتی "رێكخراوی (UNHCR) به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگاكه‌ی ئێمه‌دا، 200 دۆلار به هه‌ر خێزانێكی په‌نابه‌ر و ئاواره ده‌دات به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕن له ئه‌نجامی كۆرۆنادا"، ئه‌و ده‌ڵێت له سه‌ره‌تای قۆناغی دابه‌شكردنی هاوكارییهكهدان.
ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له 787 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆیی هه‌ن له هه‌موو پێكهاته نه‌تەوه‌یی و ئاینییه‌كان، له‌و ژماره‌یه زیاتر له 208 هه‌زار كه‌س له 28 كه‌مپدا ده‌مێننه‌وه و خه‌رجی رۆژانه‌یان ده‌گاته دوو ملیۆن و 700 ملیۆن دۆلار، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یران له حكومه‌تی هه‌رێم.
له هه‌موو عیراقدا (ناوه‌ڕاستی 2014 تا كۆتایی 2017) هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی چه‌كداریی، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره كرد كه ده‌یكرده سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوان، كه تائێستا به‌شێكیان له‌به‌ر نه‌بونی خزمه‌تگوزاری و خراپی بارودۆخی ئه‌منی بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.