"بەڵێن بێت شۆڕش دەگەڕێتەوە"
دروشمی په‌ره‌سه‌ندنێكی چاوەڕوانكراو لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی ناسرییە

زیقار، 2020، ژمارەیەك خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی حەبوبی ناوەڕاستی ناسرییە فۆتۆ: عەلی ناسری

عەلی ناسری – زیقار

ئەبو ئەحمەد كە لەپەنجاكانی تەمەنیدایە، لەبەردەم خێوەتەكەی خۆیدا لە گۆڕەپانی حەبوبی شاری ناسرییەی باشوری عیراق دانیشتووە، لە چاوەكانیدا نیگای بەرەنگاری بەدیدەكرێت، ئەو بەمدواییە خێوەتەكەی بەجۆرێك رێكخست وادەردەخات خۆپیشاندانەكان درێژە دەكێشن، دەڵێت "شۆڕشەكەمان هەرچەند بخایەنێت سەركەوتن بەدەستدەهێنێت."

ئەبو ئەحمەد، كە داوای چاكسازی سیاسی و ئابوریی ڕیشەیی دەكات، وتی "لە 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوەوە بەشداریم لە ناڕەزایەتییەكان كردوە و هەشت مانگە بەردەوامم"، سەرەڕای ئەو پێشێلكارییە زۆرە و ئەو زیانە گیانییانەی دوچاری بون، بەو ئومێدەی داخوازییەكانیان جێبەجێبكرێت.

دەیان كەسی وەك ئەبو ئەحمەد كە بە "شۆڕشگێڕ" ناویدەبەن، بەردەوام لە گۆڕەپانی مانگرتنی ناسرییەن، سوریشن لەسەر درێژەدان بە ناڕەزایەتییەكان تا كۆتایی، وێڕای پابەندبونیان بە مەرجە تەندروستییەكان لە سەردەمی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا كە بۆته‌ هۆی كەمبونەوەی ژمارەیان لەناو خێوەتگەكاندا.

 

رەتكردنەوەی "بەڵێنە ئاوریشمییەكان"

سەلام كازم تاڵب، خوێندكاری كۆلێژی یاسایە لە زانكۆی زیقار، لەنێو خۆپیشاندەرانەوە باس لە رەوایەتی خۆپیشاندان و مانگرتن دەكات لە ماوەی هەشت مانگی رابردودا بەم شێوازەی ئێستا، دەڵێت "هەموو ئەو چاكسازییانەی حكومەتی پێشوو و ئەوەی ئێستا بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی خستویانەتەڕو، دەچنە چوارچێوەی بەڵێنە ئاوریشمییەكانەوە."

هەموو ئەو چاكسازییانەی حكومەتی پێشوو و ئێستا بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی خستویانەتەڕو، دەچنە چوارچێوەی بەڵێنە ئاوریشمییەكانەوە

داواشیكرد ئەو داخوازییانە جێبەجێبكرێن كە لە پرۆسەی چاكسازی سیاسیدا راگەیەنراون، "لە سەروی هەمویانەوە لێپرسینەوە لە بكوژانی خۆپیشاندەران و دادگاییكردنیان، وەك هێمایەك بۆ نیشاندانی نیازپاكی."

لە سەرەتای هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكانەوە، خۆپیشاندەرانی ناسرییە گۆڕەپانی (حەبوبی)ی ناوەڕاستی شارەكەیان وەك بارەگایەكی سەره‌كی دەستنیشانكردوە و ئێستاش هەر بەوشێوەیە ماوەتەوە.

نزیكەی 200 خێوەت لەسەر شەقامەكانی چواردەوری پەیكەری شاعیر و شۆڕشگێڕ محەمەد سەعید حەبوبی، كە یەكێك بووە لە سەركردەكانی "شۆڕشی عشرین" هەڵدراونەتەوە، بەشێكیان داخراون و بەشێكیشیان ژمارەیەكی كەمی مانگرتوی تیایە، بەهۆی پابەندبون بە كەرەنتینەوە.

 (23)-1
زیقار، 2020، گۆڕەپانی حەبوبی سەنتەری خۆپیشاندانەكانی پارێزگاكە  فۆتۆ: عەلی ناسری

ئامادەسازی بۆ گەڕێكی تر

بەمدواییە، خۆپیشاندەران و مانگرتوان دەستیانكرد بە نوێكردنەوە و ڕازاندنەوەی خێوەتەكانیان، وەك ئاماژەیەك بۆ بەردەوامی و بەره‌نگاری و خۆئامادەكردن بۆ گەڕێكی تری خۆپیشاندان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكان، كە هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی دروشمی نوێ لەژێر ناوی "بەڵێن بێت شۆڕش دەگەڕێتەوە"، هەروەها بۆ روبەڕوبونه‌وه‌ی كەشی گەرمی هاوین و لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

یەكێك لە خێوەتەكان، هاوشێوەی دەیانی تر، دیكۆرەكەی گۆڕاوە و لە پەیكەری ئاسنین و بەرگی قوماش و پلاستیكەوە كراوە بە ژوری گەورە، بەخشت دروستكراوە و ئامێری فێنككەرەوە و روناكی بۆ دابینكراوە، كە ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ گرنگی گۆڕەپانەكە و هەروەها بۆ بەخشینی ئومێد و پشتگیریكردنی مانگرتوان تا لە خۆپیشاندان بەردەوامبن، وەك محەمەد حەسەن سەرپەرشتیاری خێوەتەكە وتی.

