مامۆستایانی كورد
بە دوو گروپ و یەك داواكارییەوە روو لە بەغدا دەكەن

كه‌ركوك، 17ی ئایاری 2020، ناڕه‌زایی مامۆستایانی خوێندنی كوردی دژی دواكه‌وتنی موچه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد

لە كەركوك دوو گروپی ناكۆك، بەجیا كاردەكەن بۆ گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ.

هەریەكە لە گروپی هەڵوێست، ئەندامەكانی سەر بە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستا، لەگەڵ مامۆستایانی سەربەخۆ، بەجیا ئەو هەوڵەدەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەكیان هەبێت بۆ هەماهەنگیی.

هەوڵەكانیان ئامانج لێی گواستنەوەی راژەی هەشت هەزار مامۆستا و كارمەندی خوێندنی كوردییە بۆ سەر بەغدا، بەهۆی ئەوەی لە ئەمساڵدا تەنیا دوو موچەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێدراوە.

كازم عەلی، ئەندامی دەستەی داکۆکیكار لە مامۆستایان – كۆمەڵێك مامۆستای سەربەخۆن-، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە نوێنەری راستەقینەی مامۆستایانی خوێندنی كوردین و حزبی نین، ئامادەکاریی دەکەین بۆ چالاکییەكی فراوان، تا لەڕێیەوە فشار دروستبكەین بۆ ئەوەی راژەكانمان بۆ بەغدا بگوازرێتەوە". بەبێ ئەوەی ئاماژە بە چالاكییەكە بدات.

ئێمە نوێنەری راستەقینەی مامۆستایانی خوێندنی كوردین و حزبی نین

ئەو گروپە ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی هەماهەنگی بكەن لەگەڵ هەر گروپێكی تر، بە مەرجێك هەمان داواكارییان هەبێت.

دوێنی دووشەممە 15ی حوزەیران، گروپی هەڵوێست كە زۆرینەیان ئەندام و لایەنگری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانن بۆ هەمان مەبەست كۆبونەوە، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ كۆبونەوەی دەستەی داكۆكیكار لە مامۆستایانی ناڕازی.

كازم وتی "گروپی هەڵوێست حزبین و لەلایەن یەکێتییەوە ئاراستە دەکرێت، تاوەکو دەستەکەی ئێمە لاواز بکەن، ئێمە ئامانجمانە کار بۆ گواستنەوەی راژەی مامۆستایان بکەین، بەڵام گروپی هەڵوێست حزبەکەیان رێگریی دەكات لە گواستنەوەی راژەی مامۆستایان بۆ سەر ناوەند".

xopishandan.. kurd (4)
گه‌ركوك، 23ی كانونی دوه‌می 2020، ده‌رچویه‌كی كورد له‌ به‌رده‌م په‌روه‌رده‌دا بڕوانامه‌كه‌ی ده‌سوتێنێت به‌هۆی دانه‌مه‌زراندنیه‌وه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

بەڵام مامۆستا محەمەد جەلیل بەشدار لە کۆبونەوەی گروپی هەڵوێست، وتی "كۆبونەوەكەمان بۆ ئەوە بوو كە میکانیزم و رێکارەکانی گواستنەوەی موچەی مامۆستایانی سەر بە خوێندنی کوردی تاوتوێبکەین، بۆ ئەوەی بخرێتە سەر حکومەتی ناوەند.

وتیشی "زۆر هەوڵمانداوە ئەوە کارە بکەین، بەڵام رێگرییەکان زۆرن... حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگرە لەو هەوڵەمان".

جگە لە دواخستنی موچەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، پاساوێكی تری مامۆستایانی خوێندنی كوردی بۆ گواستنەوەی راژەكانیان ئەوەیە كە ئەوان خزمەت بە كەركوك دەكەن و "بەهەموو پێوەرەکان وەک شارێکی عیراقی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بۆیە دەبێت کار لەسەر ئەوەش بکرێت موچەکەمان بچێتە سەر بەغدا"، محەمەد جەلیل وایوت.

هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك راژەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام به‌هۆی دواكەوتنی موچە و پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوته‌وه‌ له‌ ساڵانی رابردودا زیاد له‌ جارێك داوایانكرد راژه‌كانیان بگوازرێته‌وه سه‌ر به‌غدا و له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌.

خوێندنی كوردی له‌ ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك ده‌ستیپێكرد، پێش ئه‌وه‌ واده‌یه‌ قه‌ده‌غه‌بوو.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT