حسێن واز له هه‌موو خولیاكانی ده‌هێنێت؛ له باتی وه‌رزش و وێنه‌كێشان و یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان، رۆژ تا ئێواره له‌گه‌ڵ باوكی‌دا خه‌می پەیاکردنی پاروه نانێکییەتی بۆ خێزانه‌كه‌ی.
ئه‌وه‌ی بارگرانی له‌سه‌ر ئه‌و منداڵه زیاترده‌كات، لێكه‌وته‌كانی سه‌رده‌می كۆرۆنایه؛ له‌كاتێكدا كۆتایی به ساڵی خوێندن هاتووه، پێویسته حسێن هاوشانی ئه‌ندامانی تری خێزانه‌كه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و چه‌ند مانگه بكه‌نه‌وه كه به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه نهیانتوانیووە كاسبی بكه‌ن.
"زۆر حه‌زم لە وه‌رزش و وێنه‌كێشان بوو، به‌ڵام به‌هۆی كۆرۆناوه هه‌موو شتێكمان له‌ده‌ستدا. هیچ شوێنێكش نه‌ما بۆ حه‌زه‌كانمان بۆی بڕۆین" حسێن غه‌ریب بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
حسێن (11 ساڵ)، شهبهكە و خه‌ڵكی نه‌ینه‌وایه، زیاتر له پێنج ساڵه خێزانه‌كه‌ی ئاواره‌ی قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش بون، هه‌ر له‌وێش كه‌لوپه‌لی كۆنه و به‌كارهاتوو ده‌فرۆشن.
به‌هۆی بێ پاره‌ییه‌وه ناتوانم بچمه خولی زمان و فێربونی كۆمپیوته‌ر
"كاتی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، له‌ماڵه‌وه یاری ئهلیكترۆنیم ده‌كرد، به‌ڵام دواتر چوومە بازاڕ بۆ هاوكاریکردنی باوكم" حسێن حه‌زی لە خولی زمان و فێربونی كۆمپیوته‌ره؛ "به‌ڵام پاره‌مان نییه و ناتوانم به‌شداربم".
به‌پێی یاسای كار له عیراق، كاركردن به منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵ قه‌ده‌غه‌یه و سزای له‌سه‌ره.
له ئاداری رابردووه‌وه، حكومه‌تی عیراق قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی بۆ خۆپارێزی له كۆرۆنا راگه‌یاندووه، چه‌ند جارێك كارئاسانی بۆ كاسبی خه‌ڵك كراوه، ئێستا جارێکی تر رێكاره‌كان توندكراونهتهوه بەهۆی زیابونی ژماره‌ی توشبوان به‌و په‌تایه.
"ده‌مێكه له مه‌كته‌ب نه‌ماوین... زۆرینه‌ی ئه‌و شتانه‌م بیرچۆته‌وه كه له خوێندنگه فێربوم"، حسێن ئه‌مساڵ لە پۆلی سێهەمی سه‌ره‌تایی بوو.
خوێندنی ئه‌مساڵ له عیراق، به‌هۆی كۆرۆناوه تا نیوه‌ی ساڵ رۆیشت و كۆتایی هات؛ ئه‌وه‌ش زیانی زۆری بۆ منداڵان له قۆناغه‌كانی فێربونی سه‌ره‌تاییدا هه‌بوو.
فاتیمه حامد (12 ساڵ)، خوێندكاری شه‌شەمی سه‌ره‌تاییه، ده‌ستبه‌جێ هاوپۆلەکان و یاریكردنی له‌گه‌ڵیاندا بیرکەوتەوە كاتێك بیستی جه‌ژنی منداڵان نزیكبۆته‌وه؛ هه‌رزوش دڵته‌نگ بوو و وتی "ئێستا هیچ نه‌ماوه، هه‌ر كۆرۆنایه، به‌س دهنگوباسی كۆرۆنا و نه‌خۆشی دەبیستین".
عیراق له 1ی حوزه‌یرانی هه‌موو ساڵێكدا یادی رۆژی جیهانی منداڵان ده‌كاته‌وه، ئه‌مساڵ به‌هۆی كۆرۆناوه، هیچ مه‌راسیم و ئاهه‌نگێك به‌وبۆنه‌یه‌وه نه‌كرا.
"نازانم له ماڵه‌وه چی بكه‌ین، خه‌ریكه شێتهبین، رۆژی وایه كتێبه‌كانی مه‌كته‌ب ده‌رده‌كه‌م یا بیانخوێنمه‌وه، به‌ڵام زوو تاقه‌تم نامێنێت"، فاتیمه ده‌شڵێت ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر كۆرۆنا بیستووه ترسی له په‌تاكه هه‌یه.
ئێستا هیچ نه‌ماوه، هه‌ر كۆرۆنایه، به‌س دهنگوباسی كۆرۆنا و نه‌خۆشی دەبیستین
منداڵانی شه‌به‌ك له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیاندا مه‌ینه‌تی زۆریان بینیوه، هاوشێوه‌ی كه‌مینه‌كانی تری نه‌ینه‌وا له ناوه‌ڕاستی 2014ەوە تا كۆتایی 2017 روبه‌ڕوی پێشێلكاریی و راوه‌دونان بونهتەوه له‌لایه‌ن داعشەوە. هێشتا ژمارەیەک له خێزانه‌كانیان بە ناچاری له ئاواره‌ییدا ده‌ژین، بەرادەیەک لە کۆی زیاتر لە ٧٨٧ هەزار ئاوارەی ناوخۆ، لە سەدا دەیان لە پێکهاتەکانی وەک کاکەیی، تورکمان، شەبەک و ئەرمەنن.
زه‌ینه‌ب حسێن (45 ساڵ)، ژنێكی شه‌به‌كی دانیشتوی گوندی دهراوێشه له نه‌ینه‌وا، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ناتوانم پێداویستی رۆژانه بۆ تاقانەکەم دابینبكه‌م، حه‌زی له گه‌ڕان و گه‌شته، به‌ڵام هه‌م قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و هه‌میش بێپاره‌یی رێگره له بەدیهێنانی حه‌زه‌كانی، له‌رێی ئێوه‌وه چاومان له ده‌ستی هاوكاری رێكخراوه مرۆییه‌كانه به هانامانه‌وه بێن".
ئه‌و ژنه پێنج ساڵه ئاواره‌ی دهۆكه، یه‌ك منداڵی ته‌مه‌ن 12 ساڵانی هه‌یه و هاوسه‌رگیری كردۆته‌وه، دوای كۆچی دوایی باوكی تاقه كوڕه‌كه‌ی.
"هاوسه‌ره‌كه‌م كرێكاره و بێ هاوكاری هیچ لایه‌ك له خانوی كرێدا ده‌ژین؛ بۆیه زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانم جلوبه‌رگ و پێداویستی منداڵه‌كه‌م دابینبكه‌م".
غه‌می زه‌ینه‌ب و كه‌سوكاری زۆرێك له منداڵان پاراستنیانه له مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا، به تایبه‌ت دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خۆپارێزی، كه پێویسته له بازاڕه‌كاندا بیانكڕن و خه‌رجییه‌كه‌ی له توانای دارایی هه‌ندێكیاندا نییه.
"ته‌ندروستیم هیچ باش نییه، له سه‌ره‌تای قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه له ماڵه‌وه‌م، هه‌ر خه‌ریكی مۆبایل و ئهتاریم، نازانم چی بكه‌م" محه‌مه‌د جومعه (12 ساڵ) واده‌ڵێت، كاتێك به‌هۆی كۆرۆناوه له‌ماڵه‌وه‌یه و هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌شی له به‌رده‌مدا نییه.
محه‌مه‌د، به‌هۆی نه‌خۆشی و بارودۆخی تایبه‌تی خێزانه‌كه‌یه‌وه وازی له خوێندن هێناوه كاتێك لە پۆلی شه‌شەمی سه‌ره‌تایی بووه، ئه‌گه‌ر رێكخراوێك هاوكاری بكات ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه خوێندن، "ئه‌وه ئاواتی منه، بۆ یه‌كجاریش بێت بچمه‌وه مه‌كته‌ب".
به‌پێی بەندەکانی ده‌ستوری عیراق و جاڕنامه‌ی گەردونیی مافه‌كانی مرۆڤ، خوێندن مافێكی سه‌ره‌تایی هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌یه.
ژمارەی شه‌به‌ك به 300 بۆ 350 هه‌زار كه‌س له عیراق هه‌ژمارده‌كرێت؛ سه‌دا 60یان له مه‌زهه‌بی شیعه و ئه‌وانیتر سونهمهزههبن، به زۆری ده‌كه‌ونه ناوچه‌كانی باشیك، به‌رتڵه، حه‌مدانیه، تلكێف و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ئه‌وان هێشتا به‌ده‌ست كه‌می خزمه‌تگوزاری و وێرانه‌یی ناوچه‌كانیانه‌وه ده‌ناڵێنن.
زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانم جلوبه‌رگ و پێداویستی منداڵه‌كه‌م دابینبكه‌م
ناسر حه‌سه‌ن، دوو ساڵ له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی داكۆكی له مافه‌كانی منداڵان كاریكردووه له نه‌ینه‌وا و ده‌ڵێت كاریگه‌رییه خراپه‌كانی كۆرۆنا له‌سه‌ر ئه‌و توێژه، "له‌روی ده‌رونییه‌وه ترسێكی زۆریان لادروستبووه، ره‌نگه تا چه‌ند ساڵێكی تر ئه‌و ترسه بمێنێت".
مانه‌وه‌ی منداڵ له ماڵه‌وه، تێكهڵاونەبون و نەبونی هیچ چالاكییه‌ك به‌هۆی كۆرناوه، جێگره‌وه‌ی بۆ دانه‌نراوه، ئه‌وه‌ش به‌لای ناسرـهوه مه‌ترسییه راسته‌قینه‌كه‌یه، بۆیه ته‌نیا مۆبایل و یاری ئه‌لیكترۆنی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ سروشتی پڕ له جموجۆڵ و توانای ئه‌واندا ناگونجێت.
"له هه‌موشی خراپتر دابڕانه له خوێندن و ئه‌و بابه‌تانه‌ی خوێندویانه؛ له ئێستادا به‌شێكی زۆریان بیرچۆته‌وه، ده‌بێت دوباره وانه‌كانیان بخوێننه‌وه، به‌گشتی له‌و بارودۆخه و دواتریش، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵدا هۆشیاری و پلانی تایبه‌تی ده‌وێت" ناسر وای وت.
قۆناغێكی نوێی كۆرۆنا له عیراق سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه، ژماره‌ی توشبوان زیاتر و مه‌ترسییه‌كانیش به‌وته‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له هه‌ڵكشاندایه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پلانێك هەبێت بۆ چۆنیه‌تی ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵك، به‌تایبه‌ت منداڵان.