كۆرۆنا و گەندەڵى؛ دێوه‌زمه‌ی خوێندنی كەمینەكان

نه‌ینه‌وا/2019/ ژماره‌یه‌ك قوتابی له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ خوێندن له‌سه‌ر چیای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

"دوو ساڵە وانەبێژم و پارەكەیان خواردوین، ئێستاش دەیانەوێت دەرگای خوێندنگەكان بكەینەوە و تاقیكردنەوەكان دەستپێبكەین"، مادلین حسێن، كچە ئێزیدییەكی وانەبێژە لە یەكێك لە خوێندنگەكانی ناحیەی سنونێ وایوت و جەختیشیكردەوە كە ئەو زوڵمە كاریگەری خراپی لەسەر دروستكردووە و رەنگە نەتوانێت جارێكی تر هاوشێوەی پێشوو بەدڵسۆزییەوە وانەبڵێتەوە.

ئەو گەندەڵیی و نادادپەوەرییە بەرامبەر وانەبێژانی ئێزیدی. رەنگە كێشەیەكی نوێ بێت هاوشانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە زیانی زۆری بە پرۆسەی خوێندن گەیاندووە، ئەوەش بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و راگرتنی پرۆسەی خوێندن. كە قوربانی یەكەم تیایدا خوێندكارانی ئەو پێكهاتە ئایینیەن.

كرۆكی گرفتەكە لەوەوە دەستیپێكردووە، كە ملیارێك و 98 ملیۆن دیناری پارەی وانەبێژانی پەروەردەی شنگال – سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- دیارنەماوە، بەهۆیەوە وانەبێژانی ناوچەكە كە زۆرینەیان ئێزیدین مافە داراییەكانیان وەرنەگرتووە.

ئەو گەندەڵییە لە ماوەی دوای شەڕی داعش و ساتی كاركردنی حكومەت بووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان. كە لەو چوارچێوەیەدا سەدان وانەبێژ بۆ خوێندنگەكان دانران.

xwendn la camp
دهۆك، 2019، پۆلێكی خوێندن له‌ خوێندنگه‌یه‌كی نێو كه‌مپی كه‌به‌رتوو كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئاواره‌ی شنگاله‌ فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

مادلین حسێن، ده‌رچوی په‌یمانگه‌ی ژمێریارییه‌ لە شاری موسڵ و دوو ساڵە وەكو وانەبێژ وانەدەڵێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "له‌ بارودۆخێکی زۆر سه‌خت و ناخۆشدا پەیمانگەم تەواوكرد، بەڵام هیچ كارێك نەبوو بیكەم، لەوكاتەشدا خوێندنگەكان پێویستی زۆریان بە وانەبێژ بوو بۆیە ئەو كارەم هەڵبژارد و دوو ساڵە لە خوێندنگەیەكی سەرەتایی وانەدەڵێمەوە".

"لەو دوو ساڵەدا هەر چاوەڕێ بوین پارەی وانەبێژیمان پێبدەن... خواش قبوڵناكات پارەی جلوبەرگم نەبوو، وانەم دەوتەوە".

ماردین رۆژانە چوار وانەی دەوتەوە و بەگشتی مانگانە زیاتر لە 300 هەزار دینار دەكات، كە بۆ هەردوو ساڵەكە لانیكەم شەش ملیۆن دینارە.

ئەوە گرفتێكی نوێیە هاوشانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەرۆكی پرۆسەی خوێندن دەگرێت لە قەزای شنگال زێدی مێژویی ئێزیدییەكان.

زۆرینه‌ی خوێندنگەكان له‌لایه‌ن وانه‌بێژانەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام پارەكەیان خواردوین

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكی حوزەیرانی دیاریكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن، ئەوەش دوای نزیكەی سێ مانگ لە داخستنی دەرگای خوێندنگەكان دێت بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە لە عیراق.

بەڵام دەستپێكردنەوەی جارێكی تری پرۆسەی خوێندن لەكاتێكدایە جۆرێك لە نائومێدی روی لە ناوەندەكانی خوێندن كردووە بەهۆی ئەو دۆسییەیەوە لە قەزای شنگال.

سه‌یدۆ شه‌مۆ، خەڵكی گرعوزێره‌ لە قەزای شنگال و چوار ساڵە وانەبێژە، وتی "زۆرینه‌ی خوێندنگەكانی شنگال و ناحیه‌ی سنونێ له‌لایه‌ن وانه‌بێژانەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام پارەكەیان خواردوین".

خوێندنگەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆرۆناوە نزیكەی نیوەی پڕۆگرامی ئەمساڵی خوێندنیان تەواونەكردووە، وانەبێژەكانیش بەشێكیان دەڵێن ئامادەنین دەرگای خوێندنگەكان بكەنەوە.

