ژنێكی 24 ساڵی ئێزیدی كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا و بە هەڵواسین خۆی خنكاند، بەوتەی برایەكی كێشەی لەگەڵ هاوژینەكەی هەبووە.
ئەو روداوە، كاتژمێر سێی بەرەبانی سێشەممە 19ی ئایار لە قەزای شنگال رویدا و سەلوا سلۆ مچۆ لە دوای خۆی منداڵێكی كچی بەجێهێشتووە.
عەزیز سلۆ، برای ئەو ژنە، بە (كەركوك ناو)ی وت "روداوەكە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بووە، خوشكەكەم كێشەی لەگەڵ هاوژینەكەی هەبووە و چەند جارێك گەڕاوەتەوە ماڵی ئێمە و دواتر لەگەڵ هاوژینەكەی ئاشتبونەتەوە، بەڵام کێشەکان هەر بەردەوامی هەبووە، بۆیە خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە".
بەپێی وتەی عەزیز سلۆ، خوشكەكەی كاتژمێرێك بەرلەوەی خۆی هەڵواسێت نامەی گەردن ئازایی بۆ خوشكێكی ناردووە كە لەماڵەوەیە و هێشتا هاوسەرگیری نەكردووە.
سەلوا سلۆ، لە دوای خۆی نامەیەكی بەجێهێشتووە كە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە و تیایدا هاتووە "من لای باپیرم بنێژن و بمبەنە سكێنێ، غەم مەخۆن لەبەر من".
سكێنێ ناوی ئەو گۆڕستانەیە كە باپیری سەلوای تیادا نێژراوە.
سەلوا خەڵکی گوندی سیبا شێخدری باشوری شنگالە، بەڵام ماوەیەكە لە ناحیەی سنوێ دەژیت لە باكوری شنگال.
پۆلیسی قەزای شنگال، ئامادەنەبون هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو بابەتە بدەن و جەختیانكردەوە لەوەی چاوەڕێی راپۆرتی پزیشكی دەكەن.