دوو مێردمنداڵ داندەنێن بەوەی هەستاون بە "دەستدرێژیی و دواتر كوشتن"ی منداڵە حەوت ساڵەكەی كۆمەڵگەی دۆمیز لە ناحیەی زوممار.
ئەو دانپێدانانە، پۆلیسی ناحیەی زوممار - باكوری خۆرئاوای نهینهوا-، بە كەسوكاری شاهین ویسام-یان وتووە.
بەسام سەلوان، مامی شاهین، بە (كەركوك)ی وت "لەو 10 كەسەی دەستگیركراون، دوو كەسیان دانیان بەوەداناوە كە دەرەنگانێكی شەوی 1ی ئایار بە زۆر دەستدرێژی سێکسییان كردۆتە سەر شاهین و دواتر بە بلۆك و بەرد لەناو مزگەوتێكی كۆمەڵگەی دۆمیز كوشتویانە".
بەسام زیاتر وتی "لەوکاتەی دەستدرێژییان كردۆتە سەری، شاهین بەرگری لەخۆی كردووە و پێیوتون لای مامەم باسی دەكەم، ئەوانیش لەوە ترساون و كوشتویانە"، بەپێی دانپێدانانەكان كە پۆلیس بە بەسام-ی داوە.
شاهین بەرگری لەخۆی كردووە و پێیوتون لای مامەم باسی دەكەم، ئەوانیش لەوە ترساون و كوشتویانە
"یەکێک لە تاوانبارەکان کوڕی خۆشکمە و ئەوەی تر دانیشتوی کۆمەڵگەی دۆمیزە... ئەمە ئەنجامی پەروەردەکردنی منداڵە لەسەر شەقام و پێدانی مۆبایل و ئینتەرنێت"، بەسام وایوت.
شاهین ویسام، كاتژمێر 11ی شەوی هەینی بە مەبەستی كڕینی پسكیت و شەربەت دەچێتە دوكانێكی نزیك ماڵی نەنكی لە كۆمەڵگەی دۆمیز سەر بە ناحیەی زوممار و ناگەڕێتەوە. تاوەكو كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی شەممە 2ی ئایار، تەرمەكەی لەنێو مزگەوتێك دەدۆزرێتەوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس شاهین بە بلۆك و بەرد لێدراوە و سەری بەدیواردا كێشراوە تا گیانیلەدەستداوە.
شاهین تەمەنی تەنیا یەك ساڵ بووە، كاتێك دایك و باوكی لەیەكتر جیابونەتەوە. باوكی كە پۆلیسە و لە موسڵ دەوام دەكات ژنێكی تری هێناوە و زۆرینەی كات شاهینی لای نەنكی بەجێهێشتووە. بەتایبەت ئەوكاتانەی خۆی لە دەوام بووە.
بەسام مامی شاهین، بە (كەركوك ناو)ی وت "داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەین، بەتوندترین شێوە سزایان بدەن و بەهیچ شێوەیەکی بە چارەسەری کۆمەڵایەتی رازی نابین، تاوەکو هیچ کەسی تر پەنا بۆ کۆشتن و تاوانی لەم شێوەیە نەبات"، بەسام مامی شاهین وایوت.