خانمە چالاكوانی مەدەنی جینان كازم، كە لەدەستپێكی خۆپیشاندانەكانەوە خۆیی و چەند هاوڕێیەكی لە خێوەتێكدا یەكیانگرتووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "مانگرتوان حكومەتەكەی مستەفا كازمی رەتدەكەنەوە لەبەرئەوەی لە هەناوی پشكپشكێنەی حزبییەوە دروستبووە و ئەو مەرجانەی تیانییە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان و مانگرتن ڕایانگەیاندبوو، لەوانە دەبێت سەرۆكوەزیران و كابینە وەزارییەكەی لە دەرەوەی كوتلە سیاسییەكانی ئێستا هەڵبژێردرێن."

مانگرتوان حكومەتەكەی مستەفا كازمی رەتدەكەنەوە چونكه‌ لە هەناوی پشكپشكێنەی حزبییەوە دروستبووە

جینان رونیكردەوه‌ متمانەیان بە حكوەتی كازمی نییە، چونكە پێشتر پۆستێكی ئەمنی باڵای لە دەوڵەتی عیراقیدا بەڕێوەدەبرد و "هاوبەش بووە لە هەموو ئەو كوشتن و برینداركردنەی روبەڕوی خۆپیشاندەران بۆته‌وه‌، بێ ئەوەی تۆمەتبارەكان ئاشكرابكات."

مستەفا كازمی لەساڵی 2015ـەوە تا ڕاسپاردنی لەلایەن سەرۆككۆمارەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە 9ی نیسانی 2020دا، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بوو.

 (20)
زیقار، 2020، دروستكردنی ژورێكی گەورە بە خشت لە گۆڕەپانی حەبوبی  فۆتۆ: عەلی ناسری

خۆپیشاندەران لە ئامادەباشیدان

مانگرتووان بەردەوام چاودێری بارودۆخی گۆڕەپانی سیاسی دەكەن، تێڕوانینێكی رونیان هەیە سەبارەت بە پێشهاتەكان و ئایندەی خۆپیشاندانەكان، هەڵوێستیان لە ئاست رێوشوێنەكانی حكومەتی عیراق لەبارەی جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان بۆتە باسوخواسی شەوانەیان، ئەو گفتوگۆیانە تا درەنگانی شەو بەردەوامدەبن و دەگەنە ئەو دەرەنجامەی؛ جەخت لەسەر بەردەوامی و پاشگەزنەبونەوە بكه‌نه‌وه‌.

ئەحمەد زوهێری، پارێزەر و چالاكوان دەربارەی هۆكارەكانی ئەو بەردەوامییە دەڵێت "جەختكردنەوە لەسەر گوڕتركردنی ناڕەزایەتییەكان پاش كۆتاییهاتنی قەیرانی پەتای كۆرۆنا، كاردانەوەیە بۆ بەدەمەوەنەهاتنی حكومەت لەئاست هیچ داخوازییەكی جەماوەریدا، درێژەدانیشه‌ بە سیاسەتی كاتكوشتن و تاوتوێنەكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بەشێوەیەكی راستەوخۆ، به‌هۆی پشتبەستن بە روكاری دروستبونی حكومەت بێ ئەوەی هەنگاوی راستەقینە بنێت كە رۆڵی هەبێت لە دڵنیاكردنەوەی شەقامی عیراقی."

 

نەبونی دادپەروەریی و بەردەوامی خۆدەربازكردن لە لێپرسینەوە

كەسوكاری كوژراوانی خۆپیشاندانەكان ناوبەناو رێپێوان رێكدەخەن، بەیاننامەی هاوبەش دەردەكەن و تیایدا داو لە حكومەتی ناوه‌ندی دەكەن لێپرسینەوە لەو كەسانە بكات بە كوشتنی رۆڵەكانیان تۆمەتبارن و دادگاییان بكات، جگە لەوەش مافەكانی تریان لەڕێی دەزگای شەهیدانەوە بۆ دەستەبەربكات.

ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان لە پارێزگای زیقار گەیشتۆتە 100 كوژراو، هەزاران بریندار و كەمئەندام.

عەباس عەبادی، باوكی یەكێك لە قوربانییەكانە و دەڵێت ئێستاش ئۆقرە ناگرێت بۆ لەدەستدانی كوڕەكەی كە سێ منداڵی بۆ بەجێهێشتووە و كەس نییە بەخێویان بكات، لەبەرانبەردا حكومەت هیچ دەربەست نەهات؛ نە بكوژی كوڕەكەی سزادا و نە یارمەتی منداڵەكانی كوڕە "شەهیدەكەی"-دا، دایكیشی بەردەوام بە شەو و بە ڕۆژ بۆ كوڕە تاقانەكەی دەگری.

خۆپیشاندانەكانی شاری ناسرییە، چەندین ڕوداوی "تیرۆركردنی" چالاكوانانی تیادا تۆماركرا لە دەرەوەی سنوری گۆڕەپانی مانگرتن، دوایینیان "تیرۆركردنی" خۆپیشاندەرێك بوو بەناوی ئەزهەر شمەری، لەبەردەم ماڵەكەیدا لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە.

ویسام كازم، هاوڕێی ئەزهەر شمەری بە (كەركوك ناو)ی وت "بەدرێژایی ئەو چەند مانگەی خۆپیشاندانەكان، ئەزهەر یەكێك بوو لەچالاكوانە بە هەڵوێستەكان، بەردەوام بە دەنگی بەرز قسەی دەكرد و ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاودەكردەوە تایبەت بوون بە داوای چاكسازی و رەتكردنەوەی توندوتیژی و پابەندبون بە ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی لەكاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا"..

"بەڵام دەنگی چالاكوانەكان لایەنی بەرانبەری دەتۆقاند كە نەیاندەویست ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوامبن، ئەوەبوو لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە بەدەستڕێژی گولـلە تیرۆركرا، بێ ئەوەی لایەنی ئەمنی و حكومی هەوڵی دۆزینەوەی بكوژەكان بدەن."

 

رێوشوێنەكانی حكومەت جێی گومانن

ئەو رێوشوێنانەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاندووه‌ لەوانە ئازادكردنی خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان، وەك مانگرتوەكانی گۆڕەپانی حەبوب دەڵێن؛ هیچ پێشوازییەكی لێنەكرا لەلایەن خۆپیشاندەرانی ناسرییەوە.

ناوبەناو خۆپیشاندەران رێپێوانی شەوانە دژی حكومەتی كازمی ساز دەكەن بەبەشداری دەیان كەس، لەپەیامێكی رون و ئاشكرادا بۆ سەلماندنی ئەوەی گۆڕەپانەكە چالاك و بەگوڕە، ئه‌وه‌ش دوای تێپەڕبونی زیاتر لە دوو مانگ له‌ بارودۆخی پەیوەست بە رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە كۆرۆنا.

ئەو پەیامانە جاروبار چالاكی رۆژانەش لەخۆ دەگرن، لەڕێی تایە سوتاندن و داخستنی چوارڕیانە گرنگەكانی ناوەڕاستی شارەكە، وەك چوارڕیانی "ئیدارە مەحەلییە"، بەئامانجی گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتی.

وائیل حەسەن، یەكێكە لەو خۆپیشاندەرانە، دەڵێت "دەمانەوێت دەنگمان ببیسترێت، بیسەلمێنین كە خۆپیشاندانەكان بەگوڕوتینن و پاشەكشەیان نەكردووه‌ وەك ئەوەی حكومەتی فیدراڵی چاوه‌ڕوانیه‌تی".

 پشتگوێخستنی گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان و خۆ سەرقاڵكردن بە ڕازیكردنی كوتلە و حزبە سیاسییەكان دەبێتە هۆی دوبارە هەڵگیرسانەوەی خۆپیشاندانەكان

پاساوی كۆرۆنا

"كۆرۆنا بۆته‌ دیوارێك كە حكومەتی ناوه‌ندی بۆ خۆشاردنەوە بەكاریدەهێنێت لەبەردەم ناڕەزایەتییەكاندا" خۆپیشاندەرێك بەناوی موحسین جاسم، به‌وشێوه‌یه‌ باس لە درێژەكێشانی كەرەنتین و رێوشوێنە خۆپارێزییەكان دەكات، لەو بڕوایەشدایە "بەردەوامی قسەكردن لەسەر ئەم ڤایرۆسە و لێكەوتەكانی دەرفەتی بۆ حكومەت رەخساندوە تا سەربەستانە پلان دابنێت و رێككەوتنی سیاسی سازبكات و هەوڵی لەباربردنی خۆپیشاندانەكان بدات، ئەوەش هەرگیز رونادات."

