یه‌كه‌م توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا له كه‌مپێكی هه‌ولێر تۆماركرا، كه به‌وته‌ی ته‌ندروستی په‌نابه‌رێكی كوردستانی سوریایه و تێكه‌ڵاوی خه‌ڵك نه‌بووه، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه نزیكه‌ی دوو مانگه رێكاری توند و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له نێو ئاواره و په‌نابه‌راندا گیراوه‌ته‌به‌ر تا په‌تاكه‌یان پێنه‌گات.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه شه‌وی 26ی نیسان بڵاویكرده‌وه، پیاوێكی ته‌مه‌ن 32 ساڵی دانیشتوی كه‌مپی داره‌شه‌كران له هه‌ولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م حاڵه‌ته له نێو كه‌مپی ئاواره و په‌نابه‌راندا.
محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "توشبوه‌كه په‌نابه‌رێكی رۆژئاوای كوردستان (سوریا)ـیه، به‌ڵام 9 رۆژ پێشتر به‌مه‌به‌ستی كاركردن له كه‌مپ چووه‌ته ده‌ره‌وه و له‌و ماوه‌یه‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ردانی كه‌مپی نه‌كردووه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئاستی مه‌ترسی توشبون به كۆرۆنا له كه‌مپی داره‌شه‌كران "ئه‌وه‌نده به‌رز نییه، چونكه توشبووه‌كه به‌ركه‌وته‌ی هیچ ئاواره‌یه‌كی نێو كه‌مپی نه‌بووه، به‌ڵام بۆ دڵنیابون ده‌ستمانكردوه به پشكنینی كۆرۆنا بۆ خێزانی ئه‌و توشبووه و به ههڕهمهكیش پشكنین بۆ به‌شێك له دانیشتوانی كه‌مپه‌كه ده‌كه‌ین".
ناتوانین بڵێین مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا له سه‌ر كه‌مپه‌كان نییه
به‌پێی بڕیار و رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، ته‌واوی كه‌مپی ئاواره‌كان داده‌خرێن به‌روی ده‌ره‌وه‌یدا، تا خه‌ڵك تێكه‌ڵی یه‌كتری نه‌بن و له خێوه‌ته‌كانی خۆیاندا بمێننه‌وه، به ئامانجی خۆپارێزی له كۆرۆنا و رێگری له گه‌شتنی ئه‌و ڤایرۆسه بۆ نێو كه‌مپه‌كان.
ئیسماعیل محه‌مه‌د، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئاواره‌كان و په‌نابه‌ران به (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێكاره‌كانی ئێمه له‌نێو كه‌مپدا تۆندوتۆڵن، هاتوچۆ له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ قه‌ده‌غه‌یه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگاناده‌ین خه‌ڵك له ده‌ره‌وه سه‌ردانی كه‌مپ بكات، ته‌نها بۆ رێكخراوه‌كان و تیمه‌كانی ته‌ندروستی رێگه‌پێدراوه".
ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له 787 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆیی هه‌ن له هه‌موو پێكهاته نه‌وه‌یی و ئاینییه‌كان، له‌و ژماره‌یه زیاتر له 208 هه‌زار كه‌س له 28 كه‌مپدا ده‌مێننه‌وه، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یران له حكومه‌تی هه‌رێم.
جێگری پارێزگاری دهۆك وتی "هه‌موو رێكارێكی پێویستمان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام ناتوانین بڵێین مه‌ترسی له‌سه‌ر كه‌مپ نییه".
ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له عیراق گه‌یشتۆته هه‌زار و 820، له‌و ژماره‌یه هه‌زار و 263 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه و 87 هاوڵاتیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیانله‌ده‌ستداوه.