وەزیری ناوخۆی عیراق: دوو فەوجی تری پۆلیسی فیدراڵی رەوانەی كەركوك دەكەین

كەركوك/23ی ئایاری 2020/ عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆى عیراق لەساتی گەیشتنی بۆ كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی پارێزگار

كاروان ساڵحی

عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆى عیراق رەزامەندی نیشانداوە بۆ رەوانەكردنی دوو فەوجی تری پۆلیسی فیدراڵی بۆ كەركوك، بەتایبەت بۆ سنوری هەردوو قەزای دوبز و حەویجە لە خۆرئاوا و باشوری خۆرئاوی پارێزگاكە.

نیشاندانی ئەو رەزامەندییە لە سەردانێكیدا هات بۆ پارێزگای كەركوك (ئەمڕۆ 23ی ئایار) و كۆبونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەكان و پارێزگاری كەركوك.

عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەر لە 10 رۆژ بڕیاردرا دوو فەوجى دیکەى پۆلیسى فیدراڵى رەوانەى شارى کەرکوک بکرێن، ئەوەبوو ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی بە رەسمی رەزامەندی لەسەر نیشاندا".

وتیشی "بڕیارە ئەو دوو فەوجە لە بەرزاییەكانی سنورى قەزاى دوبز تاوەکو سنورى حەویجە جێگیربن، ناوچەكە لە مەترسییەكانی چەكدارانی داعش بپارێزن".

بڕیارە ئەو دوو فەوجە لە بەرزاییەكانی سنورى قەزاى دوبز تاوەکو سنورى حەویجە جێگیربن

لەو ناوچانە ناوبەناو گروپی چەكداری نەناسراو كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن و تاڕادەیەك مەترسین بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و كێڵگە نەوتییەكانی سنوری دوبز لە خۆرئاوای كەركوك.

حەمادی وتی "وەزیری ناوخۆ بەڵێنیدا هەركاتێك شارەكە پێویستی بەهێزی زیاتر بوو، ئەوا هاوكاریی زیاتری تەواوی دەزگا ئەمنییەكان دەكرێت". هەر لە كۆبونەوەكەدا بەتایبەت رۆڵی پۆلیسی فیدراڵی بەرزنرخاندووە.

wazer

كەركوك/23ی ئایاری 2020/ عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆى عیراق و راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەت لە فڕۆكەخانەی كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی پارێزگار

عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆى عیراق و جەعفەر بەتات، فەرماندەى پۆلیسى فیدراڵى و هەردوو بریکارى وەزیرى ناوخۆ بۆ کاروبارى پۆلیس و کاروبارى هەواڵگرى، ئەمڕۆ شەممە 23ی ئایار لەڕێی فڕۆكەخانەی كەركوكەوە گەیشتنە شارەكە.

لەو سەردانەدا چەند كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ پارێزگار و فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەكان رێكخست. تیایدا راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك، سەعد حەربیە فەرماندەى ئۆپەراسیۆنى کەرکوک و فەرماندەى لیواى 61 سوپاى عیراق بەشداربون. لەگەڵ زۆرینەی بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنییەكان.

وەزیری ناوخۆ بەتایبەت باسی دۆخی ئەمنی ئەمدواییەی پارێزگاكەی كردووە و وتویەتی "چی پێویستە ئەنجامی بدەن، بۆ ئەوەى شارەكە سەقامگیربێت و لە مەترسییەكانی داعش بەدوربێت"، ئەوەش هەر بەوتەی حەمادی.

چی پێویستە ئەنجامی بدەن، بۆ ئەوەى شارەكە سەقامگیربێت و لە مەترسییەكانی داعش بەدوربێت

وەزیری ناوخۆ لە كۆبونەوەكەدا باسی گۆڕانكاریی ئەمنی كردووە و جەختیكردۆتەوە، پێویستە هەر فەرمانگەیەكی ئەمنی دوای سێ ساڵ گۆڕانكاریی لە پۆستەكاندا بكات، بەڵام لەو كۆبونەوەیە بڕیاری هیچ گۆڕانكارییەك نەدراوە.

بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى پارێزگارى کەرکوک، لە كۆبونەوەكەدا راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت وتویەتی "بارى ئەمنیی و سەقامگیرى لە شارەکەدا زۆر باشە و پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانیش لە ئاستێكی زۆر باشدایە".

ئەمە یەكەمین سەردانی وەزیری ناوخۆیە بۆ كەركوك، دوای ئەوەی لە شەوی 7ی ئایار لە پەرلەمانی عیراق متمانەی وەرگرت و وەكو وەزیر دەستبەكاربوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT