لە ماوەی 24 كاتژمێردا، دوو كارمەندی تەندروستی كەركوك دوای توشبونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە و دەیانی تر لەژێر چاودێری تەندروستیدان.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیران، كارمەندێكی كارگێڕی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بەناوی نەجات رەشید محەمەد، دوای چەند رۆژێك لە توشبونی بە كۆرۆنا گیانیلەدەستدا.
ئەوەش دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی كارمەندانی تەندروستی بوو لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردودا، دوای ئەوەی دووشەممە 22ی حوزەیران، یەکەم کارمەندی تەندروستی كەركوك گیانیلەدەستدا كە لە بەشی پەرستیاری نەخۆشخانەی گشتی كەركوك دەوامی دەكرد.
سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لە گیانلەدەستدانی ئەو دوو كارمەندەی تەندروستی و وتیشی "دەیانی تریش هەڵگری ڤایرۆسەكەن و لەژێر چادێریدان، دووكەسی تریش دووشەممە دوای ئەوەی گومانیان لێكراوە هەڵگری ڤایرۆسەكەبن، پشكنینیان بۆ كراوە و هێشتا ئەنجامەكەی نەگەڕاوەتەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیران، شانەی قەیران لە كەركوك چەند بڕیارێكی نوێی ئیداری دەركرد لە خاڵێكیاندا فەرمانگەی تەندروستی كەركوكی شەرپشككردووە لە دابەشكردن و گواستنەوە ئەو كارمەندانەی نایانەوێت لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك بمێننەوە.
ئەوەش دوای ئەوە هات شەممەی رابردوو 20ی حوزەیران، شانەی قەیران بڕیاریدا نەخۆشخانەی گشتی كەركوك تایبەت بكات بە توشبوانی كۆرۆنا، بەهۆی بەرزبونەوەی ئامارەكانی توشبوان.
بەپێی دواین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق كە دووشەممە بڵاوكرایەوە 749 حاڵەت لە كەركوك تۆماركراوە، لەو رێژەیە 27 كەس گیانیانلەدەستداوە و 212 كەسیش چاكبونەتەوە.