جموجۆڵەكانی ئەمدواییەی سەرۆكوەزیران، بێئومێدی و گومانی هێناوەتە ئاراوە؛ ئه‌وه‌ش به‌بۆچونی چالاكوان ویسام عەلی ئامانج لێی "خولانەوە لەناو گۆڕەپانی دامەزراوە سەربازییەكان، دوور لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان كە بە بناغەیەكی گرنگ دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی سەركەوتن و دوبارە گرتنەدەستی جڵەوی عیراق و هێنانەوەی بۆ سەر رێچكەی ڕاست لەكاتی بەدیهێنانی ئەو داواكارییانە."

ویسام ئاماژەشی بەوەدا "پشتگوێخستنی گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان و خۆ سەرقاڵكردن بە ڕازیكردنی كوتلە و حزبە سیاسییەكان دەبێتە هۆی دوبارە هەڵگیرسانەوەی خۆپیشاندانەكان بە شێوەیەكی بەهێزتر لەجاران، تا حكومەتی نوێ گوێ لەدەنگی بەرز دەگرێت و ئاوڕ دەداتەوە و كار بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكان دەكات كە تاكە بژاردەی خۆپیشاندەرانە لەئێستادا."

شاری ناسرییە، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەكانەوە لە تشرینی یەكەمی 2019وه‌، چەندینجار گۆڕانكاری ئەمنی و ئیداری لە چوارچێوەی ململانێیە سیاسییەكاندا بەخۆیەوە بینیووە، لەسایەی ئیفلیجبونی دامەزراوەكانی دەوڵەت و سوتانی بینای فەرمانگە حكومییەكانیدا.

گۆڕانكارییەكان بریتی بون لە دانانی سێ پارێزگار، كە دوایینیان نازم وائیلی بوو، هەروەها دانانی شەش فەرماندەی پۆلیس، دوایینیان عەمید حازم وائیلی بوو، بەڵام شارەكە هێشتا سەقامگیر نەبووە بەهۆی ئەوەی ئەو ئیدارانەی گۆڕانكارییان تیادادەكرێت لەلایەن ئەو حیزبانەوە ئاراستە دەكرێن كە لەدەرەوەی گۆڕەپانەكەوە كاردەكەن.

 (19)
زیقار، 2020، ژنانی گۆڕەپانی حەبوبی دروشمی چاكسازییان بەرزكردۆته‌وه‌ فۆتۆ: عەلی ناسری

كازم وائیلی، پارێزگاری نوێی زیقار دوو هەفتەیە ئەو پۆستەی وه‌رگرتووه‌ به‌ فه‌رمانێكی عادل عەبدولمەهدی، كه‌ سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوه‌ بوو، بێ فەرمانی كۆماریی وه‌ك لە دەستووردا هاتووە.

وائیلی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەڵێنیدا كاربكات لەپێناو باشتركردنی بارودۆخی پارێزگا لێقەوماوەكە و جه‌ختیكرده‌وه‌، ئەركەكانی بەشێوەیەكی دەستوری و یاسایی رادەپەڕێنێت، سەرەڕای ئەو گومانەی چەند لایەنێكی تر خستویانەتە سەری.

عەمید حازم وائیلی، فەرماندەی نوێی پۆلیسی زیقاریش وتی "كاردەكەم بۆ پاراستنی گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانی هێمنانە و رێگری دەكەم لە دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان دەزگا ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران، لەڕێی كشانەوەی هێزەكانی بەگژداچونەوەی ئاژاوەگێڕی بۆ دەرەوەی سنوری شارەكە و سنورداركردنی ئەركەكانیان بە پاراستنی زیندانەكان".

له‌ به‌ڵێنه‌كانی تری ناوبراو، كاركردن بۆ دۆسیەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان بوو، به‌ ئامانجی وەرگرتنی مافی كەسوكاریان و دەرخستنی نیازپاكی بەرانبەر ئەو فشارە جەماوەری، سیاسی و ئەمنییەی كەوتۆتەسەرشانی پارێزگاكە.

وێڕای ئەو گۆڕانكارییە لەق و ناجێگیرانه‌، هێشتا مانگرتوانی گۆڕەپانی حەبوبی لەئامادەباشیدان بۆ داهاتویەكی نوێ، لە شێوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بۆ فشار خستنەسەر حكومەتی فیدراڵی و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، كە خۆی لە هەمواركردنی دەستوردا دەبینێتەوە، بەتایبەتی یاسای حزبەكان، یاسای هەڵبژاردن، دەستە سەربەخۆكان و دابەشكردنی سامانی وڵات.

ئەوەش لەڕێی برەودان بە چالاكییەكانی گۆڕەپانی مانگرتن، ئامادەكردنی خێوەتگەكانی بۆ هاوینێكی بەتین لەڕوی سیاسییەوە، وەك چۆن ئەبو ئەحمەد خێوەتەكەی خۆی نوێكردۆته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT