كۆرۆنا و دواتر كه‌ره‌نتینەکردن شه‌پۆلێكی نوێی توندوتیژی خستۆته ناو خێزان و وه‌ك هه‌موو جارێكیش پشكی شێری قوربانییه‌كه به‌ر ژنان ده‌كه‌وێت.
توندوتیژی خێزانی له سه‌رده‌می كه‌ره‌نتینه‌دا، بۆته دۆسیه و كێشه‌یه‌كی جیهانی، به‌ڵام له سەر ئاستی عیراق به راده‌یه‌كه، رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به "زه‌نگی مه‌ترسی" ناودەبات.
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، نیسانی 2020، له به‌یاننامه‌یه‌كدا نیگه‌رانی ده‌ربڕی به‌هۆی زیادبونی توندوتیژییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، له مامەڵەی خراپ لەلایەن هاوسەر، سوتاندن و خۆسوتاندن، بریندارکردنی خود، گێچەڵی سێکسی بۆ سەر نەوجەوانان و خۆکوشتنی ژنان.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان هۆكارێكی دیکەی زیادبونی توندوتیژییه خێزانییه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه دروستبووه و خه‌ڵك له ماڵه‌وه ده‌مێننه‌وه.
حاڵه‌ته‌كانی خۆكوشتن له ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌دا رێژه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیداره
ته‌نیا له كه‌ركوك، پێنج ژن به روداوی جیاواز و ته‌مومژاوی له كاتی كه‌ره‌نتینه‌دا كۆتایی به ژیانیان هاتووه، به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو).
دوایین رووداو 19ی نیسان لەگەڕەكی دەروازەی كەركوك رویدا، كاتێك كچێكی 19 ساڵ، بە تاپڕ "كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا"، وەك ئەوەی سەرچاوەیەكی پۆلیس بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە و وتی "بەڵام هێشتا لە لێكۆڵینەوەدان".
رێكخراوه فریاگوزارییه‌كانی كاروباری مرۆیی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ، بارودۆخى دەرونیی، فشارى خێزان و دۆخی ئابوری به هۆكاری كوشتن و خۆكوشتنی ژنان ده‌زانن.
سەجاد جومعە، لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ناوەڕاستی ئادار، تەنیا دوو حاڵەتی خۆكوشتنی ژنانمان هەبوو، بەڵام تەنیا لەماوەی كەرەنتینەدا كە خێزانەكان لەماڵەوە بون، بۆتە حەوت حاڵەت، ئەمەش رێژەیەكی زۆر مەترسیدارە".
"ناتوانین بڵێن ئەم حاڵەتانە هەموی خۆکوشتنە، ئەگەرى ئەوە هەیە کوژرابێت" به‌وته‌ی سه‌جاد.
حكومه‌تی فیدراڵی، بۆ خۆپارێزی و رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی راگه‌یاند و خه‌ڵك به ناچاری له ماڵه‌وه بون، رێكخراوه مرۆیی و فریاگوزارییه‌كانیش زۆرینه‌یان نه‌یانتوانی له‌و ماوه‌یه‌دا كاربكه‌ن.
ڤیان سابیر، لێپرسراوی پرۆژه‌كانی گه‌رمیانی رێكخراوی خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه له كه‌ره‌نتینه‌دا كاره‌كانمان وه‌ستا، به‌ڵام نه‌مانتوانی له ماڵه‌وه بمێنینه‌وه، چونكه كاری ئێمه چاره‌سه‌ری كێشه و به‌دواداچونی دۆسیه‌كانی ژنانه".
ئه‌و رێكخراو ژماره ته‌له‌فۆنی بۆ په‌یوه‌ندی له نێو ئاواره و خه‌ڵكی تردا بڵاوكرده‌وه بۆ به‌دواداچون و هاوكاری له هه‌ر روداوێكی توندوتیژیدا، له سۆشیال میدیاش به‌رده‌وام هه‌ڵمه‌تی هۆشیارییان هه‌بووه.
"له كه‌ره‌نتینه‌دا توندوتیژی بەرانبەر ژنان زیادیكرد، لێدانی قورس‌تر بووە.. ته‌نیا لای ئێمه هه‌شت بۆ 9 دۆسیه‌ی قورسی توندوتیژی هه‌بووه و سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنیانین"، ڤیان وای وت.
جگە لە بەغداد و هەرێمی كوردستانی عیراق، لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك هیچ پەناگەیەك بۆ ژنە هەڕەشەلێكراوەكان نییە.
به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، زیاتر له 85 سكاڵا دژی توندوتیژی خێزانی له نه‌ینه‌وا له ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌دا تۆماركراون. عامر روبه‌یعی، دادوه‌ری دادگای لێكۆڵینه‌وه له به‌ری چه‌پی موسڵ له كه‌ره‌نتینه‌دا ئه‌و سكاڵایانه بۆ دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی به‌رزكراوه‌ته‌وه، تا كاری له‌سه‌ر بكرێت.
له كاتێكدایه ده‌ستور هه‌موو جۆره توندوتیژییه‌كی خێزانی قه‌ده‌غه كردووه، به‌ڵام هێشتا یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌و دۆسیه‌یانه له عیراق نییه، جگه له هه‌رێمی كوردستان كه خاوه‌نی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانییه.
رائید فریاد هیدایەت، وتەبێژی بەڕێوه‌بەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی له گەرمیان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له كه‌ره‌نتینه‌شدا ده‌رگامان كراوه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ر كێشه‌یه‌ك .. به‌ڵام دادگا نه‌بوو، .. به ته‌له‌فۆن دادوه‌ر بڕیاری له‌سه‌ر دۆسیه‌كان ده‌دا یان په‌ڕاوه‌كانیان بۆ ده‌نێردرایه ماڵه‌وه".
ئه‌و پێیوایه "له كه‌ره‌نتینه‌دا توندوتیژی خێزانی كه‌میكردووه، نه‌ك زیادیكردبێت"، نمونه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه له شوباتی ئه‌مساڵدا 50 سكاڵایان به‌ده‌ست گه‌یشتووه به‌ڵام له مانگی ئاداردا ته‌نیا 30 سكاڵا هه‌بووه (مانگی ئادار قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ته‌واوه‌تی هه‌بووه).
له عیراق هیچ ناوه‌ندێكی فه‌رمی نییه بۆ كۆكردنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئاماره‌كانی توندوتیژی خێزانی.
له 18ی نیسانی 2020، ژنێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵ له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی نه‌جه‌ف گیانی له‌ده‌ستدا، دوای "خۆسوتاندنی".
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ له زاری دایكی ئه‌و ئافرەتەوە بڵاویكرده‌وه "كچه‌كه‌م وتی هاوسه‌ره‌كه‌ی زۆر به توندی لێیداوه، بۆیه به‌نزینی به خۆیدا كردووه و هه‌ڕه‌شه‌ی خۆسوتاندنی كردووه ئه‌گه‌ر له لێدانی نه‌وه‌ستێت"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هێشتا نازانم كچه‌كه‌م ئاگری له خۆی به‌ردا یان هاوسه‌ره‌كه‌ی وایكرد، به‌ڵام وتی سێ خوله‌ك بوو ده‌سوتا و هاوسه‌ره‌كه‌ی سه‌یری ده‌كرد، تا خه‌زوری هات و ئاگره‌كه‌ی كوژانده‌وه.. دوای كاتژمێرێكیش براوه‌ته نه‌خۆشخانه".
ئیداره‌ی نه‌جه‌ف، لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌كه پێكهێناوه، به‌ڵام هێشتا ده‌ره‌نجامه‌كان ئاشكرانه‌كراون.
پارێزەر ئاهەنگ ئەنوەر، سەرۆکى رێکخراوى ڤیان بۆ داکۆکیکردن لە مافى ئافرەت و منداڵ بە (كەركوك ناو)ی وت "ناتوانین بڵێین حاڵەتەكانی خۆکوشتن ژنان خۆیان بڕیاریان لێی داوە، چونكە هەموو کەسێک ژیانى خۆشدەوێت، ... بەشێكی زۆریان پێشئەوى بڕیاری خۆكوشتن بدەن، فشارى خێزانییان لەسەر بووە، یان توندوتیژییان به‌رانبه‌ر كراوه".
ژماره‌یه‌ك له رێكخراوه‌كانی داكۆكیكار له مافه‌كانی ژنان، دژی زیادبونی روداوه‌كانی توندوتیژی خێزانی له 27ی نیسانی ئه‌مساڵ گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان له كه‌ركوك رێكخست و ژماره‌یه‌ك داواكارییان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عیراق كرد.
له داواكارییه‌كانیان؛ دابینكردنی هێڵی گه‌رمی په‌یوه‌ندی بۆ دۆسیه‌كانی ژنان، بنیاتنانی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌روه‌نی تایبه‌ت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاڵنه‌ره‌كانی خۆكوشتن، توندكردنه‌وه‌ی رێكاره‌كان دژی ئه‌نجامده‌رانی توندوتیژی و ته‌رخانكردنی میلاكاتی زیاتری پۆلیس بۆ ئافره‌تان تا سه‌رپه‌رشتی لێكۆڵینه‌وه‌كان بكه‌ن.
سلێمان ئه‌نوه‌ر، لێپرسراوی پرۆژه‌كانی رێكخراوی هاوكاری ئەڵمانی لە گەرمیان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە كەرەنتینەدا كاری پێشوترمان وەستاند و تیمەكانمان بردە نێو كەمپی ئاوارەكان، چونكە حاڵیان خراپ بوو لە ڕوی پێداویستی خۆپارێزی و هاوكاریی و هۆشیارییه‌وه".
ئه‌و ده‌ڵێت له دۆسیه‌كانی توندوتیژیی خێزانیشدا، جگه له هه‌بونی پارێزه‌ر بۆ رێنوێنی ژنان له كێشه‌كاندا، به‌رده‌وامیش به دواداچونیان هه‌بووه له خانه‌قین، كفری و ناوچه‌كانی گه‌رمیان، به ئامانجی چاره‌سه‌ری دۆسیه‌كانی توندوتیژی.
شه‌وی 1ی ئایاری 2020، پێنج كچ له ناو ماڵێكدا له كه‌ركوك دۆزرانه‌وه، كه شوێنه‌واری توندوتیژی به جه‌سته‌یانه‌وه دیاربووە، ده‌ستیان به‌ستراوه و به زۆر كاری له‌شفرۆشییان پێكراوه، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو).
سه‌رچاوه‌كه وتی ژنێك و كوڕه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتی ماڵه‌كه‌یان كردووه، ژنه‌کە ده‌ستگیركراوه و كوڕه‌كه‌ی هه‌ڵاتووه.
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له به‌یاننامه‌كه‌ی نیسانی ئه‌مساڵدا ده‌ڵێت تاوانه‌كانی توندوتیژی بونەتە زەنگیکی مەترسیدار و واده‌خوازێت له تێپه‌ڕاندنی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی‌دا په‌له‌بكرێت.
پرۆژه یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، چه‌ند ساڵێكه له په‌رله‌مانی عیراقه و به‌هۆی ناكۆكی كوتله جیاوازه‌كانه‌وه په‌سه‌ند نه‌كراوه.
وه‌حده جومه‌یلی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له په‌رله‌مان به هیومان رایتس وۆچ-ی وت به‌شێك له په‌رله‌مانتاران دژی پرۆژه‌یاساكه‌ن، پێیانوایه ناكرێت ده‌وڵه‌ت لێپرسینه‌وه بكات له تاوانه‌كانی شه‌ره‌ف و سزادانی منداڵ له‌لایه‌ن دایك و باوكیانه‌وه.
له كاتێكدا یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی نییه، بڕگەی (1)ی مادەی (41)ی یاسای سزادانی عیراقی مافی ته‌مبێكردنی ژن به پیاو دراوه، ئه‌وه‌ش بۆته پاساوی زۆرینه‌ی دۆسیه‌كانی لێدان و توندوتیژی، هه‌رچه‌نده دادگای فیدراڵی له 2019 ره‌تیكرده‌وه ئه‌و بڕگه‌یه به مانای رێگه‌پێدان بێت به توندوتیژی دژی خێزانی.