یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئاشكرای دەكات پەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ئیدارەی كەركوك هەڵداوەتەوە كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات، لە هەنگاوێكی نوێشدا بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە 150 زیندانیكراوی عەرەب لە سلێمانییەوە بۆ كەركوك بگەڕێنرێنەوە.
ئەو هەنگاوە سێشەممە 19ی ئایار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا ئاشكراكرا، كە تیایدا هەریەكە لە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان و محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بەشداربون.
محەمەد عوسمان لە كۆنگرەكەدا وتی "دواى ئەوەى لەلایەن هاوسەرۆکى یەکێتی و مەکتەبی سیاسییەوە ئامۆژگارى کراین، کە پێداچونەوە بە دۆسیه‌ی ئه‌و دەستگیرکراوانە بكەین لاى یەکێتین و لە سەردەمى شەڕى داعشدا دەستگیرکرابون، بڕیارماندا هەمویان رادەستى حکومەتى فیدراڵی عیراق بکەینەوە".
"هەوڵدەدەین ئەو کێشانەی چارەسەر بکەین پێشتر رویانداوە و لاپەڕەیەکى نوێ هەڵبدەینەوە"، محەمەد عوسمان زیاتر وتی "ئەو دەستگیرکراوانە رادەستى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبه‌شه‌كانی کەرکوک دەکەینه‌وه، لە ئەمڕۆوە (19ی ئایار) ئەوان لێپرسراون لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا".
ده‌ستگیركراوه‌كان هی سه‌رده‌می شەڕی داعشن و محەمەد عوسمان ده‌ڵێت "ئەوكات تەنیا هێزی پێشمەرگە لە كەركوك بون و دەستگیركردنی ئەو كەسانە لە غیابی حکومەتى فیدراڵ‌دا بووە، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ بونیان هەبوایە لەم شارە ئەوا وەزارەتى پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەکان كەسیان دەستگیر نەدەكرد".
راكان سەعید لە كۆنگرەكەدا وتی "بەخۆشحاڵییەوە سه‌ركردایه‌تی نوێی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەو هەڵوێستەیان نواند و وەڵامى داواکاریی ئێمەیان دایەوە ده‌رباره‌ی دەستگیركراوه‌كانی سلێمانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی".
بەپێی رێکەوتنی نێوان یەکێتیی و ئیدارەی كەركوك، 150 زیندانیكراوی عەرەب لە گرتوخانەكانی سلێمانییه‌وه رەوانەی دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك دەكرێنەوە.
راكان وتی "ئەوە ئازادکردنى تیرۆریستان نییە، بەڵکو پێداچونەوە و گەڕانەوەی ئەو کەسانەیە بۆ كەركوك کە هیچ بەڵگە و تاوانێکیان لەسەر نییە. هەروەها لیژنەى ئەمنى جارێکی‌تر بەدواداچون بۆ دۆسییەکانیان دەکاتەوە". زیاتر وتی "مه‌به‌ست له‌و هه‌نگاوه گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان و ئاشكراكردنی چاره‌نوسیانه".
ئەوە ئازادکردنى تیرۆریستان نییە، بەڵکو پێداچونەوە و گەڕانەوەی ئەو کەسانەیە بۆ كەركوك کە هیچ بەڵگە و تاوانێکیان لەسەر نییە
هه‌ر لەو كۆنگرەیەدا ئیسماعیل حەدیدى، راوێژکارى سەرۆک کۆمارى عیراق بەشداریكرد، كه ناوبراو لەو رێككەوتنەی نێوان یەكێتی و ئیدارەی كەركوك ئاگاداره.
سەعد حەربییە، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبه‌شه‌كانی كەركوك له به‌شێكی كۆنگره‌كه‌دا جەختیكردەوە دەستگیركراوەكان وەردەگرنەوە و بەدواداچون و لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکانیان دەکەن، دواتر رادەستى دادگایان دەکەن، بەڵام رون نییە كەی ئەو پرۆسەیە كۆتاییدێت.
لە 20ی تەمموزی 2019، ئەنجومەنی سیاسى عەرەبى لە کەرکوک، ناوی 1000 بێسەروشوێنی رادەستی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك كرد و هەردوو ئاسایشی یەكێتیی و پارتی-یان تۆمەتباركرد بە دەستگیركردن و زیندانیكردنیان.
هه‌ر ئه‌وكات وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ره‌تیكرده‌وه هیچ ده‌ستگیركراوێكی عه‌ره‌بی كه‌ركوك لای ئه‌وان بێت.
راكان سه‌عید، له وه‌ڵامی رونكردنه‌وه‌كه‌ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا، وتی "توشی شۆك بوین كاتێك گوێمان لە رونكردنه‌وه‌كه بوو، ... ئەو وەڵامە خزمەتی دۆسییەكە ناكات، دەبێت ئەوان بە بەرپرسیارێتی یاسایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابه‌ته‌دا بكەن نەك كۆمەڵگه بوروژێنن".
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە ئه‌یلولی ساڵی رابردوشدا له وه‌ڵامی داواكاری كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنان و حزبه عه‌ره‌بییه‌كاندا، له نێویاندا ئیداره‌ی كه‌ركوك، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و جه‌ختیكرده‌وه "بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی دانیشتوانی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه له به‌ندیخانه‌كانی هه‌رێم دورن له راستییه‌وه و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه، ده‌رگای به‌ندیخانه‌كانیش له‌به‌رده‌م رێكخراوه مرۆییه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵی كراوه‌یه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته".
به‌ڵام دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌و راگه‌یه‌ندراوه، هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر له سلێمانی (سه‌ر به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان)، 90 ده‌ستگیركراوی سه‌رده‌می داعشیان له پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب ره‌وانه‌ی كه‌ركوك كرده‌وه.
پێشتر و له شوباتی 2019یشدا، له هه‌رێمی كوردستانه‌وه 12 به‌ندكراوی عه‌ره‌ب به نهێنیی و دور له چاوی راگه‌یاندنه‌كان بۆ كه‌ركوك گه‌ڕێنرانه‌وه، دوای ئه‌وه و له 11ى نیسانی هه‌مان ساڵدا، 24 به‌ندكراوی تر به ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆمار (ئاراس شێخ جه‌نگی برازای جه‌لال تاڵه‌بانی) گه‌ڕێنرانه‌وه بۆ كه‌ركوك و هه‌ندێكیان دواتر ئازادكراون.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی دوێنێ سێشەممە 19ی ئایاری 2020دا، هیچ یه‌كێك له لێپرسراوانی ئیداره‌ی كه‌ركوك و یه‌كێتی، زانیاری‌یان نه‌دا له‌سه‌ر هۆكاری راده‌ستكردنه‌وه‌ی زیندانییان و گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌مكاته‌دا بۆ كه‌ركوك.