مسته‌فا كازمی، به پشتگیری زۆرینه‌ی لایه‌نه شیعه، كورد و عه‌ره‌بی سونه له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌وه راسپێردرا وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت. ناوبراو یەكێك بوو لە رۆژنامەنوسەكانی دامەزراوەی خەندان كە بەرهەم ساڵح خاوەندارێتی دەكرد.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 9ی نیسانی 2020، به‌رهه‌م ساڵح له كۆشكی سه‌لام له به‌غدا به ئاماده‌بونی به‌شێك له لێپرسراوانی باڵای حزبی، به فه‌رمی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری عیراقی راسپارد، تا حكومه‌تی نوێی عیراق پێكبهێنێت.
به‌پێی فه‌رمانێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، راسپاردنی كازمی پاڵپشت به مادده‌ی 76ی ده‌ستوری عیراق بووه و له‌ئه‌مڕۆوه، تا 30ی رۆژی دیكه پێویسته پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی بۆ متمانه‌پێدان بخاته به‌رده‌م په‌رله‌مان.
به‌پێی ده‌ستور، سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێت كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران رابسپێرێت ئه‌گه‌ر كاندیده‌كانی پێشتری راسپێردراو له 30 رۆژدا نه‌یانتوانی حكومه‌ت پێكبهێنن.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه عه‌دنان زورفی، كه 17ی ئاداری ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه راسپێرا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا داوای لێبوردنی كرد و له ئه‌ركه‌كه‌ی كشایه‌وه.
زورفی له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جه‌ختیكردۆته‌وه له‌وه‌ی هه‌وڵیداوه بۆ رزگاركردنی عیراق و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ رێڕه‌وی راست، به‌هۆكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی شكستیهێناوه، بۆیه له پێناو یه‌كپارچه‌یی وڵاته‌كه‌یدا پاشه‌كشێ ده‌كات.
زورفی هه‌فته‌یه‌ك واده‌ی ده‌ستوری له به‌رده‌ممدا مابوو بۆ پێشكه‌شكردنی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی به په‌رله‌مان به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی نێو ماڵی شیعه و دژایه‌تی زۆرێك له لایه‌نه‌كانی دیكه پاشه‌كشێی كرد.
راسپاردنی كاندیدی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌سه‌ر پشتگیری زۆرینه‌ی شیعه و به‌شێك له لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌بی و كورده.
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا دوێنێ چوارشه‌ممه 8ی نیسان بڵاویكرده‌وه، ئه‌وان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق پێشوازی لە كاندیدكردنی مستەفا كازمی دەكەن، بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە، داواشده‌كه‌ن هه‌مولایەك پشتیوانی بكەن.
مسته‌فا عه‌بدوله‌تیف كازمی، له دایكبوی 1967ی به‌غداده، خێزانداره، له ساڵی 2016وه سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری عیراقه و كۆلێژی یاسای ته‌واو كردووه.
كازمی پێشتر وه‌ك رۆژنامه‌وان و نوسه‌ر له سایتی مۆنیتۆری ئەمریکی كاریكردوه، بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینی گۆڤاری هه‌فتانه بووه كه ده‌زگای خه‌ندان به هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی ده‌ریده‌كرد.
كاندیدی راسپێراو سه‌رۆكایه‌تی ژماره‌یه‌ك رێكخراو و ده‌زگای مرۆیی و رۆشنبیری كردووه، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی به‌شێك له خۆپیشانده‌رانی به‌غدا ناویان ده‌هێنا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له چه‌ند مانگی رابردودا.
پێش كازمی و زورفی، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی له سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵ راسپێردرابوو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له 30 رۆژدا، به‌ڵام له 1ی ئاداردا وه‌ك دوای واده‌ی ده‌ستوری نه‌یتوانی متمانه بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی وه‌ربگرێت له‌رێی په‌رله‌مانه‌وه.
چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له كاتێكدایه، چه‌ند مانگێكه عیراق له بۆشایی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندایه و عادل عه‌بدولمه‌هدی، ره‌تیكرده‌وه له‌و پۆسته‌دا به‌رده‌وامبێت.
حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری ئێستای عیراق، كۆتایی 2019 ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی راگه‌یاند، دوای پێداگری زۆری خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له به‌غدا و چه‌ند شارێكی تر.
خۆپیشاندانه‌كانی عیراق له مانگی 10ی 2019وه به‌رده‌وامی هه‌یه، كه سه‌ره‌تا بۆ داواكاری خزمه‌تگوزاری ده‌ستپێكرد و گۆڕا بۆ هه‌وڵی گۆڕینی حكومه‌ت و سیته‌می حوكمڕانی، له‌و ماوه‌یه‌شدا زیاتر له 600 خۆپیشانده‌ر به‌هۆی بارگرژییه‌كانه‌وه كوژراون و هه‌زارانی دیكه‌ش له خه‌ڵك و هێزه ئه‌منییه‌كان برینداربون.