به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا، مانگ و نیوێكه ده‌رگاكه‌ی له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه داخراوه و نه‌كراوه‌ته‌وه، به‌هۆیه‌وه لێپرسراوانی ئیداری ناوچه‌كه ناتوانن ده‌وامبكه‌ن.
خۆپیشاندەرانی ناڕازی له ناوه‌ڕاستی ئاداری ئه‌مساڵدا، لافیتەی داخستنی ناحیەی جەلەولایان بەسەر بیناكەدا هەڵواسیی و داوای دورخستنەوەی بەڕێوەبەری ناحییە و فه‌رمانده‌ی نوێی هێزه‌کانی نه‌هێشتنی تاوانه‌کانیان كرد.
یەعقوب یوسف لهێبی، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا بە (كەركوك ناو)ی وت "له 16ی ئاداره‌وه ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەرگای بینای بەرێوبەرایەتییان داخست و له‌وكاته‌وه کارەکانمان هه‌ڵپه‌سێراوه و دهوامناكهین".
خۆپیشاندانەكە لەلایەن ژماره‌یه‌ک له هاوڵاتیانی عه‌ره‌بی سنوری دیاله، هەفتەیەك به‌رده‌وامی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ داخستنی ده‌رگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیەكە، بونە رێگر لە دەوامی فەرمانبەران و تەنانەت بەڕێوەبەری ناحییەش.
لهێبی خۆپیشانده‌ران به لایه‌نگری دوو رێكخراوی چه‌كداری تۆمه‌تباركرد و ده‌ڵێت ئامانجی لێی، "ته‌نیا دورخستنه‌وه‌ی ئێمه‌یه له‌و پۆسته و ده‌یانه‌وێت كاندیدی خۆیان دابنرێت".
به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا ئێستا ناوچه‌كه له بۆشایی ئیدارهداندایه، ئه‌وه‌ش به زیانی خه‌ڵك ده‌شكێته‌وه، "ئێستا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئیداری له شاره‌كه‌دا نییه و به‌هۆیه‌وه كۆمه‌ڵێك كه‌س و گروپی چه‌كدارییش زیاده‌ڕۆیی ده‌كه‌نه سه‌ر موڵكی گشتی، چونكه كه‌س چاودێری ناكات و لێیان ناپرسێت".
یه‌عقوب لهێبی له پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا له‌ژێر ده‌ستی داعش و له ساڵی 2015دا، له‌لایه‌ن یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌وه كرایه به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیە.
ناوبراو تائێستا دوجار بە تۆمەتی روخاندنی خانوی گەڕەكی تەجنید لەجەولا دەستگیركراوە، به‌ڵام دواتر ئازادكرا‌و و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش ره‌تده‌كاته‌وه.
کەریم عەلی ئاغا، جێگری یەکەمی پارێزگاری دیالە بە (کەرکوک ناو)ی وت "به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا له پۆسته‌كه‌یدا ماوه و به‌رده‌وامه، چونكه ئه‌نجومه‌نی ناحیه و قه‌زا و پارێزگا نه‌ماوه تا بڕیار له دورخستنه‌وه یان دانانی سه‌رۆكی یه‌كه‌ی ئیداری بدات، پارێزگاری دیاله‌ش هیچ بڕیارێكی بۆ لادانی ناوبراو نه‌داوه".
ناحیه‌ی جه‌له‌ولا؛ سه‌ر به‌قه‌زای خانه‌قینه له‌پارێزگای دیاله و ناوچه‌ی جێناكۆكه به‌پێی ده‌ستوری عیراق، دانیشتوانه‌كه‌ی له عه‌ره‌ب، كورد و توركمان پێكهاتون.
جه‌له‌ولا له ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوەو هەر ئەوانیش دۆسیەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئه‌منیه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه وه‌رگیرایه‌وه.