دوو گه‌نجی خه‌ڵكی داقوق رفێنران، كاتێك له ئهركدابون وه‌ك پاسه‌وانی تاوه‌ره‌كانی كاره‌با، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی سێ سه‌رچاوه بۆ (كه‌ركوك ناو).
روداوه‌كه كاتژمێر 12ی شه‌وی رابردوو 25ی ئایار بووه له نزیك گوندی چهوركه-ی قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك).
ره‌مه‌زان مه‌جید، كه‌سایه‌تی ناوچه‌ی تاڵه‌بانی له داقوق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "كه‌سانی نه‌ناسراو ئه‌و دوو گه‌نجه‌یان رفاندووه و گومانده‌كرێت رفێنه‌ره‌كان چه‌كدارانی داعش بن".
ئه‌و دوو گه‌نجه دانیشتوی گوندی یهنگێجهی تاڵه‌بانی-ین له داقوق و پاسه‌وانی تاوه‌ره‌كانی كاره‌با بون به شێوه‌ی گرێبه‌ست.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له كه‌سوكاری رفێنراوه‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له شه‌وی رابردوه‌وه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیاندا نه‌ماوه و به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆش نه‌مانتوانی بچینه شوێنی كاره‌كه‌یان، به‌ڵام به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆ چوین و ته‌نیا كه‌لوپه‌له‌كانیان مابوو".
ئه‌و دوو گه‌نجه؛ دیلان مۆفه‌ق (23 ساڵ) و عیسا ته‌ها ئیسماعیل (21 ساڵ)ـن.
به‌وته‌ی ره‌مه‌زان مه‌جید ده‌ستبه‌جێ و له‌گه‌ڵ نه‌مانی هه‌واڵی ئه‌و دوو گه‌نجه‌دا هێزه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌یان ئاگاداركردۆته‌وه.
ته‌نیا كه‌لوپه‌له‌كانیان له شوێنی كاره‌كه‌یاندا ماوه و هیچ سۆراغێكیان نییه
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له ناوچه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای ئاگاداركردنه‌وه له‌و دۆسیه‌یه و دیارنه‌مانی دوو گه‌نجه‌كه ده‌ستمان به لێكۆڵینه‌وه كرد، له ئێستاشدا هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕان و پشكنینیان ده‌ستپێكردووه".
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا چه‌ندین روداوی تری ئه‌منی له داقوق، به تایبه‌ت گونده كاكه‌یی و كوردنشینه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه رویانداوه، له كرده‌وه‌ی چه‌كداری، ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی چێنراو و سوتاندنی ده‌غڵ و دانی جوتیاران.
له دوایین هه‌نگاودا عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆى عیراق رەزامەندی نیشاندا بۆ رەوانەكردنی دوو فەوجی تری پۆلیسی فیدراڵی بۆ ناوچه‌كانی خۆرئاوا و باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارە ئەو دوو فەوجە لە بەرزاییەكانی سنورى قەزاى دوبز تاوەکو سنورى حەویجە جێگیربن، ناوچەكە لە مەترسییەكانی چەكدارانی داعش بپارێزن".
دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، به ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و لیوای 61ی فیرقه‌ی تایبه‌ته‌وه‌یه له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كاندا، له قه‌زا و ناحیهكانیشدا سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی جێگیربون.