به‌پێی ده‌ره‌نجامی پشكنینه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ته‌نیا له دوو رۆژدا ده‌یان هاوڵاتی كه‌ركوك توشی په‌تاكه بون، زۆرینه‌شیان به‌هۆی ده‌عوه‌تێكی نانخواردنه‌وه بووه له رۆژانی جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 3ی حوزه‌یران بڵاویكرده‌وه، له ته‌واوی پارێزگاكاندا 781 حاڵه‌تی توشبون به كۆرۆنا تۆماركراون، له نێویاندا 35 هاوڵاتی له كه‌ركوك.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له ئیداره‌ی كه‌ركوك كه داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌ت له‌باره‌ی كه‌ركوكه‌وه هه‌مووی نییه، ره‌نگه سبه‌ی حاڵه‌تی تر رابگه‌یه‌نێت، چونكه ته‌نیا له ماوه‌ی 48 كاتژمێردا 45 كه‌س له كه‌ركوك توشی كۆرۆنا بون".
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه، زۆرینه‌ی توشبوه نوێیه‌كانی كه‌ركوك، به‌هۆی ده‌عوه‌تێكی نانخواردنی هاوڵاتییه‌كه‌وه بووه بۆ كه‌سوكاری.
"خاوه‌نی ده‌عوه‌ته‌كه و چه‌ند منداڵێكی توشی كۆرۆنا بون، له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی به‌شداربونی خوانهكهدا، به‌شێكی تر له توشبوانیش له ریزی ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندان و له مۆڵهتدابون، دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌وام و له كه‌ركوك ده‌ركه‌وتووه هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن" سه‌رچاوه‌كه وای وت.
ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له كه‌ركوك گه‌یشتۆته 121 كه‌س، له‌و ژماره‌یه 70 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه و سێ هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه، له ئێستادا 48 كه‌س له‌ژێر چاودێری ته‌ندروستیدان.
زیاد خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه، تۆماركردنی 30 توشبوی نوێی كۆرۆنا له‌یه‌ك خانه‌وه‌دا به‌هۆی ده‌عوه‌تی نانخواردنه‌وه بووه له رۆژانی جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا، توشبوان به‌سه‌ر هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كانی ناوشاردا دابه‌شبون، له‌گه‌ڵ تۆماركردنی ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش له ناحیه‌ی عه‌باسی قه‌زای حه‌ویجه.
ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له عیراق گه‌یشتۆته هه‌شت هه‌زار و 168 كه‌س، له نێویاندا چوار هه‌زار و 95 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه و 256 هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش زیاتر له شه‌ش ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س توشی كۆرۆنا بون، له‌و ژماره‌یه چاكبونه‌وه گه‌یشتۆته نزیكه‌ی سێ ملیۆن و 95 هه‌زار كه‌س، مردوانیش 383 هه‌زار و 921 كه‌سن.