نۆ گوند لە سنوری دابڕاوی نێوان سەڵاحەدین و کەرکوک پاککرانەوە، ئەوەش لە ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانانی عیراق - سەرکەوتنی سەروەری"، كە بە چاودێریی و لەسەر داوای مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڕێوەچوو.
ئەو ئۆپەراسیۆنە، كاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیران لە پێنج قۆڵەوە، لە سنوری دابڕاوی نێوان سەڵاحەدین و کەرکوك بەڕێوەچوو.
فەریق روكن سامر حوسەینی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی بەرپەرچدانەی خێرا، - بەشداربون لەو ئۆپەراسیۆنە-، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "ئۆپەراسیۆنەكە بۆ پاككردنەوەی ئەم ناوچەیە بوو لە پاشماوەی چەكدارانی داعش و گروپی تیرۆریستی، بەگشتی پلانەكە باش بەڕێوەچوو، ناوچەكە و ئەو گوندانەش پاككرانەوە كە مۆڵگەی چەكدارانی داعش بون، هەر لەم ناوچەیەوە داعش هێرشی دەكردە سەر هێزە سەربازییەكان و گوندنشینانی ناوچەكە".
ئۆپەراسیۆنەكە كە لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڕێوەچوو، ئامانج لێی پاككردنەوەی 17 گوند بوو، كە ناوچەیەكی دابڕاوە لە نێوان سنوری هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین كە روبەڕەكەی بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق 738 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
ئۆپەرسیۆنەكە دوای پاككردنەوەی نۆ گوند، تەواوكردنی بۆ رۆژانی داهاتوو راگیرا. تیایدا هێزەكانی سوپای عیراق، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، حەشدی شەعبیی و پۆلیسی فیدراڵی بەشداربون و فڕۆكەی جەنگیش لە ئاسمانەوە چاودێری دەكردن.
ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە گوندی سماقە و لەكاتی ئۆپەرسیۆنەكەدا تەقێنرایەوە و زیاتر لە ۳۰ بۆمبی چێنراو پۆچڵکرانەوە، لەگەڵ تەقاندنەوەی دەیان بەرمیلی تەقەمەنی.
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتۆتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك لە فڕۆكەخانەی حورییە و دەستبەجێ كۆبونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان ئەنجامداوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق.
كازمی، لە نزیكەوە چاودێری ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە و لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە بۆ وشككردنی سەرچاوەی تیرۆر بووە لە ناوچەكە". هەروەها هاتووە "كازمی زۆربەی هێزەكانی بەشێوەی مەیدانی بەسەركردۆتەوە و جەختیكردۆتەوە كە هێزەكان بەردەوامدەبن لە راوەدونانی پاشماوەی داعش و دەستگیركردنی داواكراوان و سەركەوتن بەسەر مۆڵگەی تیرۆر و بەئامانجی سەقامگیری لە تەواوی عیراق"، بەپێی نوسینگەی كازمی.
ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە بۆ وشككردنی سەرچاوەی تیرۆر بووە لە ناوچەكە
بۆ ئەو مەبەستە سەرۆك وەزیران چۆتە ماڵی گوندنشینێكی داقوق بە مەبەستی هەواڵپرسین و داوای لە هەموو هێزە ئەمنییەكان كردووە موڵك و ماڵ و ژیانی هەموو هاوڵاتیانی ناوچەكە بپارێزن.