"رازین دەست بە خوێندن بكەینەوە و لانیكەم قەرەبوی بەشێكی خوێندنی ئەمساڵی خوێندكاران بكەینەوە،  ته‌نیا ئەگەر بڕه‌ پاره‌یه‌کی كەممان بۆ خەرجبكەن، تا بتوانین پێداویستییه‌کانی رۆژانەی پێبكڕین، بەپێچەوانەوە بایكۆت دەكەین و بەشداریی تاقیكردنەوەكان ناكەین". سەیدۆ شەمۆ وایوت. ئەو لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا بێكار بووە و هیچ سەرچاوەیەكی دارایی ئەوتۆی نییە.

xwendkarr
نەینەوا, 2019، سێ خوێندكاری قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگەيه‌كی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو)، لانیكەم 400 وانەبێژ لە سنوری شنگال هەن كە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن. بۆیە لە حاڵەتی بایكۆتكردندا مەترسی هەیە لەسەر پرۆسەی خوێندن لەناوچە ئێزیدییەنیشینەكان.

ئەو ملیار و 98 ملیۆن دینارە، هەموی پشكی پەروەردەی شنگالە كە پشكی گەورەی وانەبێژانی ئێزیدییە.

هه‌ڵز سه‌عید، ئه‌ندامی لیژنەی پەروەردە لە په‌رله‌مانی کوردستان لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی په‌روه‌رده‌ی شنگال له‌گەڵ برایه‌ک و به‌ڕێوه‌به‌ری ژمێریاری لە ماوه‌ی ساڵانی شه‌ڕی داعشدا و لەکاتى ئاواره‌بونی خه‌ڵکی شنگال ئەو گه‌نده‌ڵییەیان له‌پاره‌ی وانه‌بێژاندا کردووە، ئه‌م دۆسییەیە‌ ره‌وانه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ کراوه‌ و ڵێکوڵینه‌وه‌ به‌ردەوامه‌".

لە ئێستادا برای بەڕێوەبەری پەروەردە و بەڕێوەبەری ژمێریاری دەستگیركراون، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال هەڵاتووە.

ئەگەر پارەكە بەدەستنەهێنینەوە ناتوانین پارەی وانەبێژان بدەین

مه‌یسه‌ر حه‌جی ساڵح، كە لەجێی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی په‌روه‌رده‌ی شنگال دەستبەكاربووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆمەڵێك ناوی وه‌همی وانه‌بێژان نوسراوە و پارەی كۆمەڵێكی تر نەدراوە، چەند ساڵێك بەناوی ئەوانەوە پارەی وەرگرتووە و خواردویەتی".

"ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له ‌به‌ڕێوە‌به‌ری پێشوو وه‌ربگیرێتەوە، ئەوا بەسەر وانەبێژاندا دابەشیدەكەین"، مەیسەر زیاتر وتی "بەڵام ئەگەر پارەكە بەدەستنەهێنینەوە ئەوا ناتوانین پارەی وانەبێژان بدەین، چونكە حكومەتی هەرێم لە قەیرانێكی قوڵی داراییدایە".

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی ئەگەر دامەزراندن بكرێتەوە، سەرەتا وانەبیژان دادەمەزرێنرێن و له‌بیریان ناكەن.

ئەو كێشەیە تەنیا بەرۆكی ئەو خوێندنگانەی گرتوە كە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن.

xwendnga (2)
شنگال، 2019، خوێندنگه‌ی وه‌ردی له‌ گرعوزێر له‌لایه‌ن رێكخراوی پردی گه‌نجان به‌ هاوكاری نادیه‌ موراد، چالاكوانی ئێزیدی و باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌ فۆتۆ: رێكخراوی پردی گه‌نجان

سەرەتای ئەم مانگە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستاندا، وتی "به‌ فه‌رمانی سه‌رۆک وه‌زیران روبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی بوینه‌وه‌ و له‌ یه‌کێک له‌ په‌روه‌رده‌کانی پارێزگای دهۆک به‌ بەهای ملیارێك و 98 ملیۆن دینار گه‌نده‌ڵی له‌ پاره‌ی وانه‌بێژاندا کراوه‌"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە قەرەبوكردنەوەی وانەبیژان بدات.

شهاب ئەحمەد، یەكێكی تر لەوانەبێژەكانی پەروەردەی شنگال، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، پێش دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەکان بڕێک پارە بەسەر وانەبێژەکاندا دابەشبکەن، تا خوێندنی ئەمساڵی خوێندكارانی ئاوارە و ئێزیدی بەهۆی كۆرۆنا و بایكۆتی وانەبێژەكانەوە نەفەوتێت.

"ئەگەر بایکۆتی تاقیکردنەوەکان بكەین، ئەوا خوێندنی ئەمساڵی ئێزیدی و زۆرێك لە ئاوارەكان دەفەوتێت"، شهاب وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT