به‌یان وه‌ك هه‌ر رۆژێكی تری ئاسایی ده‌رده‌كه‌وێت، زوو له خه‌و هه‌ڵده‌ستێت و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا نانی به‌یانی ده‌خوات، دواتر به پاساوی گۆڕینی جلوبه‌رگه‌كانی ده‌چێته ژورێكی تر‌ى ماڵه‌كه و بۆ دواجار ده‌رگا له‌سه‌ر خۆی داده‌خات.
ئه‌وكاته‌ی به‌یان له ژوره‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه، خێزانه‌كه ورده‌ورده سفره‌ی نانی به‌یانی كۆده‌كه‌نه‌وه؛ به‌شێكیان ده‌چنه سه‌ركار و كه‌س خه‌یاڵی بەلای روداوێكی نه‌خوازراودا ناڕوات، تا ئەو کاتەی یه‌كێكیان ده‌رگای ژوره‌كه‌ی به‌یان ده‌كاته‌وه.
"به بنمیچی ژوره‌كه‌وه به په‌تێك خۆی هه‌ڵواسی بوو" نزار میرزا وای وت، كاتێك به گریانه‌وه باسی مه‌رگی خوشكه‌كه‌ی ده‌كرد.
مه‌رگی ئه‌و كچه، سێیه‌م روداوی "خۆهه‌ڵواسین"ـه له كه‌متر له سێ هه‌فته‌دا، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له نێو ئێزیدییه‌كانی قه‌زای شنگال.
روداوه‌كه كاتژمێر 9ی به‌یانی 7ی حوزه‌یرانی 2020 له گوندی وه‌ردیی ناحیه‌ی گرعوزێر له شنگال رویدا.
"ئه‌و به‌یانییه به دڵخۆشییه‌وه نانمانخوارد، رۆیشتین بۆ سەر کار؛ بەیان و چه‌ند خوشكێكی ترمان له ماڵه‌وه مانه‌وه. رۆژێكی زۆر ناخۆش بوو، هه‌رگیز به غه‌مباری نه‌مبینیبوو" به‌وته‌ی نزار بۆ (كه‌ركوك ناو).
به‌یان میرزا حه‌جی (18 ساڵ)، ئێزیدییە و خوێندكاری 11ی ئاماده‌یی بوو. ئه‌مساڵ به‌هۆی كۆرۆناو و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه نیوه‌ی خوێندنی ته‌واو كرد، بۆیه زوربەی كات له ماڵه‌وه بوو.
حكومه‌تی فیدراڵی عیراق، بۆ خۆپارێزی و رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی راگه‌یاند و خه‌ڵك به ناچاری له ماڵه‌وه مانەوە.
نازانین به‌یان بۆ خۆی كوشت، ئه‌و زۆر حه‌زی به ژیان و خوێندنهكهیشی بوو
ئه‌میر خودێدا، مامى به‌یان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نازانین بۆ خۆی كوشت، ئه‌و زۆر حه‌زی به ژیان و خوێندن بوو، به دڵنیاییه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بوو".
جه‌لال خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان به‌یان خۆی كوشتووه، هه‌رچه‌نده هێشتا راپۆرتی لێكۆڵینه‌وه‌ی پزیشكی، پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ته‌واو نه‌بون".
كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، بۆته هۆی زیادبونی توندوتیژی خێزانی، له‌وه‌شدا ئافره‌تان پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت.
سندوقی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ نیشته‌جێكردن (UNFPA)، له دوایین راپۆرتیدا كه 3ی حوزه‌یرانی 2020 بڵاویكردۆته‌وه هۆشداری داوه له زیادبونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی و پێشێلكاری دژ به ژنان و منداڵان له عیراق، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له سه‌رده‌می كۆرۆنادا.
به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچونه‌كانی ئه‌و رێكخراوه، له سه‌دا 94ی روداوه‌كانی دوو مانگی رابردوی سه‌رده‌می كۆرۆنا روداوی خێزانی بون، سه‌دا 40ی ئه‌و ژنانه‌ی روبه‌ڕوی پێشێلكاری بونه‌ته‌وه داوای هاوكارییان كردووه و زیاتر له 123 هه‌وڵی "خۆكوشتن"یش به‌هۆی توندوتیژییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه له‌و ماوه‌یه‌دا تۆماركراون.
له 19ی ئایاری 2020دا، سه‌لوا سلۆ مچۆ (24 ساڵ)، له ناحیه‌ی سنونێی شنگال "خۆی كوشت" و دوای خۆی منداڵێكی به‌جێهێشت.
"خوشكەكەم كێشەی لەگەڵ هاوژینەكەی هەبووە، چەند جارێك گەڕاوەتەوە ماڵی ئێمە و دواتر لەگەڵ هاوژینەكەی ئاشتبونەتەوە، بەڵام کێشەکان هەر بەردەوا بوو، بۆیە خۆی هەڵواسی" عەزیز سلۆ، برای ئەو ژنە بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ژن هه‌یه به‌رگه‌ری ناخۆشی و بێكاری و كێشه‌ی زۆر ناگرێت
بێ‌کاری، لە ماڵه‌وه مانەوە و دڵه‌ڕاوكێی سه‌رده‌می كۆرۆنا به هۆكاری زۆرینه‌ی توندوتیژییه خێزانییه‌كان بەتایبەتی هه‌وڵی خۆكوشتن داده‌نرێن.
به‌سنا مێش‌و (20 ساڵ)، ئاواره‌ی ئێزیدی شنگاله و له كۆمه‌ڵگه‌ی شاریای دهۆك دوكانی فرۆشتنی جلوبه‌رگی ژنانه‌ی هه‌یه؛ ئه‌وە چه‌ند مانگێكه به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له كۆرۆنا بازاڕی نه‌ماوه، "وابڕوات منیش دوكانه‌م داده‌خه‌م، با ئه‌وه‌ش بچێته پاڵ هه‌زاران كێشه‌ی تر".
ئه‌و كچه دژی هه‌وڵی خۆكوشتن و بێ ئومێدی ژنانه، "به‌ڵام به داخه‌وه ژن هه‌یه به‌رگه‌ی ناخۆشی و كێشه‌ی زۆر ناگرێت، بۆیه په‌نا ده‌بەنە به‌ر خۆكوشتن، كه ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ر نییه".
به‌سنا ره‌خنه‌ی زۆری له لێپرسراوانی حكومی هه‌یه، چونكه له خه‌ڵك و به تایبه‌ت ئاواره‌كان ناپرسنه‌وه له بارودۆخی سه‌ختی كۆرۆنادا، "وا پێنج ساڵه له كه‌مپدا ده‌ژین و هه‌وڵی جددی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك نییه".
ئێزیدییه‌كانی شنگال و نه‌ینه‌وا، هێشتا زۆرینه‌یان ئاواره‌ن و به‌هۆی نه‌بونی خزمهتگوزارییهكانەوە بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستاندا سه‌دا 30 پێكده‌هێنن، له كۆی زیاتر له 787 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆ، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.
ڤهریدا سه‌عدو، لێپرسراوی رابیته‌ی پشتگیری له ژنانی ئێزیدی له شنگال پێیوایه خۆكوشتنی ژنان ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه به ناوچه‌یه‌كه‌وه، بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونیكرده‌وه "به‌ڵام بارودۆخی ژنانی ئێزیدی له خه‌ڵكانی تر جیاوازتره" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و توندوتیژییانه‌ی پێشتر له‌سه‌ر ده‌ستی داعش روبه‌ڕوی به‌شێكیان بۆته‌وه.
ئه‌و ده‌ڵێت چالاكی جۆراجۆریان بۆ ژنان رێکخستووە، هه‌میشه ده‌رگایان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ژنان كراوه بووه و به‌رنامه‌ی تریشیان بۆ خزمه‌تی ژنان و هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری لەبەردەستدایە.
هيچ ئامارێكی فه‌رمی له‌سه‌ر رێژه‌ی خۆكوشتن له شنگال رانەگەیەنراوە، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی (كه‌ركوك ناو) له سه‌رچاوه‌ی نافه‌رمییه‌وه ده‌ستیكه‌وتون، تەنیا لە ساڵی رابردودا ژماره‌كه گه‌یشتۆته زیاتر له 20 كه‌س.
به‌شێك له خێزانه‌كانی شنگال له سه‌رده‌می كۆرۆنادا بارودۆخی داراییان خراپتر بووه
دۆسیه‌كانی خۆكوشتن ته‌نیا ژنان نین، چه‌ندین كوڕی گه‌نج و پیاویش به هه‌مان رێگه كۆتاییان به ژیانی خۆیان هێناوه.
20ی ئایاری 2020 له ناوه‌ندی شاری شنگال، حازم یوسف عه‌بدی، "خۆی هه‌ڵواسی" و له دوای خۆی، سێ كوڕ و چوار كچی به‌جێهێشت.
هه‌روه‌ها له مانگه‌كانی كانونی دووه‌م و شوباتی هه‌مان ساڵدا، دوو كه‌سی دیكه له كه‌مپی ئاواره‌كاندا خۆیان خنكاند، ئەوەش به وته‌ی كه‌سوكار و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان.
به‌پێی دوو ئامار كه پێشتر (كه‌ركوك ناو) له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه، پاڵپشت به زانیاری رێكخراوێكی مه‌ده‌نی و بۆردی کاروباری مرۆڤایه‌تی سه‌ر پارێزگای دهۆک، ته‌نیا له 2018دا له نێو كه‌مپه‌كانی ئاواره‌ییدا، نزیكه‌ی 20 كچ و كوڕی ئێزیدی كۆتاییان به ژیانی خۆیان هێناوه.
"رێژه‌ی خۆكوشتن له نێو كچان و ژنانی شنگال روو له‌زیادبونه" لوقمان حسێن، توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی وای وت.
لوقمان بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه چه‌ند هۆكارێك له پشت زۆری روداوهكانهوهیه، له‌وانه كاریگه‌ری توندوتیژییه‌كانی داعش، له‌گه‌ڵ بێكاری و زۆر له ماڵه‌وه مانەوە.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی شنگال ئێزیدین، ئه‌و پێكهاته‌یه له ئابی 2014دا له‌و قه‌زایه روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه و زیاتر له شه‌ش هه‌زار كه‌سیان رفێنران، له ژن و منداڵ، كه هێشتا چاره‌نوسی نزیك به نیوه‌یان نادیاره.
"به‌شێك له‌و خێزانانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه شنگال بارودۆخی داراییان خراپه، به تایبه‌ت دوای بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ چونكه هه‌لیكار كه‌مبۆته‌وه".
به‌بڕوای لوقمان ئه‌و بودجه‌یه‌ی رێكخراوه‌كان به‌ناوی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئاواره و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه خه‌رجی ده‌كه‌ن، "سودێكی ئه‌وتۆی بۆ باری ده‌رونی خه‌ڵك نه‌بووه".
ژماره‌ی خۆكوشتن له زیادبوندایه و جێگه‌ی نیگه‌رانییه
له نه‌ینه‌وا توشبوانی كۆرۆنا گه‌یشتۆته 56 كه‌س به‌ڵام هیچ یه‌كێكیان له شنگال نین.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر ده‌ڵێت ئیداره‌ی شنگال به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كان و حكومه‌تی فیدراڵی هه‌وڵی بنه‌بڕكردنی هۆكاره‌كانی خۆكوشتن ده‌دەن، به دابینكردنی هه‌لیكار، نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری و هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری.
جه‌لال خه‌ڵه‌ف وتی "به ته‌واوی نازانین رێژه‌ی خۆكوشتن چه‌نده، به‌ڵام رو له زیادبونه و مایەی نیگه‌رانییه".
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عیراق، زیاد له جارێك داوایكردووه هه‌وڵی جددی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی خۆكوشتن و توندوتیژی خێزانی بدرێت، له‌رێی تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی، كه چه‌ند ساڵێكه له په‌رله‌مانه و به‌هۆی ناكۆكی كوتله جیاوازه‌كانه‌وه په‌سه‌ند نه‌كراوه.