خۆپیشاندەرانی كفری: هەلی کار، یان دەچینەوە سەر شەقام

كفری/ سەرەتای 2018 ناوەندی قەزاكە فۆتۆ: كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد

ئیدارەی كفری و خۆپیشاندەران جموجۆڵێكی هاوبەشیان لەگەڵ وەبەرهێنەر و بازرگانەكانی قەزاكە دەستپێكردووە، كە ئامانج لێی وەبەرهێنان، دانانی كارگە و رەخساندنی دەرفەتی كارە بۆ گەنجان. هەر لەو چوارچێوەیەشدا خۆپیشاندانەكان بە كاتی راگیران لەپێناو دەرفەتدان بە حكومەتی خۆجێی كفری تا بەڵێنەکان بگەیەنێتەجێ.

ئەو جموجۆڵە، كە سێ رۆژە بە چڕی بەكۆبونەوە و گفتوگۆ دەستیپێكردووە، لە یەكەم هەنگاودا ئەمڕۆ كارگەیەكی ئاسن دوای ئەوەی ساڵی رابردوو داخرا، ئامادەكارییەكانی بۆ دەستپێكردنەوە تەواوكرد.

شوان جەلال، كە وەك یەكێك لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی كفری بەشداری گفتوگۆ و كۆبونەوەكان دەكات، وتی "لەگەڵ ئیدارەی قەزاكە و لایەنە پەیوەندیدارەكان نوسراوێكمان واژۆكردووە، كە چەندین داواكاری خۆپیشاندەرانی لەخۆگرتووە".

بەپێی نوسراوەكە، ئیدارەی كفری ئاسانكاریی بۆ وەبەرهێن و بازرگان و خاوەنكارەكان دەكات، تا سەرمایەكانیان لەو قەزایەدا وەگەڕبخەن.

شوان وتی "بۆ نمونە یەكەم داواكاریی دەستپێكردنەوەی كاری كارگەی ئاسنی كفری بوو، كە لە ساڵی 2019دا بەهۆی رێگری و بەربەست دروستکردن داخرا".

chamchamal
سلێمانی/ 2ی حوزەیران/ خۆپیشاندان دژی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە قەزای چەمچەماڵ

 

لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان نوێنەری خۆپیشاندەران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كفری دروستكراوە بۆ چاودێریكردنی جێبەجێكردنی نوسراوی نێوانیان.

"لیژنەكە سەردانى خاوەنکار و وەبەرهێنەرەكان دەكات و بەڵێنی قایمقامی كفرییان پێڕادەگەیەنێت لە كارئاسنیكردن و یارمەتیدانیان لە پێدانی زەوی بۆ وەبەرهێنان"، شوان وایوت.

لە 8ی حوزەیراندا، قایمقامی كفری ئاگادارییەكی بۆ ئەو مەبەستە و بۆ وەبەرهێنانی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیكردەوە لەوەی دەتوانن پڕۆژەی جۆراوجۆر لە هەموو سێکتەرەکاندا لە قەزاكە جێبەجێبكەن، ئەوەش لەپێناو رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.

"دەتوانین ئاسانکارییان بۆ بکەین بۆ راییکردنی کارەکانیان و دووپاتیدەکەینەوە کە بوار نادەین هیچ کەسێک دەستوەربداتە کارەکانیان یان خوانەخواستە دەوڵەمەندەکان بێزار بکات... دەبینە داکۆکیکارێکی سەرسەختیان"، لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە.

دەتوانین ئاسانکارییان بۆ بکەین و دووپاتیدەکەینەوە کە بوار نادەین هیچ کەسێک دەستوەربداتە کارەکانیان

ئەو هەوڵە نوێیە، دوای خۆپیشاندانی گەنجانی قەزاكە هات كە چوار شەو لەسەریەك بەردەوام بوو و تیایدا لەگەڵ رەتكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی بڵاوبونەوەی  كۆرۆناوە، داوای رەخساندنی دەرفەتی كاریان دەكرد.

خۆپیشاندەران پێیانوابوو ناكرێت حكومەت بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ بدات، بەڵام بژێوی هاوڵاتیان دابیننەكات.

"زۆر دەوڵەمەند و بازرگان ئامادەن لە كفری وەبەرهێنان بكەن و پەیوەندییان پێوە كردوین"، شوان جەلال نوێنەری خۆپیشاندەران وایوت.

وتیشی بڕیارە لەگەڵ تەواوبونی مەترسییەكانی كۆرۆنا، کۆنفرانسێکى گەشەپێدانی گەشتوگوزار بكرێت، بۆ ئەوەى گفتوگۆ بكرێت، لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانرێت لەڕوی گەشتوگوزارییەوە سود لەو سێ بەنداوەی كفری وەربگیرێت.

هەرچەندە یەكەم هەنگاوی ئەو هەوڵانە جێی خۆی گرتووە بە تەواوكردنی ئامادەكاریی بۆ كردنەوەی كارگەی ئاسنی كفری، بەڵام رون نییە ئەوەی گەنجان و خۆپیشاندەرانی كفری هیوایان لەسەر هەڵچنیوە بەدیدێت.

هونەر محەمەد، یەكێك لە سەرمایەدارەكانی قەزای كفری، بە (كەركوك ناو)ی وت "خۆم زەوی بازرگانیم هەیە، بەڵام ساڵێكە داوای مۆڵەتی بەنزینخانە دەكەم، مۆڵەتی 11 فەرمانگەم وەرگرتووە، بەڵام قایمقامیەتی كفری رێنادات".

101565363_631879384076377_1078512802521415680_n
كفری/3ی حوزەیرانی 2020/ خەڵكی قەزای كفری دژی بێكاریی و پێنەدانی موچە بە فەرمانبەران ناڕەزایی دەردەبڕن 

"بەربەستى زۆرمان بۆ دروستبووە، بۆیە نەمانتوانیوە هیچ کارگە، بەنزینخانە و چێشتخانەیەک دروستبکەین و هەلى کار بڕەخسێنین، ئەگەر بەربەست نەبێت، دەیان دەرفەتی كار دەڕەخسێنم"، هونەر وایوت.

حسێن عەلى، بازرگانێكی تری كفرییە، دەڵێت لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو هەوڵانەی قایمقام و خۆپیشاندەرانە و هیوای بە ئاسانكارییەكان هەیە، وتی "من بەنزینخانە، گەراجی ئۆتۆمبێلم هەیە و ویستم لەناو جەرگەی كفری چێشتخانەیەكی گەورە بكەمەوە كە زەوییەكەی هی خۆمە و دیزاینیشم تەواوكرد، بەڵام بەربەستیان بۆ دروستكردوم، لەكاتێكدا دەمتوانی دەیان دەرفەتی كار بڕەخسێنم".

داواكاری خۆپیشاندەران، جگە لە رەخساندنی دەرفەتی كاركردن، خزمەتگوزاریی، یەكەی نیشتەجێبون، فەراهەمكردن و ئاسانكاریی بۆ بواری پەروەردە و رۆشنبیریی و كشتوكاڵییە.

15 كەس وەك نوێنەری خۆپیشاندەران لە لیژنەكەدا بەشدارن و بڕیاریان ئەوەیە، ئەگەر هەر بەربەستێك بۆ ئەوە هەنگاوە دروستبێت، ئەوە جارێكی تر دەچنەوە سەر شەقام بۆ خۆپیشاندان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT